گــەلاوێژ ده‌کەوێت یان گه‌لاوێژ دەئەنگوێت واتای چییه‌

له‌لایه‌ن: - به‌رزان ئه‌یوب نامیق - به‌روار: 2020-08-14-18:02:00 - کۆدی بابەت: 357
گــەلاوێژ ده‌کەوێت یان گه‌لاوێژ دەئەنگوێت واتای چییه‌

ناوه‌ڕۆك

گــــەلاوێژ ده‌کەوێت یان دەئەنگوێت واتای چییه‌

گەلاوێژ کەوتن یان ئەنگوتن ، واتا ئەستێرەی گەلاوێژ لەئاسمان بەدیارکەوت ، ساڵانە لە 5\8 هەموو ساڵێک ئەستێرەی گەلاوێژ دەکەوێت یان دەئەنگوێت ، ئەمەش نیشانەی فێنک بوونە بە تایبەت لە شەوان وە تا ڕادەیەک کۆتایی بە گەرما دێت . ساڵانە لە دوای ڕۆیشتنی 45 ڕۆژ لە وەرزی هاوین لەشەوی 5 ـی 8 ، ئەستێرەی درەوشاوەی گەلاوێژ لەئاسمان دەردەکەوێت و بەخێرایی بەئاسماندا تێدەپەڕێت , لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ ، شەوانە کەش و هەوا فێنك دەبێت و ، مزگێنی نەمانی گەرمای هاوین و فێنکبونی کەش و هەوا بەخەڵك دەدات . لەکۆندا کاتێك گەلاوێژ دەئەنگوت، خەڵك پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکرد ، وەك مژدەی سەرکەوتن بەسەر گەرمای هاوین پێناسەیان دەکرد ، بەڵام ئێستا نەك هەر پێشوازی لێ ناکرێ ، بەڵکو کاتەکەشی نازانن .

ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ 

ئەستێرەی گەلاوێژ یەکێکە لە درەوشاوەترین ئەستێرەکان قەبارەکەی دوو ئەوەندەی خۆرە ، ڕوناکیەکەشی 26 جار لەڕوناکی خۆر زیاترە ، بەڵام لەبەر ئەوەی نۆ ساڵی تیشکی لەخۆرەوە دوورە ، هەربۆیە ڕوناکیەکەی ناگاتە زەوی . ئەستێرەی گەلاوێژ لە کۆئەستێرەی سەگی گەورەیە Canis Major ، گەشترین و روناکترین ئەستێرەیە لە ئاسمانی زەوی بە ئینگلیزی پێی دەڵێن سیریەس (sirius)  لە یۆنانی بەمانای بریسکانەوە دێت هەروەها سەگی گەورەشی پێدەڵێن بە عەرەبیش پێیدەڵێن (الشعرى اليمانية) لە قورئانی پیرۆزدا بەم شێوەیە ناوی هاتووە: ﴿وَأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَى﴾ (النجم:49)

نیشانه‌ دیاره‌كانی گه‌لاوێژكه‌وتن

  • لەگەڵ ئەنگوتنی گەلاوێژ ، چەند نیشانەیەك هەن بەئاشکرا هەستیان پێدەکرێت .
  •  هەردوو باڵندەی پەڕەسێلکە و حاجی لەق لەق کۆچ دەکەن بۆ خوارو و باشور ، بەڵام باڵندەی پەپوو سلێمانکە بەپێچەوانەی ئەو دوو باڵندەیە هەر کەهەستی بە نزیکبونەوەی گەلاوێژ کرد ، دێتە جێگای ئەوان و شوێنیان دەگرێتەوە .
  • هەر دارێكیش گەڵای وەریبێت لەتینوان دوای گەلاوێژ دووبارە چرۆ دەردەکاتەوە ، زەویش دەخوسێت و باشتر ئاو ڕادەکێشێت ، باغ و بێستان و شینایەتیش ئاوێکی کەمتریان دەوێ .
  •  پێش گەلاوێژ ، کاتێك دارێك دەبڕی بە ئاسانی توێکڵی لێ دەبێتەوە ، بەڵام دوای گەلاوێژ بەزەحمەت توێکڵی لێ دەبێتەوە .
  • لەکۆندا کاتێك ئەستێرەی گەلاوێژ دەردەکەوت ، دەیانگوت منداڵینە چی دیکە مەللـەی مەکەن و خۆتان هەڵمەیەنە ناو ئاوێ گەڵاوێژ ئەنگوتووە نەخۆش دەکەون .
  • ئەگەر گەلاوێژ ئەنگوت ئیتر وەختی مازوانە ، خەڵك دەچنە ناو لێڕی و مازوان دەکەن .
  • ژن و مێرد و مەڕو ماڵاتیش هەستی پێدەکەن و دوای ئەنگوتنی گەلاوێژ لەشەواندا لەیەکتر نزیکدەبنەوە ، ئەوەش نیشانەی فێنکبوونی کەش و هەوایە .
  • دوای هەڵهاتنی گەلاوێژ میوەی ترێ تامی شیرین دەبێ و پێدەگات .

