حەسەنی بەسڕی

حەسەنی بەسڕی

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-18-13:25:00 - کۆدی بابەت: 30
حەسەنی بەسڕی

ناوه‌ڕۆك

حەسەی بەسڕی کێیە؟

حەسەن کوڕی ئەبو حەسەنە، نازناوی ئەبو سەعیدی هەیە، لە ساڵی 22ـی کۆچیدا لەدایک بووە و یەکێک بووە لە تابیعەکان.

گەورەبوونی حەسەنی بەسڕی

حەسەنی بەسڕی لە کوێ گەورەبوو؟

حەسەنی بەسڕی لە کاتی خەلافەی هاوەڵی بەڕێز، عومەری کوڕی خەتاب لەدایک بوو، کاتێک ئوم سەلەمەی هاوسەری پێغەمبەر (د.خ) بەم هەواڵەی زانی، هەواڵی نارد بۆ ماڵی دایکیی منداڵەکە کە لەو کاتەدا لە حاڵەتی نیفاسدا بوو، خودای گەورە خۆشەویستیی ئەم منداڵەی خستە دڵی ئوم سەلەمەوە، بۆیە کاتێک دایکی حەسەنی بەسڕی دەچووە دەرەوە یان کارێکی هەبوو، لە لای ئوم سەلەمە منداڵەکەی بەجێدەهێشت، ئەویش شیری دەدایە، ئیتر ئەم منداڵە تێر شیری دایکی ئیمانداران (ڕ.خ)ـی دەخوارد بووە منداڵی شیریی.

حەسەنی بەسڕی لە ماڵی خێزانەکانی پێغەمبەر (د.خ) گەورە بوو، بۆیە تەنها کاتی لە لای ئوم سەلەمە بەسەر نەدەبرد، بەڵکو لە ماڵی هەموو دایکی ئیمانداراندا بووە، حەسەنی بەسڕی خۆی دەیگێڕێتەوە کە لە ماڵی ئەواندا یاری دەکرد و بازی دەدا و دەستی دەدا لە سەقفی ماڵەکان، بەم جۆرە حەسەنی بەسڕی لە خێزانەکانی پێغەمبەرەوە (د.خ) ڕەوشتە باشەکان و پەیامی وەرگرت، بەم شێوەیە هەندێک لە حیکمەتی وەرگرت و زمانی حیکمەتی لەسەر بوو.

ژیانی حەسەنی بەسڕی

حەسەنی بەسڕی چۆن ژیا؟

حەسەنی بەسڕی لە مەدینەدا گەورە بوو، لە ماڵەکانی دایکانی ئیمانداراندا دەژیا، هەروەها لە هاوەڵانەوە زانست و ئەدەبی وەرگرت، ڕەوشتی جوان بوو و ناوی لە نێو ناوی ئازا و شکۆمەندان بوو، ئەو چاوی لە پارە نەبوو، بەڵکو ژیانی بۆ زانست و فێرکردن تەرخان کردبوو، قەتادەی کوڕی حەسەنی بەسڕی دەگێڕێتەوە کە باوکی زاناترین کەس بووە دەربارەی حەرام و حەڵال لەو سەردەمەدا، هەروەها کەسێکی سینە فراوان بووە و تەنها خۆشەویستی خودا و پێغەمبەرەکەی و ئاشتیی لە دڵدا بووە، لە ماڵەکەیدا نە جێگەی خەوی لێ بووە و نە بەڕە، ئەوەی گرنگ بووە بە لایەوە زانست و فێرکردن و بڵاوکردنەوەی ئاین و ئیسلام و دروستکردنی ئەڵقەی زانستی بووە لە مزگەوتەکاندا.

