کۆرسێکی ئەنتی بایۆتیک بۆ یەک ساڵ ڕیخۆڵەکان تێکدەدات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-10-15:14:00 - کۆدی بابەت: 1235
کۆرسێکی ئەنتی بایۆتیک بۆ یەک ساڵ ڕیخۆڵەکان تێکدەدات

ناوه‌ڕۆك

كۆرسێكی ئە‌نتی بایۆتك، بۆ یە‌ك ساڵ ڕیخۆڵە‌كان تێكدە‌دات

بە‌ گوێرە‌ی توێژینە‌وە‌یە‌كی نوێ، تە‌نیا یە‌ك كۆرسی دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌كان دە‌توانێت بۆ ماوە‌ی یە‌ك ساڵ نە‌خشە‌ی پێكھاتە‌ی گە‌دە‌ و ڕیخۆڵە‌كان تێكبدات و ڕێگە‌ش خۆشدە‌كات بۆ پە‌یدابوونی وردە‌ زیندە‌وە‌رە‌ سە‌ختە‌كان، كە‌ نە‌خۆشخە‌رن و بە‌رگریان پە‌یدا كردووە‌ لە‌ دژی دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌‌كانی ئێستا.
حە‌فتا ساڵی تە‌واو دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌كان (ئە‌نتی بایۆتیك) سە‌ركە‌وتووانە‌ شە‌ڕ لە‌گە‌ڵ نە‌خۆشییە‌ گوازراوە‌كان دە‌كە‌ن و بە‌وە‌ش بە‌ ڕاددە‌یە‌كی بە‌رچاو ڕێژە‌ی نە‌خۆشكە‌وتن و مردنی مرۆڤیان كە‌مردووە‌تە‌وە‌.
بە‌ڵام زۆر بە‌كارھێنان و نازانستییانە‌ بە‌كارھێنانی ئە‌و دە‌رمانە‌ بە‌سوودانە‌، بووە‌تە‌ ھۆی پە‌یدا بوونی چە‌ندە‌ھا میكرۆبی سە‌رسە‌خت كە‌ خۆیان لە‌گە‌ڵ كاریگە‌ری دە‌رمانە‌كان گوونجاندووە‌ و چیتر بە‌وانە‌ نامرن.
لە‌ وڵاتێكی وە‌ك ئە‌مریكا ساڵان بە‌ھۆی نە‌مانی كارایی دژە‌ زیندە‌كانە‌وە‌ دوو ملیۆن كە‌س نە‌خۆش دە‌كە‌ون و ٢٣ ھە‌زار حاڵە‌تی كوشە‌ندە‌ش ڕوودە‌دە‌ن.
بۆیە‌ سە‌نتە‌ری پێشگیری و قە‌دە‌غە‌ كردنی نە‌خۆشییە‌كان(CDC) لە‌ ئە‌مریكا لیستێكی ئامادە‌ كردووە‌ كە‌ لە‌ ١٨ ھە‌ڕە‌شە‌ی تە‌ندروستی پە‌وە‌ست بە‌و دیاردە‌یە‌ پێكھاتوون و داواش لە‌ پە‌یوە‌ندیدارانی تە‌ندروستی دە‌كات بە‌ھارھێنانی دژە‌ زیندە‌‌كان سنوردار بكە‌ن.
توێژینە‌وە‌ نوێیە‌كە‌ش لە‌ ئە‌وروپا و بە‌ بە‌شداریكردنی ٦٦ كە‌س لە‌ سوید و بە‌ریتانیا ئە‌نجامدراوە‌، كە‌ ھە‌ریە‌ك كۆرسێكی تە‌واوی دە‌رمانی دژە‌ زیندە‌یان پێدراوە‌. 
بە‌ر لە‌ پێدانی دە‌رمانە‌كان و ڕاستە‌وخۆ دوای پێدانیشیان و پاش لە‌ مانگە‌كانی یە‌كە‌م و چوارە‌م و داوازدە‌یە‌می دە‌رمانە‌كانیشدا نموونە‌ لە‌ لیك و پیسایی ئە‌و كە‌سانە‌ وە‌رگیراوە‌ بە‌ مە‌بە‌ستی پشكنین.
توێژە‌رە‌كان بۆیان دە‌ركە‌وت باڵانسی زیندە‌ی نێو لیك دوای چە‌ند ھە‌فتە‌یە‌ك گە‌ڕایە‌وە‌، بە‌ڵام لە‌ پیسایدا بۆ چە‌ندین مانگ باڵانسە‌ ئاساییە‌كە‌ گۆڕا و نیشانە‌كانی پە‌یداكردنی لە‌ دژی دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌كان دە‌ركە‌وتن.
لە‌ پشكنینە‌كاندا بە‌ریتانییە‌كان  زۆرترلە‌ سویدییە‌كان تووشی كاریگە‌ری نە‌رێنی ئە‌و دە‌رمانانە‌ بوون، ئە‌ویش چونكە‌ شانشینی سوید ماوە‌ی دوو دە‌یە‌ی تە‌واوە‌ سیاسە‌تێكی بە‌ھێزی لە‌ دژی خراپ بە‌كارھێنانی دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندەكان پە‌یڕو كردووە‌ و توندتر لە‌ بە‌ریتانیا بە‌كارھێنانی ئە‌و دە‌رمانانە‌ی سنووردار كردووە‌.


تێبینی ئیدیتۆری كوردی

لە‌ باشوری كوردوستان جگە‌ لە‌ زۆر بە‌كارھێنانی دە‌رمانی دژە‌ زیندە‌كان لە‌ لایە‌ن پزیشكان و دە‌رمان سازانە‌وە‌، پە‌رستار و برینپێچە‌كانیش بێ گوێدانە‌ بنە‌ما زانستیە‌كان ئە‌و دە‌رمانانە‌ دە‌فرۆشن و ھە‌موو كە‌سێك دە‌توانێت لە‌بە‌رامبە‌ر بڕە‌ پارە‌یە‌كی كە‌مدا بڕێكی زۆر لە‌و دە‌رمانانە‌ بكڕێت، بێئە‌وە‌ی پزیشك بۆی نوسیبێت یان سە‌لمێندرابێت كە‌ پێویستی بە‌و دە‌رمانانە‌یە‌.
بۆیە‌ ئە‌گە‌ر وڵاتێكی وە‌ك بە‌ریتانیا وە‌ھا دابنرێت كە‌ وە‌ك پێویست بە‌كارھێنانی ئە‌و دە‌رمانانە‌ی سنووردار نە‌كردووە‌، ئە‌وە‌ لە‌ كوردستان فرۆشتنی ھە‌ندێك لە‌و دە‌رمانانە‌ سنووری بۆ دانە‌نراوە‌ و بە‌دواداچونیش بۆ ڕنگدانە‌وە‌ی كارە‌ساتە‌ تە‌ندرووستییە‌كانی دوای بە‌كارھێنانیان نە‌كراوە‌.


سەرچاوەکان



722 بینین