لە کاتی توڕەبوندا تەندروستی چی بەسەر دێت؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-13-00:09:00 - کۆدی بابەت: 660
لە کاتی توڕەبوندا تەندروستی چی بەسەر دێت؟

ناوه‌ڕۆك

لە‌كاتی توڕە‌بووندا تە‌ندروستیت چی بە‌سە‌ردێت؟

توێژە‌رە‌ پزیشكیە‌كان ڕۆژ بە‌ ڕۆژ زانیاری زۆرتریان دە‌ستدە‌كە‌وێت لە‌سە‌ر كاریگە‌رییە‌ مە‌ترسیدارە‌كانی توڕە‌بوون لە‌سە‌ر تە‌ندروستیی جە‌ستە‌.
بە‌ڵگە‌ زانستییە‌ نوێیە‌كان دە‌ڵێن كاتی ھە‌ر ھە‌ڵچوون و توڕە‌بوونێك ئە‌گە‌ری توشبوون بە‌ جە‌ڵتە‌ ٨ ھێندە‌ی كاتە‌ ئاساییە‌كانە‌.
توێژینە‌وە‌كانی پێشوتریش دە‌ریان خستبوو توڕە‌بوون ئە‌گە‌ری توشبوون بە‌ جە‌ڵتە‌ی مێشك و تێكچوونی ڕیتمی لێدانی دڵ زیاتر دە‌كات.
لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ی توڕە‌بوون دە‌بێتە‌ ھۆی زڕاندنی خە‌و و زۆر خۆری و كە‌مكردنە‌وە‌ی كاریگە‌ری ھۆڕمۆنی ئەینسۆلین، ڕێگا بۆ تووشبوون بە‌ شە‌كرە‌ خۆشدە‌كات. ڕێدفۆرد ویلیامس سە‌رۆكی بە‌شی پزیشكایە‌تی ھە‌ڵسوكە‌وتزانی لە‌ زانكۆی دیوك دە‌ڵێت «توڕە‌بوون بۆ ھە‌موو بە‌شە‌كانی جە‌ستە‌ خراپە‌». ئە‌و پزیشكە‌ پێشووتر كتێبێكی لە‌سە‌ر درووستكردنی ستراتیژێكی تاكە‌كە‌سی بۆ ڕێگری لە‌ توڕە‌بوون نووسیوە‌.
لە‌ كاتی توڕە‌بووندا ھۆڕمۆنە‌كانی ئە‌دریناڵین و كۆرتیزۆڵ دە‌ڕژێنە‌ نێو خوێن، ئە‌وە‌ش دە‌بێتە‌ ھۆی زیاد بوونی لێدانی دڵ و بە‌رز بوونە‌وە‌ی فشاری خوێن و ئاستی شە‌كری خوێن.
ئە‌و وە‌ڵامدانە‌وە‌ی جە‌ستە‌ بۆ مرۆڤە‌ دێرینە‌كان گرنگ بووە‌ چونكە‌ جە‌ستە‌ی ئامادە‌كردون بۆ ھێرشكردنە‌ سە‌ر ئە‌و بوونە‌وە‌رە‌ی بێزاری كردوون. «لە‌ سە‌ردە‌می ئە‌شكە‌وتنشینی مرۆڤدا، ھە‌تا كە‌سێك تووڕە‌تر و ھێرشبە‌رتر بووبێت پشكی زۆرتری بە‌ركە‌وتووە‌». سكۆت ویتزلە‌ر جێگری بە‌شی پزیشكی دە‌روونی لە‌ نێوە‌ندی پزیشكی مۆنتیفیۆر لە‌ نیویۆرك وادە‌ڵێت.
توڕە‌بوونی زۆر بۆ ئە‌و كە‌سانە‌ مە‌ترسیدارترە‌ كە‌ ئە‌گە‌ری تووشبوونیان بە‌ نە‌خۆشیوكانی دڵ و بۆرییە‌كانی خوێن ھە‌یە‌، وە‌كوو ئە‌و كە‌سانە‌ی یە‌كێك یان زیاتر لە‌مانە‌یان ھە‌یە‌: بە‌رزیی فشاری خوێن، بە‌رزیی ئاستی چە‌وریی و زیانمە‌ندی خوێن و جگە‌رە‌ كێشان.
نە‌خۆشییە‌كانی دڵ و بۆرییە‌كانی خوێن ھۆكاری یە‌كە‌می مردنن لە‌م سە‌ردە‌مە‌دا.


سەرچاوەکان



2965 بینین