سیمای حەسەنی بەسڕی

لایەنی ڕەوشتیی حەسەنی بەسڕی چۆن بووە؟

هاوڕێکانی حەسەنی بەسڕی دەگێڕنەوە کە پیاوێکی قۆزی ڕەوشت جوان بووە، سەرنجڕاکێش بووە بۆ خەڵکی و کەم و کوڕیی نەبووە، دەگێڕنەوە کە قۆزترین و بە هەیبەتترین کەسی بەسڕە بووە لەو سەردەمەدا، ئەوەی کە سیفەتی هەیبەت و جوانی ببەخشێت بە پیاو لەودا هەبووە، ئەسمەعی دەربارەی باوکی دەڵێت: هیچ کەسێکم نەبینیوە ئەوەندەی ئەو باسکی پان و فراوان بێت، باسکی دەگەیشتە بستێک.

سیفەتەکانی حەسەنی بەسڕی

ئەو تایبەتمەندیانە چی بوون کە حەسەنی بەسڕی هەیانبوو؟

  • ئازایەتی: حەسەنی بەسڕی لەسەر ئازایەتی پەروەردە بووە و هاوڕێیەتی ئازایانی کردووە، وەک ملهبی کوری ابي صفرة، لە پاڵ ئەمەشدا زۆر بەتوانا بووە و زۆر هەوڵدەر بووە لەپێناو خودادا.
  • زمانپاراوی: ابو عمرو بن العلاء دەربارەی دەڵێت کە زمانپاراوترین کەسی سەردەمەکەی بووە، تەنانەت لە حەجاج زمانپاراوتر بووە، تەنانەت حەجاجیش شایەتی ئەمەی بۆ داوە.
  • دنیا نەویستی: دنیا نەویستیی ئەو وەک ئەوە نییە کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە، جل و بەرگی خراپ و لاشەیەکی لاواز، بەڵکو دنیا نەویستیی ئەو ئەوە بوو کە دنیا لە ناو دەستیدا بوو نەک لە ناو دڵی، ئەو خۆی جوان دەکرد و خەنەی دەدا لە ڕیشی، جل و بەرگی هەمیشە جوان بووە و خواردنی باشی خواردووە، هەمیشە بۆنی خۆشی لێوە هاتووە و ماڵەکەشی بۆنی خواردنی خۆش و باشی لێوە هاتووە.
  • بەندایەتی: لە خودای گەورە ترساوە و زۆر بەڕۆژوو بووە، بۆیە ڕۆژانی دوو شەممە و پێنجشەمە و مانگە حەرامەکان بەڕۆژوو دەبوو، زۆر لە ترسی خودا دەگریا، زۆر خەمی دواڕۆژی بوو و زۆریش هیوای بە بەهەشت هەبوو، یەزیدی کوڕی حەوشەب دەلێت، کەسی نەدیوە هێندەی حەسەن و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز دڵتەنگ بن دەربارەی ئاگر، وەکو ئەوە وابوون کە ئاگر بۆ ئەوان دروستکرابێت.

پێگەی حەسەنی بەسڕی

ابو نعیم چۆن وەسفی حەسەنی بەسڕیی کردووە؟

حەسەنی بەسڕی پێگەیەکی بەرزی هەیە کە تەنها کەسی نەزان لە قەدری کەم دەکاتەوە، خەڵکی جیهان زۆر وەسفی دەکەن، ابو نعیم لە کتێبێکیدا دەڵێت: ''هەیە هاوپەیمانی ترس و دڵتەنگییە، لەگەڵ خەمخۆریدا ئاوێتەیە، کەم خەو و ماندو نەناس، ابو سعید الحسن بن ابی الحسن، فیقهزان و زاهید، خودا ناس و بەندە، دوور بوو لە جوانییەکانی دنیا، ویست و ئارەزووی نەفسیشی لەپێنابوو''، کاتێک عبد الملک بن سلمە خالیدی کوڕی صەفوانی بینی پرسیاری دەربارەی حەسەنی بەسڕی لێکرد، خالید گوتی: کەسێکە کە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوا کارە ئاشکرا و نهێنییەکانی، هەڵسوکەوتی درۆینەی نییە و موجامەلە ناکات لە کاتی قسەکردندا و درۆش لە زمانی نابیستی، عبد الملک گوتی: بەسە، گەلێک کە پیاوی وای تیابێت چۆن گومڕا دەبن.

