بەرهەمی نەتەوەیی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-23-16:25:00 - کۆدی بابەت: 406
بەرهەمی نەتەوەیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەرەتا پێویستە بیرمان بێتەوە (بەرهەمهێنان) بریتییە لە دروستكردنی سوود یان زیادكردنییەتی و لەو چالاكییانەدا دەردەكەوێت كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات بە ئامانجی پڕكردنەوەی پێداویستییە روو لە زیادبووەكانی خۆی. بۆیە (هەركاتێك ببێتە هۆی دروستكردنی سوودێك و پێداویستییە مرۆییەكان پڕ بكەنەوە بەكاری بەرهەمهێن دادەنرێت هەرچەندە ئەگەر شێوەیەكی مادیشی نەبێت، بۆ نموونە پزیشك و ئەندازیارو مامۆستا و پارێزەر....هتد) بە بەرهەمهێن دادەنرێن، چونكە سوودێك دەبەخشن و پێویستییەكی مرۆیی پڕ دەكەنەوە.

بەرهەمهێنانی شمەك و كارگوزارییەكان ئامانجێكی سەرەكییە كە مرۆڤ هەوڵ دەدات گەشەی پێبدات، چونكە پەرەسەندنی ئەم چالاكییە(بەرهەمهێنانە)یان دواكەوتنی ڕادەی پەرەسەندنی ئابووری نەتەوەیی دواكەوتنی دەستنیشان دەكات، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەتەوە و نزمبوونەوەی، بە ڕادەی گەشەكردن و پێشكەوتنی كەرتەكانی بەهەمهێنانەوە بەستراوە.

بەڵام (بەرهەمی نەتەوەیی) زاراوەیەكە (بە قەبارەی لێشاوی ئەو شمەك و كارگوزارییە تەواوانە دەوترێت كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا كە بە زۆری ساڵێكە بەرهەمهێنراون و پێشی دەوترێت (تەوژمیشمەك)).

تێبینی ئەوەش دەكرێت كە بەرهەمی نەتەوەیی تەنها شمەك و كارگوزاری تەواو دەگرێتەوە (تەواو دروست كراو) كە ئاڕاستەی پڕكردنەوەی پێداویستییەكان كراوە، واتە شمەكە ناوەندییەكان و شمەكە نیمچە دروستكراوەكان ناگرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی دووربكەوینەوە لەو هەڵەیەی پێی دەوترێت دووجار حسابكردن، چونكە هەموو شمەكێك لە كاتی چالاكی بەرهەمهێناندا بە چەند قۆناغێكی جۆراو جۆردا تێدەەپەڕێ لە سەرەتادا لە شێوەی یەكەمیدا كەرەستەی خاوە و دەگۆڕێت بۆ شمەكی ناوەندیی هەتا دەبێـە شمەكێكی تەواو دروستكراو، بۆ نموونە نان شمەكێكی تەواو دروستكراوە و ئامادەیە بۆ بەكاربردن، بەرهەمهێنانی نانەكە بە چەند قۆناغێكدا دەڕوات، لە سەرەتاوە گەنم وەك كەرەستەیەكی خاو و ئارد وەك كەرەستەیەكی ناوەندی لە بەرهەمهێنانی نانەكەدان و بۆ ئەوەی بەهای شمەكەكە لە جارێك زیاتر حساب نەكرێت، ئەوا بەرهەمی نەتەوەیی تەنها شمەكی تەواو دەگرێتەوە كە لە نموونەكەماندا نانەكەیە و لە پاشاندا ئەوانەی بەكارهێنراون لە بەرهەمهێنانی شمەكەكەدا دەچنە چوارچێوەی بەهای شمەكە تەواوەكە.

تێبینی: خزمەتگوزارییەكانی خوێندن و بەرگری تەندروستی بە خزمەتگوزاری نیمچە دروستكراو دداەنرێن، چونكە پێویستییەكن لە پێداویستییەكانی چالاكی بەرهەمهێنان.


سەرچاوەکان



4368 بینین