گه‌لاوێژ له‌ مێژوودا 

گەلاوێژ ناوە بۆ مێینە هەر لە سەردەمی سۆمەری تا ساسانیەکانیش وەکو خواوەندی جوانی وپیت بەرەکەت ناسراوبووەو هەر خواوەندێکی مێینەش بووە . لای سۆمەری وئەکەدی ئانیننا کە ناوی نەنەی کوردیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە واتە دایەی مەزن ولای ڕۆم بە ڤینۆس و لای ساسانی و هاخامنشییەکانیش بە ئاناهیتا ناوی هاتووەو بنکەی پەرستگەی لە هەمەدانی ئەمڕۆ بووە . خواوەندەکانی کۆن زیاتر پەیوەست بوون بە سروشت و ژینگە و کەشوهەواوە ، خودای ئاسمان و عەردو رەشەباو باران و هتد ...

ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ لای گه‌لانی جیاواز

گەلاوێژ لە کۆنەوە لەلایەن یۆنانیەکانەوە تۆمارکرابوو هەروەها لە لای زۆربەی گەلان ناسراوە لەلای میسریە کۆنەکان کاتی یەکەم بەدیارکەوتنی گەلاوێژ سەری ساڵ بوو پێیان دەگووت ئەستێرەی نیل چونکە هەمیشە کە بەدیاردەکەوت ڕوباری نیل هەڵدەستاو ئاگاداری دەکردنەوە لە هاتنی لافاو هیندیەکان پێیان دەگووت ساڤانا یان سەگی شازادە یودهیستیرا Prince Yudhistira وە ئەفسانەیەکی دورو درێژ لەسەر شازادە و ئەستێرەی گلاوێژ هەیە هەروەها لە لای فارسەکان و زەردەشتیەکان بە هۆکاری باران و بە پیتی زەوی دێت .

گه‌لاوێژ له‌ كورده‌واریدا

له‌ کورده‌واریدا، له‌ هه‌ردوو وه‌رزی زستان‌و هاویندا، وشه‌ی چله‌ هه‌یه‌و له‌ چله‌ی زستاندا سه‌رماو سۆڵه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌و " چله‌ شۆر" وه‌کو ئاماژه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رماو سۆڵه‌و به‌ره‌و گه‌رمبوونی که‌ش‌و هه‌وا به‌کار دێت، له‌ چله‌ی هاوینیشدا پله‌ی گه‌رما ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌و که‌وتنی " گه‌ڵاوێژ"یش وه‌کو که‌مبوونه‌وه‌ی گه‌رماو فێنکبوونی که‌ش‌و هه‌وا ئاماژه‌ی پێده‌درێت

.لەنیوەی وه‌رزی هاویندا کە بەزۆری دەکاتە. 5ی مانگی 8یی هەموو ساڵێک‌و ناوڕاستی مانگی خه‌رمانان، زۆرێکیش ده‌ڵێن له‌ نێوان 5ی مانگی 8 تا 10ی مانگی 8، بەدەرکەوتنی ئەستێرەیەکی گەش له‌ نێوان ڕۆژهه‌ڵات‌و باکوری ئاسمانداو فێنکبوونی شەوانی هاوین دەوترێت گەلاوێژ کەوتن، ئەم حاڵەتەش ڕێک دوای نیوەی دووەمی هاوین دێت، کەلە هەمان کاتدا نیوەی دووەمی " چلە"ی هاوینیشە.

به‌پێی ئه‌زموون‌و پێوه‌ری پیاوان‌و ژنانی دونیا دیده‌، گەلاوێژ ئەستێرەیەکی گەش‌و پرشینگدارەو به‌خێرایی به‌ ئاسماندا تێپه‌ڕ ده‌بێت‌و به‌ هه‌ڵهاتن‌و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌، ئیدی گەرما ڕوو لە کزی دەکات، به‌تایبه‌ت له‌شه‌واندا دونیا فێنک ده‌بێت هه‌روه‌ها لەلای کوردیش بە هۆکاری فێنکبوونی کەش و هەوا دادەنرێت .هەر بۆیە لەکۆنەوە گوتویانە :- دوای گەلاوێژ ترێ ، بەتامتر ئەخورێ ،
یان گەلاوێژ کەوتە بەر شەوێ ، دەست بەرە لۆ باخەڵی مێوێ .


سەرچاوەکان



4800 بینین