ذهبی لە کتێبەکەیدا: ''سیر اعلام النبلاء'' دەڵێت، حەسەنی بەسڕی زاناترین کەسی سەردەمەکەی بووە، ئەبو قەتادەش دەڵێت: ''کەسم نەبینیوە بیر و ڕاکانی هێندەی حەسەنی بەسڕی لە عومەر نزیک بێت''، مەبەستی لە عومەری کوڕی خەتابە، هاوەڵان شایەتی زۆر باشیان بۆ دەدا لەبەر ئەو زانستەی کە هەیەتی و ئەو حەدیسانەی کە دەیگێڕانەوە، بۆیە حەسەنی بەسڕی خاوەن هەیبەت و شکۆمەند بوو لە ناو گەلەکەیدا، هاوەڵە گەورە و بەڕێزەکانی پێغەمبەر (د.خ) خۆشیان دەویست.

حەسەنی بەسڕی زانستی لە کێوە وەگرت؟

حەسەنی بەسڕی زانستە زۆرەکەی لە زۆر سەرچاوەوە لە هاوەڵەکان وەرگرت، دیارترینیان:

  • عبداللە بن عباس
  • انس بن مالک
  • جابر بن عبداللە
  • سمرة بن جندب
  • ابو بکرة الثقفي
  • عمران بن حصین.
  • النعمان بن البشیر
  • المغیرة بن شعبة
  • عمرو بن تغلب
  • معقل بن یسار

بەرهەمەکانی حەسەنی بەسڕی

ئایا حەسەنی بەسڕی هیچ بەرهەمێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە؟

  • حەسەنی بەسڕی کتێبێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە بریتییە لە ''فضائل اهل مکة والسکن فیها'' (باشییەکانی خەڵکی مەکە و نیشتەجێبوون تیایدا).
  • وەسێتەکانی حەسەنی بەسڕی.

دیارترین قسەکانی حەسەنی بەسڕی چییە؟

حەسەنی بەسڕی کۆمەڵە وەسێتێکی هەیە کە پڕن لە حیکمەت، لە دیارترینیان:

  • خراپترین هاوڕێ دینار و درهەمن، کە جێتدێڵن هیچ سوودێکیان نییە بۆت.
  • ئەو کەسەی دەزانێت کە مردن لە ڕێیەتی، قیامەت مەوعیدیەتی، وەستانیش لە بەردەم خودادا سیمایەتی، حەقە کە دڵتەنگبوونی زۆر بێت.
  • ئەی نەوەی ئادەم، کارەکانت، کارەکانت، کارەکانت گۆشت و خوێنتن، دە ئاگادار بە کارەکانت بە چی پڕ دەکەیتەوە.
  • ئەهلی لەخواترسان چەند نیشانەیەکیان هەیە پێی دەناسرێنەوە ڕاستگۆیی لە قسەدا، وەفاداری لە پەیماندا، بەهێزی لە سیلەی ڕەحمدا، بەزەیی بۆ لاوازەکان، شانازی نەکردن و لەخۆبایی نەبوون، کاری باش، کەمیی خۆ هەڵکێشان بۆ خەڵک، ڕەوشت جوانی، وە سینە فراوانی لەو کارانەی لە خودای گەورەت نزیک دەکاتەوە.
  • ئەی نەوەی ئادەم، ئاینەکەت ئاینەکەت، ئاینەکەت گۆشت و خوێنتە، ئەگەر ئاینەکەت سەلامەت بێت گۆشت و خوێنت سەلامەتن، ئەگەر وا نەبێت پەنا دەگرین بە خودا، ئەوە ئاگرێکی بەتین، برینێکی ساڕێژ نەبوو، ئەشکەنجەیەکی بێ کۆتا، نەفسێکی نەمر بۆ گۆشت و خوێنت.

