محەمەد فاتح

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-05-25-22:22:00 - کۆدی بابەت: 62
محەمەد فاتح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوڵتان محەمەدی دووەم ناسراو بە محەمەد فاتح یان محەمەد فاتیح (بە عەرەبی: محمد الفاتح، بە ئینگلیزی: Mehmed II)، حەوتەمین سوڵتان و فەرمانڕەوای خێزانی عوسمانییەکان بوو. بۆ ماوەی سی ساڵ دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی گرتەدەست. ئەو سوڵتانە بوو کە لە ساڵی ١٤٥٣ فەتحی قوستەنتینیەی کردووە کە شاری ئیستەنبووڵی ئێستایە، هەموو ساڵێک لە ئیستەنبووڵ لە ٢٩ـی ئایار یادی ئەو بۆنەیە دەکەنەوە.

زانیاری گشتی

ناو

سوڵتان محەمەد فاتیح، محەدی دووەم

ساڵی لەدایکبوون

ساڵی ١٤٢٩

شوێنی لەدایکبوون

ئەدەرنە

ماوەی دەسەڵات

١٤٥١–١٤٨١

کۆچی دوایی

ساڵی ١٤٨١

شوێنی ناشتنی

ئیستەنبووڵ

سەرەتای ژیانی

محەمەد فاتح کوڕی سوڵتان موڕادی دووەمە و لە ساڵی ١٤٢٩ لە ئەدەرنە کە پایتەختی ئەو کاتەی عوسمانییەکان بوو لەدایکبووە. باوکی کە سوڵتان موڕادی دووەم بوو و شەشەم دەسەڵاتداری عوسمانییەکان بوو گرنگییەکی زۆری بە خوێندن و پەروەردەکردنی محەمەدی کوڕی داوە، فێری زمانەکانی لاتینی، عەرەبی، فارسی. عیبری و یۆنانی بووە.

زانستە ئیسلامییەکان نموونەی فیقهـ و زانستەکانی فەرموودە و قورئانی پیرۆزی خوێندووە. لەلای چەند زانایەکی سەردەمی خۆی فێری زانستە ئیسلامییەکان بووە، نموونەی "شێخ ئاک شەمسەدین" و مامۆستا "ئیسماعیل گۆرانی شارەزووری" کە زانایەکی کورد بووە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەسایەتی سوڵتان محەمەد جێهێشتووە، هەر لە تەمەنی لاوییەوە بیر و هزری ئیسلامییان لەلا خۆشەویست کردووە.

وەرگرتنی دەسەڵاتی

دوای کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی ١٤٥١ لە تەمەنی ٢٢ ساڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی گرتەدەست و بووە حەوتەم فەرمانڕەوای عوسمانییەکان. کەسایەتییەکی بەهێز و ژیری هەبوو، هەروەها کەسێکی دادپەروەر بووە. لە تەمەنی لاوییەوە باوکی ئیمارەتی ناوچەی ماگنیسیای پێداوە تاکوو لەو ڕێگەیەوە ئامادەی بکات بۆ دەسەڵات.

فەتحی قوستەنتینیە

ئامادەکاری ڕۆحی پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (قوستەنتینیە فەتح دەکەن، لەلایەن شازادەیەکەوە کە باشترین سوڵتان و شازادەکانە و سوپاکەشی باشترین سوپاکانە)، دوای هەشت سەدە لە وتنی ئەم فەرموودەیە قوستەنتینیە لەلایەن سوڵتان محەمەدی دووەمەوە فەتح کرا. سەرباری ئەوەی لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدەین عوسمانی کوڕی عەففان هەوڵی زۆری دا کە ئیسلام بگەیەنێتە ناوچەکە، هەروەها لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوانیش هەوڵەکانی چڕکردەوە تاکوو ئیسلام لە ناوچەکە بڵاوکاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
سوڵتان محەمەد هەر لە تەمەنی لاوییەوە لەلایەن مامۆستا "ئیسماعیل گۆرانی شارەزووری" کە بە "مامۆستای فاتح" ناسراوە لەگەڵ "شێخ ئاک شەمسەدین" ناسراو بە "ئیلهامبەخشی ڕۆحی محەمەد فاتیح"، بۆ جیهاد هاندراوە و ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە چەسپاندنی هێز و باوەڕبەخۆبوونی سوڵتان کە ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر ﷺ بچەسپێنن لە بیر و هزریدا و بەو هیوایەوە پەروەردە کرا کە ئەو فەرموودەیە مەبەستی لە سوڵتان محەمەد فاتیحە.

ئامادەکاری پێش هێرش و جەنگەکە

دوای وەرگرتنی دەسەڵات سوڵتان محەمەد هەنگاو بە هەنگاو ئامادەکاری بۆ فەتحی قوستەنتینیە کرد، "قەڵای ڕۆملی" لەسەر بسفۆر بنیاتنا، هەروەها گرنگی بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی دا و چەندان ئەندازیاری ناوداری سەردەمەکەی ڕاسپارد و توانیان تۆپهاوێژی سەردەمی و نوێ دروستبکەن کە لە ئەورووپا بوونیان نەبوو.
هاوکات گرنگی بە لایەنی کەشتییە سەربازییەکان داوە و نزیکەی ٤٠٠ کەشتی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر قوستەنتینیە دابینکردووە. لەلایەکی ترەوە سوڵتان پێش ئەنجامدانی جەنگەکە لەگەڵ نەیاران و دوژمندارەکانی چەند پەیماننامەیەکی ئاشتی واژۆ کرد، نموونەی ئیمارەتەکانی "مەجد" و "بوندوقییە" تاکوو هەموو ئامانجی لەسەر قوستەنتینیە بێت.

