نەخۆشی پارکینسن

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-05-04-09:33:00 - کۆدی بابەت: 1152
نەخۆشی پارکینسن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی پارکینسن (بە ئینگلیزی: Parkinson's disease) نەخۆشییەکە پەیوەندی بە کۆئەندامی دەمارەوە هەیە و دەبێتە هۆی جووڵەی نەخوازراو و جڵەونەکراو لەلایەن کەسەکەوە وەکوو لەرزین، تووندبوونی جومگەکان و لەدەستدانی هاوسەنگی لەش و جووڵە.
دەرکەوتن و خراپتربوونی نیشانەکان بە پێی کاتە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە کێشەی ڕۆشتن و قسەکردن بۆ کەسەکە دروست دەبێت، لەوانەیە گۆڕانکاری لە لایەنی دەروونی و ڕەفتاریشەوە تێبینی بکرێت لەگەڵ دروستبوونی کێشەی خەوتن، خەمۆکی، لەدەستدانی بیرەوەری و شەکەتبوون.
سەرەڕای ئەوەی هەمووکەسێک لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا لەبەردەم مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییەدایە، بەڵام چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە ئەم نەخۆشییە لە پیاواندا باوترە و هۆکارەکەی نادیارە. یەکێک لە هۆکارە دیارەکان تەمەنە، هەرچەندە زۆربەی کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە بۆ یەکەمجار لە دوای تەمەنی ٦٠ ساڵییەوە تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، بەڵام ٪٥ بۆ ٪١٠ لە پێش تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە تووش بوون. تووشبوونی پێشوەختە بە نەخۆشی پارکینسن هەندێکجار بۆماوەییە و پەیوەست کراوە بە بازدانی بۆماوەییەوە بەڵام هەمیشەش وانییە.

هۆکاری ڕوودانی نەخۆشی پارکینسن

ئاشکراترین نیشانەکانی نەخۆشی پارکینسن ئەو کاتە دەردەکەوێت کە ئەو دەمارە خانانەی کە گرێ بنکەییەکانیان پێکهێناوە  و بەرپرسی جڵەوی جووڵە کردنن دەمرن یان لەکاردەکەون. لە کاتی ئاساییدا ئەم دەمارە خانانە دۆپامین دروست دەکەن کە ماددەیەکی کیمیایی گرنگە بۆ مێشک، لەکاتی مردن و لەکارکەوتنیاندا دروستکردن و بەرهەمهێنانی دۆپامین کەم دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە جووڵەدا. تا ئێستا هۆکاری مردنی خانە دەمارییەکان لەلای زاناکان نەزانراوە.
ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی پارکینسنن کۆتایی دەمارەکانیشیان لەدەست دەدەن کە نۆرئیپینیفرین دروست دەکەن، نێردراوی کیمیایی سەرەکی بەشی سمپەساوی خۆییە دەمارە کۆئەندامن کە جڵەوی زۆربەی فەرمانەکانی جەستە دەکەن وەکوو لێدانی دڵ و پەستانی خوێن. کەمبوونەوەی نۆرئیپینیفرین ئەو نیشانانەی نەخۆشی پارکینسن ڕوون دەکاتەوە کە پەیوەندییان بە جووڵەوە نییە وەکوو شەکەتی، ناڕێکی پەستانی خوێن، کەمبوونەوەی جووڵەی خواردن بەنێو ڕێڕەوەی هەرسدا و دابەزینی لەناکاوی پەستانی خوێن کاتێک کەسەکە لە دانیشتنەوە یان پاڵکەوتنەوە هەڵدەستێتە سەر پێ.
هەندێک لە خانەکانی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی پارکینسن تەنی ڵوییان تێدایە، تەنی ڵوی بریتییە لە کۆبوونەوەی نائاسایی پڕۆتینی ئەلفا سنوکڵیەن (alpha- synuclein).
تێبینی کراوە هەندێک حاڵەتی نەخۆشی پارکینسن بۆماوەیین، واتە لە باوانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەوەکان و هەندێک حاڵەتیش هۆکارەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ بازدانی بۆماوەیی لە جینێکی دیاریکراو. لە کاتێکدا وا تێبینی دەکرێت کە بۆماوەیی ڕۆڵی هەبێت لە نەخۆشی پارکینسن بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لە خێزاندا ناگوازرێتەوە. بە پێی توێژینەوەکان وا تێبینی دەکرێت کە نەخۆشی پارکینسن بەهۆی هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەییەوە ڕوودەدات، هۆکارە ژینگەییەکان وەکوو بەرکەوتن بە ماددە ژەهراوییەکان.

