جگەر

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-23-23:04:00 - کۆدی بابەت: 1818
جگەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جگەر (بە عەرەبی: الكبد، بە ئینگلیزی: liver)، جگەر ئەندام و ڕژێنێکە لە جەستەی مرۆڤدا، شێوەییەکی قوچەکی ئیسفەنجی هەیە، ڕەنگەکەی قاوەییەکی سورباوە و قەبارەکەی نزیکەی قەبارەی تۆپی پێیە. بەڵام قەبارەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسیکی تر جیاوازە بەپێی کێش و باڵا دەگۆرێت. جگەر ئەندامێکی سەرەکی جەستەیە، سەدان ئەرکی پێویست بۆ بەردەوامبوون لە ژیان ئەنجام دەدات. هەروەها بە ڕژێنیش دادەنرێت چونکە پرۆتین و هۆرمۆن دروست دەکات کە بەشەکانی تری جەستە پێویستیان پێیەتی. جگەر گەورەترین ئەندامی ناوەکییە، کێشەکەی بە تێکڕا نزیکەی ١،٣ کیلۆگرامە لە کەسێکی گەورەساڵدا. لە حاڵەتی ئاساییدا جگەر دەکەوێتە لای ڕاستی لەش، لە ژێر پەراسووەکان. بەڵام لە حاڵەتی (situs inversus) جگەر دەکەوێتەوە لای چەپەوە.

ئەناتۆمی (توێکاری) جگەر

جگەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی بۆشایی سک، لە ژێر ناوپەنچک، لە سەرەوەی گەدە، لای گورچیلەی ڕاست و ڕیخۆڵە. جگەر شێوەیەکی قوچەکی هەیە و ئەندامێکی قاوەیی سورباوی تۆخە کە کێشەکەی نزیکەی ١،٣ کیلۆگرامە. لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە خوێن بۆ جگەر دابین دەکرێت، لەوانە: 

  • خوێنی تێر ئۆکسجین لە ڕێگەی خوێنبەری جگەرەوە دێتە ژوورەوە
  • خوێنی دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکیەکان لە ڕیخۆڵە و گەدەوە لە ڕێگەی خوێنهێنەری دەروازەی جگەرەوە دێتە ژوورەوە

جگەر لە هەر ساتێکدا نزیکەی ٥٠٠ ملیلیتر (١٣٪)ی خوێنی جەستە هەڵدەگرێت. جگەر لە دوو پلی سەرەکی پێکدێت، هەردووکیان لە هەشت بەش پێکهاتوون کە لە ١٠٠٠ پل (لۆبی بچووکتر) پێکدێن. ئەم لۆبانە بەستراوەتەوە بە بۆری بچووک کە بە بۆری گەورەتر بەستراونەتەوە بۆ پێکهێنانی بۆری سەرەکی جگەر. بۆری جگەری هەڵدەستێت بە گواستنەوەی ئەو زەرداوەی کە خانەکانی جگەر دروستیان کردووە بۆ تورەکەی زراو  و دوانزەگرێ (بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە) لە ڕێگەی بۆری زراوەوە.

فەرمانەکانی جگەر

جگەر ئەندامێکی سەرەکی جەستەیە کە زیاتر لە ٥٠٠ ئەرکی گرنگ ئەنجام دەدات. لەوانە لابردنی پاشماوە و ماددە نامۆکان لە خوێن و ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا و دروستکردنی ماددە خۆراکییە پێویستەکان. هەندێک لە گرنگترین ئەرکەکانی جگەر:

  • بەرهەمهێنانی ئەلبومین: ئەلبومین پرۆتینێکە کە شلەمەنیەکانی ناو خوێن لە دزەکردن بۆ ناو شانەکانی دەوروبەری دەپارێزێت. هەروەها هۆرمۆن، ڤیتامین و ئەنزیمەکان بە ناو لەشدا دەگوازێتەوە.

  • بەرهەمهێنانی زەرداو:  زەرداو شلەیەکە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەرسکردن و هەڵمژینی چەورییەکانی ناو ڕیخۆڵە باریکە.

  • پاڵاوتنی خوێن: هەموو ئەو خوێنەی لە گەدە و ڕیخۆڵەکانەوە دەردەچێت بە جگەردا تێدەپەڕێت، کە ژەهر، بەرهەمە لاوەکییەکان (ماددەیەکە کە لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی شتێکی تردا دروست دەبێت) و ماددە زیانبەخشەکانی فرێ دەدات.

  • ڕێکخستنی ترشە ئەمینیەکان: بەرهەمهێنانی پڕۆتینەکان پشت بە ترشە ئەمینییەکان دەبەستێت. جگەر ڕێژەی ترشە ئەمینییەکان لە خوێندا بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

  • ڕێکخستنی خوێن مەین: ماددەی خوێن مەین بە بەکارهێنانی ڤیتامین K دروست دەکرێت، تەنها بە یارمەتی زراو (شلەیەکە جگەر بەرهەمی دەهێنێت) دەتوانرێت هەڵبمژرێت.

  • ڕێگری دەکات لە هەوکردن: وەک بەشێک لە پرۆسەی پاڵاوتن جگەر هەڵدەستێت بە کردنە دەرەوەی بەکتریا لە خوێندا.

  • کۆگاکردنی ڤیتامین و کانزاکان: جگەر بڕێکی بەرچاو لە ڤیتامینەکانی A، D، E، K و B12 هەروەها ئاسن و مسیش خەزن دەکات.

  • پرۆسێسکردنی گلوکۆز: جگەر گلوکۆزی زیادە (شەکر) لە خوێن لادەبات و لە شێوەی  گلایکۆجین خەزنی دەکات. هەرکاتێک لەش پێویستی پێی بوو گلایکۆجینەکە دەگۆڕێتەوە بۆ گلوکۆز.

کاتێک جگەر ماددە زیانبەخشەکان تێکدەشکێنێت، بەرهەمە لاوەکییەکان دەچنە ناو زراو یان خوێن. بەرهەمە لاوەکییەکانی زراو دەچنە ناو ڕیخۆڵەوە و لە شێوەی پیسایی دەکرێنە دەرەوەی لەش. بەرهەمە لاوەکییەکانی ناو خوێن لەلایەن گورچیلەکانەوە دەپاڵێورێن و لە شێوەی میزدا دەکرێنە دەرەوەی لەش.


سەرچاوەکان



4236 بینین