هێرشکردنە سەر قوستەنتینییە

شوێنی جوگرافی قوستەنتینییە لە سێ لاوە بە دەریا دەور درابوو، گەرووی بسفۆر و دەریای مەڕمەڕە و گۆڵدن هۆڵد لە سێ لاوە هاوسنووری بوون، چەندان تاوەری چاودێریکردن لە سنووری ناوچەکە بوو و لەلایەن بیزەنتییەکانەوە چاودێرییەکی چڕ دەکرا، شوێنە جوگرافییەکەی و پێکهاتە سروشتییەکانی ناوچەکە هێرشکردنە سەری قورس کردبوو. ڕێگای نێوان ئەدەرنەی پایتەختی عوسمانییەکان و قوستەنتینیە ڕێکخرا و زۆرێک لە چەک و تەقەمەنییەکان لەو ناوچەیەوە دەبرایە سنووری قوستەنتینیە و سوڵتان محەمەد خۆی سەرپەرشتی ئامادەکارییە سەربازییەکانی دەکرد. بیزەنتییەکان کە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای قوستەنتینیە بوون ژمارەیەک زۆر سەربازیان له سنوورەکانیان بڵاوکردبووەوە. سوڵتان محەمەد لە چەند لایەکەوە بە بەکارهێنانی کەشتی سەربازی و تۆپهاوێژ گەمارۆی ناوچەکەی دا.

فەتح کردن و کەوتنی دەسەڵاتی بیزەنتییەکان

لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەشەو لە بەرواری ٢٩ـی ئایاری ساڵی ١٤٣٥ لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە سەرکردایەتی محەمەدی دووەم هێرشکرا، ژمارەی سەربازە عوسمانییەکان ٢٦٥ هەزار کەس بوون، توانا و هێزی عوسمانییەکان زیاتر بوو و توانیان ڕاستەوخۆ بچنە نێو قوستەنتینیە، زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە کڵێساکانیان وەکوو پەناگە بەکارهێنا بوو، سوڵتان محەمەد فاتیح یەکەم شوێن سەردانی کڵێسای "ئایا سۆفیا"ـی کرد کە بەپێی چەند سەرچاوەیەک کڵێساکەی لە ڕەبەنەکانی کڕییەوە و فەرمانی گۆڕینی دا بۆ مزگەوت کرامبە مزگەوتی ئایا سۆفیا.

دوابەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بیزەنتییەکان بەشێکی دانیشتووان بڕیاری موسڵمانبوونیان دا، ئەو بەشەشی کە لەسەر ئایینی خۆیان مانەوە عوسمانییەکان بە مەرجی باجپێدان ئازادیکردن لە پەیڕەوی کردن و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بە ئازادی.

گرنگترین کارەکانی محەمەدی دووەم

  1. فەتح کردنی قوستەنتینیە و کۆتاییهێنان بە دەسەڵات و ئیمبراتۆرییەتی بیزەنتییەکان کە ماوەی یازدە سەدە دەسەڵاتی ناوچەکانی ڕۆمانیای ڕۆژهەڵاتیان هەبوو.
  2. فراوانکردنی داگیرکارییەکانی عوسمانی بەتایبەتی لە ناوچە جیاجیاکانی ئاسیا، دوورگەکانی یۆنان و وڵاتانی بالکان.
  3. یەکخستنی ناوچەکانی ئەنادۆڵ.
  4. گرنگی تەواوی بە زانست و فێربوون داوە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خوێندنی کردووە بە خۆڕایی و خوێندنگە و فێرگەی دامەزراندووە.
  5. گرنگیدان بە وەرگێڕانی زانستی کولتوورەکانی تر، دامەزراندنی چەند کۆمەڵە و گرووپێکی وەرگێڕان کە کاریان لەسەر وەرگێڕانی فارسی، عەرەبی و لاتینی کردووە بۆ سەر زمانی تورکی.
  6. گرنگیدان بە تەلارسازی و بنیاتنان، چەندان نەخۆشخانه و کۆشک و مزگەوتی کردەوە، دوای فەتح کردنی قوستەنتینیە گرنگییەکی تەواوی بە تەلارسازی ناوچەکە داوە، مزگەوتی"ئایا سۆفیا" کە تاکوو ئێستاش بوونی هەیە لە کڵێساوە کردی بە مزگەوت، هەروەها نزیکەی ١٩٣ مزگەوتی بنیاتنا نموونەی مزگەوتی فاتح و مزگەوتی ئەبووئەیوبی ئەنساری کە تا ئێستاش لە ئیستەنبووڵ ماون.
  7. ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵات.

کۆچی دوایی

سوڵتان محەمەد فاتح لە سێی ئایاری ساڵی ١٤٨١ لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد لە ئیستەنبووڵ نێژراوە، بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ فەرمانڕەوای عوسمانییەکان بوو.


سەرچاوەکان



3387 بینین