رێنمایی تەنسیبی فەرمانبەران

له‌لایه‌ن: - فتحی مستەفا کاخدر - به‌روار: 2020-08-10-14:54:00 - کۆدی بابەت: 344
رێنمایی تەنسیبی فەرمانبەران

ناوه‌ڕۆك

رێنمایی میلاک ژمارە 23ى ساڵی 1979

 

مادەى یەکەم

وەزیری دارایی لە سەرەتای ساڵی دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسند دەکات لە هەموو وەزارەتەکان و فەرمانگەکان بە پێی پێویستی بۆ خزمەتیان و کاروبارەکانی پێویست بۆ بەجێ گەیاندنی کارەکان و فەرمانبەران دیاری دەکرێن لە پلە پەسند کراوەکان بۆ هەڵسانیان بەو کارانەى کە تەنیا لەو وەزیفانە دیاری کراوە، لە سەر ئەم بنەمایە ناکرێت فەرمانبەر تەنسیب بکرێت بۆ هەڵسانی فەرمانبەر بە هەندێک کار کە جیاواز بێت لە کاری وەزیفەکەى وەکو: هەڵسانی مامۆستای دواناوەندی بە کاروبارەکانی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یان هەڵسانی مامۆستای سەرەتایی بە کاری نووسین یان ژمێریاری، ئەگەر وا پێویست بکات بۆ ئەم رێوشوێنە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ راست کردنەوەى میلاک بە پێی مادە 3ى یاسای میلاک، جگە لە حاڵەتە پێویستەکان کە دەکرێت تەنسیبەکە بکرێت بە رەزامەندی وەزیری تایبەتمەند لە نێوان فەرمانگەکانی هەر وەزارەتێک و بە رەزامەندی هەردوو وەزیری تایبەتمەند لە نێوان وەزارەت و وەزارەتێکی تر بەم شێوەیەی خوارەوە.

 

تەنسیب کردنی مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی

1 - تەنسیبی مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی ئەوانەى خاوەنی  توانای تایبەتن و چڕ دەکرێنەوە لەو حاڵەتانەى کە چارەسەر ناکرێن بە گواستنەوەیان، بۆ کار کردن لە نێوان فەرمانگەکانی یەک وەزارەت یان لە نێوان فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ- کارکێڕی خۆجێیەتی و وەزارەتی پەروەردە.

2 - دەکرێت هەڵگرانی بڕوانامە باڵای ماستەر بەرەو سەرەوە تەنسیب بکرێن بۆ کار کردن لە ناوەندەکانی سەرکردایەتی (المراکز القیادیة) لە وەزارەتی پەروەردە.

 

ماوەی تەنسیب کردنی مامۆستایان

3 – دەبێت ماوەى تەنسیبەکە لە هەموو حاڵەتێکدا لە 2 ساڵ تێپەڕ نەبێت دەربارەى مامۆستایان و تەنسیبەکە بۆ ماوەی یەک ساڵە لە دەسپێکی رەزامەندی وەزیری تایبەتمەند یان هەردوو وەزیری تایبەتمەند، هەروەها درێژ کردنەوەى ئەم ماوەیە بۆ ساڵێکی تر. دەسەڵاتی درێژ کردنەوەى ماوەی تەنسیبەکە دەبێت بەکار بهێندرێت لە حاڵەتی زۆر پێوستدا و دەبێت وەزارەتەکەى یان فەرمانگە تایبەتمەندەکەى تەنسیبەکە کۆتایی پێ بهێنێت لە کاتی نەمانی هۆیەکانی تەنسیبەکە یان پڕ کردنەوەى پلە بەتاڵەکە لە کاتی دامەزراندن.

4 – دەبێت تەنسیبی هاتوو لە سەرەوە پەیوەندی هەبێت بە پسپۆری و کارەکانی فەرمانبەرە تەنسیب کراوەکە.

5 - فەرمانگەى سوودمەند دەبێت مووچە و دەرماڵەکانی تەنسیب کراو لە ئەستۆ بگرێت بە درێژایی ماوەى تەنسیبەکەى.([1])

6 - فەرمانگەى پەیوەندیدار پابەندە بە کۆتایی هێنان بە تەنسیبی مامۆستایانی سەرەتایی و دواناوەندی، ئەوانەى کە ماوەى تەنسیبەکەیان لە دوو ساڵ بەرەو سەروو لە رێکەوتی جێبەجێ کردنی ئەم رێنماییە.

7 - نابێت کاری هیچ مامۆستایەکی سەرەتایی یان دواناوەندی بگۆڕدرێت بە شێوازێک کە پێچەوانەى ئەم رێنماییە بێت وەکو راسپاردن و فەرمان پێدانی و ئینتیداب کردنی بە کارێکی تایبەتی لەم جۆرانە، فەرمانبەری بەرپرس دەبێت مووچە پێدراوەکان بەو کەسەی راسپێردراوە بەم شێوازە راسپاردانە، لە ئەستۆ بگرێت لە ماوەى ئەم راسپاردنە سەرباری سزا کارگێڕییەکان.

 

تەنسیبی فەرمانبەران

1 – دەکرێت فەرمانبەر تەنسیب بکرێت لە نێوان فەرمانگە فەرمییەکان.

2 –دەکرێت فەرمانبەر تەنسیب بکرێت لە فەرمانگە فەرمییەکانەوە بۆ فەرمانگە نیمچە فەرمییەکان یان بە پێچەوانەوە.

3 –دەکرێت فەرمانبەر تەنسیب بکرێت لە نێوان فەرمانگە نیمچە فەرمییەکان ئەگەر هاتوو میلاکیان هاوشێوە بوو و ملکەچی یەک یاسا یان سیستەم یان بنەماکانی خزمەتى شارستانی یان ئەگەر لە نێوان یەک وەزارەت بن.

