کۆئەندامی هەناسە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-03-01:30:00 - کۆدی بابەت: 441
کۆئەندامی هەناسە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەناسەدان دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێن ئۆکسجینی پێویستی خۆی بۆ بەدەست هێنانی وزە وەربگرێت، وە هەروەها دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەکاتە دەرەوە، کۆڵەی سنگ و پەراسووەکان و کڕکڕاگەییەکانی نێوان پەراسوەکان بەرفراوان بوونیان ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی هەوا دەدەن کە لە کونی زوڕنا پاشان بۆری هەوا و لەوێشەوە بۆ سییەکان بڕوات، ئەم هەوایەش لە ڕێگەی دەم یاخود لووتەوە وەردەگیرێت. کۆئەندامی هەناسەش تاکاتێک کە مرۆڤ لە جگەرەکێشان و هەوای ئالوودە دوور بکەوێتەوە بە باشی کاردەکەن ئەوانەش بە پێچەوانەی جگەرە کێش و لە هەوای ئالودەدا دەژین هۆکاری ئەوەی کە بۆڕیچکە هەواکانی ناو سیەکان تووشی ئیلتیهابی درێژخایەن ببن، ملولەی بچووکی خوێن کە لە ناو لوتدا هەن دەبنە هۆکاری گەرم بوونی ئەو هەوایەی کە لە کونی لووت دەچێتە ژوورەوە و هەروەها مووی وردی ناو لوت تۆز و خۆڵی هەوا دەپاڵێوێت و ناهێڵێت بچێتە ناویەوە لە کاتی هەناسە وەرگرتن کڕکڕاگەییەکانی کۆڵەی سنگ و پەراسووەکان بەرز دەبێتەوە بەڵام لە کاتی هەناسەدانی نزم دەبنەوە. سییەکان لە ملیۆنەها تورەکەی بچووک پێکهاتوون لە ناوەوە کە پێیان دەگوترێت تورەکەی هەوا دەبنە هۆی گۆڕینی ئۆکسجین بە (CO2) لە کاتی کرداری هەناسەدان و هەناسەدانەوەدا ئەم کردارەش بەهۆی ملولەی بچووکی خوێنەوە ئەنجام دەدەن. بەربڵاوترین نەخۆشی لە کۆئەندامی هەناسەدا ئیلتیهاب کردنی سییەکانە کە نیشانەکانی کۆکە دەبێت یاخود ئێشانی قوڕگ یان سینگ ئێشە کە زیاد لە حەدیان بەڵغەمی دەبێت، کۆکەش یەکێکە لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەم نەخۆشیە. ئەگەر دەزگای هەناسە بەتوندی زیان مەند بێت ئەوا تەنگە نەفەسوو ڕوودەدات.

هەناسەدان

كۆئەندامی هەناسە دوو كرداری، هەناسەدانی دەرەوە و هەناسەدانی ناوەوەیە. هەناسەدانی دەرەوە، ئاڵوگۆڕی گازەكانە لە نێوان زەپۆشی دەرەوە و خوێن. بەڵام هەناسەدانی ناوەوە ئاڵوگۆڕی گازەكانە لە نێوان خوێن و خانەكانی لەش. كاتێك ئۆكسجین دەگاتە خانەكان، بەكاری دێنن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گلوكۆز و دروستبوونی ATP لە ڕێی كرداری با هەناسەوە. بەڵام لە نەبوونی ئۆكسجیندا، لەش ناتوانێت وزەی تەواو بەدەستبهێنێت تا بە زیندووی بمێنێتەوە. بەڵام دوانۆكسیدی كاربۆنی زیادەش كە لە باهەناسەوە پەیدا دەبێـت، ژەهرە بۆ خانەكان، وە لە ڕێگەی هەناسەدانی ناوەوە دەیكاتە دەرەوە.

سییەكان

سییەكان ئەوانە شوێنی ئاڵوگۆڕی گازەكانن لە نێوان زەپۆشی دەرەوە و خوێندا، سی ڕاست سێ بەشە یان سێ پلە، كەمێك لە سی چەپ قورسترە كە دوو پلە. سییەكان دەكەونە ناو سنگەكەلێن و پەراسووەكان و ناوپەنچك دەوریان دەدەن. پەردەییەكی دووتوێ سییەكان دادەپۆشێت و پێیدەڵێن پلورە. ئەم پەردەیەش شلەیەك دەردەدات ئەو لێكخشانە كەمدەكاتەوە كە لە جووڵەی سییەكانەوە پەیدا دەبێت لەكاتی هەناسەداندا.