نیشانەکان

نەخۆشی پارکینسن چوار نیشانەی سەرەکی هەیە:

- لەرزینی دەست، قۆڵ، قاچ، شەویلگە یان سەر
- تووندبوونی ماسولکەکان، کە تێیدا ماسولکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە گرژی دەمێننەوە
- جووڵەی خاو
- کەمبوونەوە و لەدەستدانی هاوسەنگی لەش، هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بکەوێت.

نیشانەکانی تر بریتین لە:

- لەدەستدانی توانای جووڵە خۆییەکان: دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای ئەنجامدانی جووڵە خۆنەویستەکان وەکوو: چاو تروکاندن، زەردەخەنە و پێکەنین یان جووڵاندنی دەستەکان لە کاتی ڕۆشتندا.
- گۆڕانکاری لە توانای قسەکردندا: ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم نەخۆشییەن دەکرێت لە کاتی قسەکردندا وشەکان تێکەڵ بکەن، بەدەم خۆیانەوە مینگە مینگ بکەن یاخود نەتوانن قسەکان تەواو بکەن. هەندێکیان بە خاوی قسە دەکەن، هەندێکیان بە خێرایی، زمانیان دەیگرێت یان زمانیان فسە.
- گۆڕانکاری لە توانای نووسیندا: توانای نووسینیان کەم دەبێتەوە و بە زەحمەت دەتوانن شت بنووسن

نیشانەکانی نەخۆشی پارکینسن و ڕێژەی تووندێتییەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. نیشانەکان بەزۆری لە یەک لای جەستەوە دەست بە دەرکەوتن دەکات، لە یەک پەل لە یەک لای لەشدا دەردەکەوێت، لەگەڵ پەرەوپێشچوون و خراپتربوونی، نەخۆشییەکە هەردوو لای لەش دەگرێتەوە بەڵام دەکرێت نیشانەکان لە لایەکی لەشدا تووندتر بن بە بەراورد بە لایەکەی تر.
هەندێک لە تووشبوانی نەخۆشی پارکینسن تووشی کێشە دەبن لە توانای مێشکیی تایبەت بە فێربوون و زانین وەکوو یادەوەری، سەرنجدان (تەرکیز)، توانای دانانی پلان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

لە ئێستادا هیچ پشکنینێکی خوێن یان تاقیگەیی نییە کە حاڵەتێکی ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بکات کە پەیوەندی بە بۆماوەییەوە نەبێت. پزیشکەکان  بە وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە مێژووی تەندروستی خێزانی کەسەکە، چەند پشکنینێک بۆ کۆئەندامی دەمار و جەستەی کەسەکە و تێبینی کردنی نیشانەکان نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکەن.