 

ماوەی تەنسیب کردنی فەرمانبەران

4 – ماوەى تەنسیب کردن نابێت لە (3) ساڵ تێپەڕ بێت دەربارەى فەرمانبەران لە هەموو حاڵەتێکدا و تەنسیبەکە بۆ ماوەى یەک ساڵ دەبێت لە دەستپێکی رەزامەندی وەزیری سەرەوە بە مەرجێک ئەم دەسەڵاتە (واتە دەسەڵاتی درێژ کردنەوە) بەکار بهێندرێت لە مەودایەکی زۆر تەسک و لە کاتی پێویست و دەبێت وەزارەتەکەی یان فەرمانگە تایبەتمەندەکە کار بکات بۆ کۆتایی هێنان بە تەنسیبەکە لە کاتی نەمانی هۆیەکان و پڕ کردنەوەى پلەبەتاڵەکان لە دامەزراندن.

5 - فەرمانگەى سوودمەند، مووچەکانی فەرمانبەری تەنسیب کراو لە ئەستۆ دەگرێت لە حاڵەتەکانی 1 و 2 و 3ى سەرەوە

بە درێژایی ماوەى تەنسیبەکەى.

 

تێبینی: بەپێی دوایین ڕێنمایی دارایی ماوەی تەنسیب کەمکراوەتەوە بۆ دوو ساڵ

 

تێبینی:بە پێی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە 1ى ساڵی 2010 کە پاڵپشتە بە گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بە نووسراویان ژمارە 856 لە 14/1/2009، ساڵی یەکەم مووچە و دەرماڵەکانی لە لایەن فەرمانگە بنەڕەتییەکەیەوە خەرج دەکرێت، ئەگەر بۆ 1 یان 2 ساڵی تر درێژ کرایەوە ئەوا خەرج کردنی مووچە و دەرماڵەکانی دەکەوێتە سەر بودجەى فەرمانگەى سوودمەند لە تەنسیبەکە

 

مادەى دووەم

 فەرمانگەى پەیوەندیدار پابەندە بە کۆتایی هێنان بە تەنسیبی فەرمانبەران ئەوانەى کە ماوەى تەنسیبەکەیان لە سێ ساڵ زیاترە لە رێکەوتی جێبەجێ کردنی ئەم رێنماییە.

 

پڕکردنەوەى پلە بەتاڵەکان بە حاڵەتی تەنسیب و ئینتداب و خواستن

مادەى سێیەم

نابێت پلەى بەتاڵ پڕ بکرێتەوە لە میلاکاتی پەسند کراو لە رێگای ئینتیدابی فەرمانبەر لە فەرمانگەیەکی تر یان لە رێگای خواستن یان تەنسیب تەنیا لە حاڵەتی زۆر لەناکاو نەبێت بە پێی بنەماکانی کە لەم رێنماییە هاتوون، و هەروەها بە پێی حاڵەتەکانی هاتوو لە یاسا تایبەتەکان وەکو یاسای خزمەتی دادوەری.

 

پڕکردنەوەى پلە بەتاڵەکان بە پسپۆری جیاواز

مادەى چوارەم

نابێت پلەى بەتاڵ پڕ بکرێتەوە کە پێویستی بە توانای زانستی دیاری کراو هەیە یان بڕوانامەى خوێندنی تایبەت کە هیچ پەیوەندییەکی بە پسپۆرییەکەى نەبێت یان خوێندنەکەى لە وەزیفە ئاماژە پێکراوەکە وەکو (دامەزراندنی دەرچووی کۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووری بە وەزیفەى یاریدەدەری کیمیاوی یان دامەزراندنی دەرچووی کۆلیژی ئەندازیاری بە وەزیفەى یاریدەدەری فیزیاوی).

 

تەنسیب کردنی فەرمانبەر بۆ پلەیەک خوارتر لە پلە بنەڕەتییەکەى

مادەى پێنجەم

 نابێت فەرمانبەر تەنسیب بکرێت بۆ وەزیفەیەک کە ئاستی نزمتر بێت لە ناونیشانی وەزیفەکەى وەکو: تەنسیب کردنی بەڕێوەبەری بەش بۆ وەزیفەی تێبێنەر یان ژمێریار بۆ وەزیفەى نووسەر.

مادەى شەشەم

هەڵوەشاندنەوەى رێنماییەکانی میلاک ژمارە 3ى ساڵی 1960 و 5ى ساڵی 1962 و 6ى ساڵی 1962 و 7ی ساڵی 1964 و 8ی ساڵی 1968 و 9ی ساڵی 1968 و 10ى ساڵی 1968 و 12ى ساڵی 1969 و 13ى ساڵی 1969 و 14ى ساڵی 1969 و 15ى ساڵی 1969 و 16ی ساڵی 1971 و 17ى ساڵی 1972 و 18ى ساڵی 1973 و 20ى ساڵی 1977.

مادەى حەفتەم

ئەم رێنماییە جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی بڵاو کردنەوەى لە رۆژنامەى فەرمی.

 

پەراوێزەكان

[1] تێبینی: بە پێی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە 1ى ساڵی 2010 کە پاڵپشتە بە گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بە نووسراویان ژمارە 856 لە 14/1/2009، ساڵی یەکەم مووچە و دەرماڵەکانی لە لایەن فەرمانگە بنەڕەتییەکەى خەرج دەکرێت، ئەگەر بۆ ساڵێکی تر درێژ کرایەوە ئەوا خەرج کردنی مووچە و دەرماڵەکانی دەکەوێتە سەر بودجەى فەرمانگەى سوودمەند لە تەنسیبەکە.

 


سەرچاوەکان



3613 بینین