ڕێبازی هەوا

بە دوای ڕێبازی ئەو هەوایە بكەوە كە لە زەپۆشی دەرەوە  بۆ ملوولەكانی خوێنی سیەكان دەگوازرێتەوە. كرداری هەناسەدانی دەرەوە لە دەم و لووتەوە دەستپێدەكات، هەوا بە هۆی مووەكانی (كوڵكەكانی) لووتەوە لە وردیلە هەڵواسراوەكان پاك دەكرێـەوە، هەوا بەهۆی لینجە پەردەكانی كەلێنی لووتەوە، گەرم و شێدار دەكرێت.

لە دواییدا ئەو هەوا شێدارەی كە پاككراوەتەوە بۆ گەروو دەگوازرێتـەوە، كە ئەویش بۆرییەكە، دەكەوێتە كۆتایی هەردوو لووتە كلێن و دەم، گەروو ڕێڕەوێكی هاوبەشە بۆ خۆراك و هەوا بەیەكەوە. هەوا لە گەروەوە بۆ قوڕگ دەگوازرێتەوە، كە پارچە كڕكڕاگەیەك بەسەریدا دەنوشتێتەوە، پێی دەڵێن زمانەی زورنایی. كاتێك خۆراك قووت دەدرێـت، پاڵ بە زمانەی زوڕناییەوە دەنێت بۆ خوارەوە و كونی ڕێڕەوی هەوا دادەپۆشێت، وە ڕێ لە چوونە ژووەرەوەی خۆراك دەگرێت بۆ ڕێڕەوەكانی هەوا. لە سەرەوەی قوڕگدا دەنگەژێ هەن لەكاتی دەرچوونی هەوا لە سییەكان، دەنگە ژێیەكان دەلەرنەوە و دەنگ دەردەكەن. چینی دەنگ و هێ.ەكەی جیاوازە بە جیاوازی بڕی گرژی دەنگە ژێیەكان و بڕی ئەو هەوایەی كە لێی دەردەچێت. هەوا لە قوڕگەوە دەگوازرێتەوە و كڕكڕاگە بۆرییەك دەبڕێت، كە پێیدەڵێن بۆری هەوا. درێژی بۆری هەوا 10سم و 12سم دایە، دیوارەكەی بە خانەی كوڵكن ناوپۆش كراوە، كە هەوا لە وردە هەڵواسراوەكان پاك دەكەنەوە پاڵیش بە گەرد و لینجە ماددەكانەوە دەنێن بەرەو گەروو بۆ دورخستنەوەیان لە سییەكان.

بۆری هەوا دوولقە بۆری هەوا دابەشدەبێت و هەر یەكێكیان دەچێتە سییەكەوە. دیواری هەردوو لقە بۆری هەوا، لە لووسە ماسولكە و كڕكڕاگە پێكدێن. كە ئەوانیش بە كوڵك و لینجە ماددە ناوپۆش كراون. هەر لقە بۆریەكی هەوا بۆ لقی بچووكتر دابەش دەبێت پێیاندەڵێن بۆریچكەكانی هەوا ، دیواری ئەوانیش لووسەماسولكەیان تێدایە، كە بەكوڵك و لینجە ماددە ناوپۆش كراون، و بەڵام بێ كڕكڕاگەن. لە دواییدا بۆریچكەكان بە كۆمەڵة تورەكەی هەوایی زۆر بچووك كۆتاییان دێـت پێیان دەڵێن سیكڵدانۆچكەی هەوا، هەر سیكڵدانۆچكەیەكی هەوا، بە تۆڕێك موولوولەی خوێن دەورە دراوە، هەموو كردارەكانی ئاڵوگۆڕی گازی سییەكان لە سیكڵدانۆچكەكاندا بەجێدێت. لە دوو سی ساغدا نزیكەی 300 ملیۆن سیكڵدانۆچكەی هەوای هەیە و ڕووبەرە گشتییەكەی دەگاتە 70 مەتر دووجا ئەویش دەكاتە بەرامبەر 40 جاری ڕووبەڕی ڕووی پێست. ئەم ڕووبەرە زۆر گەورەیەی سییەكان، كرداری ئاڵوگۆڕی گازی ئاسان كردووە.


سەرچاوەکان



12796 بینین