کێشە تەندروستییەکان

- قورسیی بیرکردنەوە: تووشبووەکە لەوانەیە تووشی لە دەستدانی هۆشیی ببێت و نەتوانێت بە ئاسانی بیربکاتەوە. ئەمە بە زۆری لەو قۆناغەدا ڕوودەدات کە نیشانەکان زۆر توندن و نەخۆشییەکە قورستر بووە و ئەم کێشانە بە دەرمان چارەسەر ناکرێن.
- خەمۆکی و گۆڕانی هەستەکان: لەوانەیە کەسەکە تووشی خەمۆکی ببێت لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەدا. وەرگرتنی چارەسەر بۆ خەمۆکی دەتوانێت چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی تر ئاسانتر بکات. لەوانەیە کەسەکە تووشی دڵەڕاوکێ، ترس و بێهیوایی ببێت، کە ئەمانەش بە دەرمان چارەسەر دەکرێن.
- کێشەی قوتدان: لەگەڵ خراپتربوونی نەخۆشییەکە کێشەی قورسی قوتدانی خواردنیش دەردەکەوێت، بەهۆی خاوی قوتدان لیکێکی زۆر لە دەمدا کۆدەبێتەوە و لیک بە دەمی کەسەکەدا دێتە خوارەوە.
- کێشەی جوین و خواردن: کاتێک نەخۆشییەکە دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی کاردەکاتە سەر ماسولکەکانی دەم و جوینی خواردن قورس دەبێت، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی خنکان یان بەدخۆراکی.
- کێشەی خەوتن: کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە تووشی کێشەی خەوتن دەبن بەوەی شەوانە چەند جارێک خەبەریان دەبێتەوە، بەیانیان زوو خەبەریان دەبێتەوە و لە ڕۆژدا خەویان لێ دەکەوێت.
کەسەکە لەوانەیە ئەزموونێکی جۆرە خەوتنێک بکات کە بە خەوی خێرا جووڵاندنی چاو ناسراوە کە تێیدا ئەو شتانەی لە خەونەکانیاندا دەیبینن بە دەم خەوەوە دووبارەی دەکەنەوە وەکوو هەستان و ڕۆشتن. دەرمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
- کێشەی میزەڵدان: ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە نەتوانێت جڵەوی میزکردنی بکات یان ناتوانێت بە ئاسانی میز بکات.
- قەبزی: بەهۆی خاوی ڕێڕەوی هەرس کەسەکە تووشی قەبزی دەبێت.
- کێشەی بۆنکردن
- کەمبوونەوەی توانای سێکسی

چارەسەر

چارەسەر بە بەکارهێنانی دەرمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەم شێوەیە:

- زیادکردنی ڕێژەی دۆپامین
- کاریگەری هەبێت لەسەر ماددە کیمیاییەکانی تری مێشک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان لە نێوان دەمارەخانەکاندا
- یارمەتی جڵەوکردنی ئەو نیشانانە بدات کە پەیوەندی بە جووڵەوە نییە

چارەسەری سەرەکی بۆ نەخۆشی پارکینسن دەرمانی ڵیڤەدۆپایە (Levodopa)، دەمارە خانەکان ئەم دەرمانە بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی دۆپامین، بەڵام ئەم دەرمانە کاریگەری لاوەکی هەیە هەر بۆیە نەخۆشەکان لەگەڵیدا دەرمانی کاربیدۆپا (Carbidopa) بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەکوو هێڵنجدان، ڕشانەوە و دابەزینی پەستانی خوێن.
ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە و وەڵامدانەوەیان نییە بۆ دەرمان، لە ڕێگای نەشتەرگەرییەوە گەیەنەری کارەبایی لە بەشێکی مێشکیاندا دەچێنرێن و دەگەیەنرێن بە ئامێری بچووکی کارەبایی لە سنگدا. ئامێرەکان و گەیەنەرە کارەباییەکان بەبێ زیانگەیاندن هانی چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی مێشک دەدەن کە جڵەوی جووڵە دەکەن بەشێوەیەک نیشانەکانی کە پەیوەندییان هەیە بە جووڵەوە بوەستێنێت وەکوو لەرزین و خاوی جووڵە.
چارەسەری تر وەکوو چارەسەری جەستەیی، چارەسەری قسەکردن، ڕێکخستنێکی خۆراکیی تەندروست، وەرزشکردن، شێلان و یۆگا.

خۆپارێزی و ڕێگریکردن لە تووشبوون

لەبەرئەوەی هۆکاری سەرەکی ڕوودانی نەخۆشییەکە نەزانراوە بۆیە ڕێگاکانی خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە تووشبوونیش نەزانراون.
هەندێک لە توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەنجامدانی ئەو وەرزشانەی لەگەڵ ئۆکسجیندان، واتە تێیدا هەناسە دەدەیت و لێدانی دڵت زیاد دەکات لەوانەیە مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکەنەوە.
هەندێک توێژینەوەی تر ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی کافایین دەخۆنەوە کەمتر تووشی نەخۆشی پارکینسن دەبن بەبەراورد بەو کەسانەی کافایین ناخۆنەوە و خواردنەوەی چای سەوزیش پەیوەندی هەیە بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون. بەڵام بەڵگەی تەواوەتی نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی خواردنەوەی کافایین بتپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشی پارکینسن.


سەرچاوەکان



3424 بینین