چۆلەکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2020-12-14-23:51:00 - کۆدی بابەت: 693
چۆلەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆلەکە (بە ئینگلیزی: Sparrow)، یەکێکە لە جۆرەکانی باڵندە و لە کۆمەڵەی بڕبڕەدارە خوێن گەرمەکاندا پۆلێندەکرێت، نشینگەکەی بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بە نزیکەیی ٢٠٠ جۆری جیاوازی هەیە، لە نێویشیاندا چۆلەکەی پاساری زۆرترین ژمارەی هەیە، بەڕادەیەک زۆرە کە ژمارەی تاکەکانی زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی جیهان، بە درێژایی مێژوو چۆلەکەکان بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتوون، وەک ئەوەی کە هەندێکیان نیشانە و هێما بوون و بۆ ئاماژەدان بە واتای جیاواز سوودیان لێ بینراوە، یاخود پەڕەکانیان وەک هۆکاری جوانکاری بەکارهێنراوە، لە ئێستاشدا خەڵک ئەو جۆرە چۆلەکانە ڕاودەکەن کە ڕەنگی کاڵ و جوانیان هەیە  پاشان بۆ فرۆشتن و ماڵیکردن بەکاردەهێنرێن، ئەم جۆرە باڵندەیە دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٤٠ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها شێوازی ژیانکردنی چۆلەکەکان بە کۆمەڵە کە دەکرێت کۆمەڵەکانیان لە چەندین جۆری جیاواز پێکهاتبێ، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت کە هەر کۆمەڵەیەک تایبەتە بەهەمان جۆر، یەکێک لە جیاوازی و تایبەتییەکانی چۆلەکەکان ئەوەیە کە بە خۆڵ خۆیاندەشۆن، بەهۆی قاچەکانیانەوە چاڵێک هەڵدەکۆڵن پاشان بە باڵەکانیان خۆڵ و تۆز دەکەن بە تەواوی جەستەیاندا، جگە لە خۆڵیش چۆلەکەکان ئارەزووی خۆشتن دەکەن لە ئاودا، هەروەها زۆرینەی چۆلەکەکان نیشتەجێن و لەگەڵ نشینگەکەیاندا خۆیان گونجاندووە، بەڵام هەندێکی تریان کۆچەرین و بۆ بەدەستهێنانی جێگەی گەرمتر یاخود خۆراک کۆچ دەکەن.  

شێوەی دەرەوەی

تایبەتمەندی دیاری چۆلەکەکان ئەوەیە کە لە ڕووی قەبارەوە لە هەموو باڵندەکانی تر بچووکترن، بەڵام زۆرترین ژمارە و جۆری جیاوازیان هەیە، دڵی چۆلەکە لە چوار ژوور پێکهاتووە و پەلەکانی پێشەوەی درێژبوونەتەوە و باڵەکانی پێکهێناوە، هەستی بینینی پەرەسەندووە بەڵام هەستەکانی بۆنکردن و بیستنی لاواز و سنووردارن، جەستەی چۆلەکەکان بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆرەکەی، دەکرێت هەریەک لە ڕەش، سپی، ڕەساسی، قاوەیی، زەرد، شین یاخود ڕەنگی کاڵی تر بێت، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و سەری خڕ و بازنەییە، کێشی لە نێوان ١٣.٤-٤٢ گرام دەبێت و بەرزییەکەشی لە نێوان ١١.٤-١٨ سانتیمەتر دەبێت.  

خۆراک

چۆلەکە زیندەوەرێکی ڕۆژەکییە واتە چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، پاشان بە شەودا بەتەواوەتی وازدەهێنێت لە فڕین و خۆی حەشاردەدات لە دوژمنەکانی، بۆیە بە ڕۆژدا دەگەڕێت بە شوێن خواردندا کە خۆی باڵندەیەکی هەموو شت خۆرە، واتە لەهەمان کاتدا دەتوانێت گۆشت و ڕووەکیش بخوات، خواردنی سەرەکی بریتییە لە دانەوێڵە و توو هەروەها دەشتوانن مێرووەکان ڕاوبکەن و بیانکەن بە ژەمی خۆراکی، بەڵام لە هەمان کاتدا چۆلەکەکانیش دەبن بە نێچیری ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکانی تر وەک پشیلە و مار و تەنانەت باڵندە ڕاوکەرە گەورەکانیش، لە هەندێک لە ناوچەکانی جیهانیش مرۆڤەکان ئارەزووی خواردنی گۆشتەکەیان دەکەن و بەمەبەستی خواردنیان ڕاودەکرێن.  

یەکگرتن و زۆربوون

جووتی چۆلەکەکان بە درێژایی تەمەنیان پێکەوە دەبن بەڵام ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان بمرێت ئەوا چۆلەکەکەی تر لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هاوبەشێکی نوێ دەدۆزێتەوە، هێلانەکانیان لە بەرزاییەکاندا دروستدەکەن و مێینەکە ساڵانە لەهەمان هێلانەدا هێلکە دەکات، ژمارەی هێلکەکانیشی لە نێوان ٣-٤ دانە دەبێت، ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان لە نێوان ١٠-١٤ ڕۆژ دەخایەنێت، دوای هەڵهاتنیان هەردوو دایک و باوکەکە خۆراکیان بۆ دەهێنن و گرنگییان پێدەدەن، بێچووەکانیش لە دوای دوو هەفتە هێلانەکە جێدەهێڵن و پشتبەخۆیان دەبەستن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی چۆلەکەکان لە نێوان ٤-٧ ساڵ دەبێت.  

ماڵیکردن و پەروەردەکردنی

ماڵیکردنی ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی چۆلەکەکان ئاسایی و ڕێگەپێدراوە، تەنها ئەو جۆرە تایبەتانە نەبێت کە لە ڕووی یاساییەوە ڕاوکردن و ماڵیکردنیان قەدەغەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ژمارەیان کەمبووەتەوە یاخود ماڵیکردنیان هەلومەرجی دیاریکراوی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەو جۆرانەی کە ماڵی دەکرێن پەروەردەکردنیان ئاسانە و گرنگیپێدانی زۆر تایبەت و جیاوازیان ناوێت، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە زۆرینەی وڵاتە جیاوازەکان چۆلەکەکان ڕاگیردەکەن.  

جۆرە سەرەکییەکان

چۆلەکەکان بە گشتی دابەشدەبن بۆ سێ جۆری سەرەکی، یەکێکیان ئەو چۆلەکانەن کە ڕاودەکرێن و مەبەستی بەکارهێنانی جیاوازیان هەیە، جۆری دووەمیش ئەو چۆلەکانە لەخۆدەگرێت کە لە سروشتدا دەژین و ڕاوکردن و ماڵیکردنیان ڕێگەپێدراو نییە، سێیەم جۆریش ئەوانەن کە بۆ جوانکارین، ئەم جۆرە لە چۆلەکەکان ڕەنگی جوانیان هەیە و خەڵکی بۆ نمایشکردن و ڕازاندنەوە سوودیان لێ وەردەگرن، بەناوبانگترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • بولبول
  • چۆلەکەی پاساری
  • چۆلەکەی خۆشخوێن
  • چۆلەکە ئاڵتوونییەکان
  • چۆلەکەی پەمەیی ئاوازخوێن
  • چۆلەکە قوڕگ سپییەکان
  • چۆلەکەی کڵاوکوڕە، یاخود پێی دەوترێت فشەکڵاونە
  • چۆلەکە ڕەشەکان
  • چۆلەکەی کەناری


سەرچاوەکان



2181 بینین