هەڵوێستەکانی حەسەنی بەسڕی

دیارترین ئەو هەڵوێستانەی ئیمام حەسەن چین کە تۆمار کراون

لە ژیانی حەسەنی بەسڕیدا چەندین هەڵوێست هەبوون، لەوانە:

هەڵوێستی بەرامبەر حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی

حەسەنی بەسڕی شاهێدی کارەساتەکانی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی بووە، جارێکیان کۆمەڵێک هاتن بۆ لای حەسەنی بەسڕی ڕاوێژیان پێدەکرد دەربارەی هەستانەوە بە ڕووی حەجاجدا، حەسەنی بەسڕی پێی گوتن بەرامبەری مەبنەوە، ئەوانیش تاوان و لادان و خوێنڕێژییەکانی حەجاجیان بیرهێنایەوە، ئەویش وتی: ئەگەر حەجاج سزایەکی خودای گەورە بێت بۆ خەڵکی، ئەوا ئێوە بە شمشێر ناتوانن ڕووبەڕووی سزای خودا ببنەوە، ئەگەریش بەڵایەک بێت لە لایەن خوداوە، کەواتە سەبرتان هەبێت لەسەر ئەم بەڵایە هەتا خودا دادوەری خۆی دەنوێنێت لە نێوانتاندا و خوداش باشترین دادوەرە، کۆمەڵەکە بەگوێی حەجاجیان نەکرد و ڕووبەڕووی حەجاج بوونەوە و هەموویان کوژران.

هەڵوێستی بەرامبەر عمر بن هبیرة

کاتێک عومەری کوڕی هبیرة دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، ناردی بە شوێن حەسەنی بەسڕیدا بۆ ئەوەی ڕاوێژی پێبکات دەربارەی هەندێ کار، ئەمە بەڵگەیە لەسەر پێگە گەورەکەی ئەو پیاوە لە لای دەسەڵاتداران، عومەری کوڕی هبیرة پێی گوت کە یەزیدی کوڕی عبد الملک کۆمەڵێک فەرمانی پێ کردووە، بەڵام ئەگەر ئەم جێبەجێ بکات ئەوە  ئاینی لەناودەچێت و خۆی دەدۆڕێنێت، کەواتە چی بکات؟ حەسەنی بەسڕی زمانپاراویی و بەڵگە زۆرەکانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبکات دەربارەی جێبەجێنەکردن و خۆدزینەوەی لەم فەرمانانە.

پێی گوت: کاتێک پادشای زاڵم ئەمری خراپت پێدەکات، بیر لەو قەبرە تەنگەت بکەرەوە کە لە کۆشکە فراوان و گەورەکەتی بۆ جێدەهێڵیت، ئەوکات یەزید نە دەتوانێ ڕزگارت بکات و نە شەفاعەتت بۆ دەکات، هەروەها یەزید لەو ئاگرە ناتپارێزێ لەو ئاگر و ئەشکەنجەیەی خودا بۆ ستەمکارانی داناوە، تۆ هەرچەندە ڕوو بکەیتە ئەم دنیایە و بەرەو ڕووی بڕۆیت ئەو لێت ڕادەکات، بەڵام پشتی تێکە خودای گەورە دەتداتێ، چەند قەومت بیستووە هەرچەندە پشتیان لە دونیا کردبێ خودا ئاسان و بەرجەستەی کردووە بۆیان.
ئیدی عومەر دەستی بەگریان کرد و ئامۆژگارییەکەی حەسەنی بەسڕیی وەرگرت.

وەفاتی حەسەنی بەسڕی

حەسەن کە لەسەر جێگەی مردن بوو چیی دەبینی

حەسەنی بەسڕی لە ساڵی 110ـی کۆچیدا وەفاتی کرد، ئەمەش لە کاتی خۆرئاوابوونی ڕۆژێکی پێنجشەممەدا بوو، کاتێک لە مردن نزیک بوبوویەوە بورایەوە و کەسوکاری بەخەبەریان هێنایەوە، پێی وتن: من لە ناو بەهەشتێکی خۆش و شوێنێکی شکۆمەند بووم، ئێوە بەخەبەرتان هێنامەوە.


سەرچاوەکان

1645 بینین