عەباس کیاڕۆستەمی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-01-23:36:00 - کۆدی بابەت: 1883
عەباس کیاڕۆستەمی

ناوه‌ڕۆك

کیاڕۆستەمی

عەباس کیاڕۆستەمی دەرهێنەر، سیناریۆنووس، ئامادەکار، وێنەگر، گرافیست و نوسەری ئێرانی، لە ٢٢/٦/١٩٤٠ لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لەدایکبووە کیاڕۆستەمی ئەو دەرهێنەرە بەناوبانگەی سینەمای ئێرانە کە لەلایەن زۆرینەی دەرهێنەران و ڕەخنەگران و ڤیستیڤاڵەکانەوە پێشوازی لێکراوە، و توانیویەتی سینەمای ئێران بە جیهان بناسێنێت.

ژیاننامە

لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە هەتاکو ساتی کۆچکردنی، ساڵی ١٩٧٠ هاوسەرگیری کردووە و ساڵی ٢٠٠٣ جیابوونەتەوە و خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی (بەهمەن و ئەحمەد)،

کیاڕۆستەمی سەرەتا بە وێنەکێشان دەستی پێکردووە و دواتر لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەردەوام بووە لە خوێندن لە بەشی وێنەکێشان، لەگەڵ خوێندنەکەیشدا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان وەک پۆلیسی هاتوچۆ کاری کردووە،

دواتر کاری پۆستەر و بەرگی کتێب و ڕیکلامی کردووە، دواتر کاری تیتراژ و پۆستەری فیلمەکانی (قیصر و رضا موتوری) ئەنجامداوە.

دوای ئەوەی بانگهێشت دەکرێت بۆ خانەی پەروەردەی نەوجەوانان و منداڵان، کیاڕۆستەمی لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەمین بەرهەمی خۆی دروست دەکات کە کورتەفیلمی (نان و کۆڵان)ـە.

دواتریش کورتەفیلمی (زەنگی پشوو) ی بەرهەمهێنا، یەکەمین فیلمی کیاڕۆستەمی لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بەناوی (گەشتیار) کە بووە خاوەنی خەڵاتی تایبەتی دادوەران لەو ساڵەدا و دواتر بە فیلمی (جلێک بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری) و (ڕاپۆرت) لە ساڵانی حەفتاکان بووە خاوەنی چەند خەڵاتێکی گرنگی دەرەوەی وڵات.

لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کاتێک زۆرینەی هونەرمەندان وڵاتیان جێهێشت، ئەو مایەوە و لەبارەی بڕیاری مانەوەی وتی: "ئەگەر درەختێک ڕەگی لە خاکدا بێت و دواتر بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە ئیتر ناتوانێت میوەی هەبێت گەر بشتوانێت ئەوە وەک ئەو میوەیە نییە کە لە سەرزەمینی دایکیدا هەیبووە ئەمەش یاسایی سروشتە"

کیاڕۆستەمی لەگەڵ کورتەفیلمەکانی بەردەوام بوو هەتاوەکو ساڵی ١٩٨٧ بە فیلمی (ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟) وەک ئەستێرەیەک درەوشایەوە لە دەرەوەی وڵاتی ئێران، فیلمەکە براوەی (پڵنگی برۆنزی و خەڵاتی کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سینەما و فیلمی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی ڕەخنەگرانی فیستیڤاڵی لۆکارنۆ) بوو،

دواتر لە ساڵەکانی ١٩٩٢ و ١٩٩٤ دا هەردوو فیلمی (ژیان و ئیتر هیچ، لەژێر درەختانی زەیتوون) بوون بە تەواوکەری فیلمی ماڵی هاوڕێ لەکوێیە و ناویان لێنرا (تریلۆجی کوکر) بەهۆی ئەوەی هەر سێ فیلمەکە لە ناوچەیەک بەناوی کوکر وێنەیان گیراوە، هەرسێ فیلم پێکەوە لە چەندین وڵات نمایش کران و توانییان سەرنجی زۆرینەی سینەماکانی جیهان بۆ خۆیان ڕابکێشن. ساڵی ١٩٩٠ کیاڕۆستەمی بە فیلمی (کلۆزئەپ) دووبارە سەلماندی سینەمای ئەو جیاوازە لە زۆرینەی دەرهێنەرانی جیهان، ئەو فیلمەی کە نیوەی وێنەی ڕاستی و نیوەی کاری ستۆدیۆ بوو. ساڵی ١٩٩٧ فیلمی (تامی گێلاس) کە یەکێکە لە باشترین ١٠ فیلمی مێژووی فیستیڤاڵی کان بوو بە براوەی خەڵاتی خورمای ئاڵتوونی، فیستیڤاڵەکە و بەوەش خەونی لەوەوپێشی کیاڕۆستەمی بوو بە ڕاستییەکی مێژوویی. دواتر ساڵی ١٩٩٩ بە فیلمی (با دەمانبات) توانی جێگای خۆی لە فیستیڤاڵی ڤێنیس بکاتەوە و ببێتە خاوەنی خەڵاتی شێری زیوی، کیاڕۆستەمی بە کارەکانی ١٠ و شیرین بەردەوامبوو و ساڵی ٢٠١٠ بە فیلمی (کۆپی هاوتای ڕەسەن) کە لە ئیتاڵیا کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدرا، توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی فیستیڤاڵی کان ببەخشێت بە (جولێت بینۆچی) ئەستێرەی فەڕەنسی. ساڵی ٢٠١٢ دووبارە لە دەرەوەی وڵاتی خۆی بینراو و ژاپۆنی کردە جێگای وێنەگرتنی و بە فیلمی (وەک ئەویندارێک) بۆ جاری پێنجەم کاندید کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی خورمای ئاڵتوونی لە فیستیڤاڵی کان.

کیاڕۆستەمی وەک کەسایەتییەکی سینەمایی تایبەت وەک دادوەرێک بەشداربووە لە فیستیڤاڵی کان لە ساڵی ١٩٩٣ و ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ و ٢٠١٤ ـدا، هەروەها فیستیڤاڵەکانی ڤێنیس و لۆکارنۆ و سان سباستیان و ساوپاولۆ و کاپالبیۆ و پورتوگال و کۆستەریکا لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ٢٠١٤.

ژیانی تایبەتی

کیاڕۆستەمی بەوە ناسراوە هەمیشە چاویلکەیەکی تاریکی لەچاو بووە کە چاوەکانی داپۆشیووە، ئەویش بەهۆی ئەوەوەیە کە چاوی چەپی کێشەی هەبووە و حەزینەکردووە کەس بەبێ چاویلکە بیبینێت،

حەزێکی زۆری لە وێنەگرتن بووە و بەردەوام لەگەڵ کامێراکەیدا بینراوە، هەروەها حەزی بە وێنەکێشان و کاری پۆستەر و دیزاینی جلوبەرگ بووە، لە بواری مۆسیقاش جێگای خۆی کردۆتەوە و دووجار لە شارەکانی پاریس و لەندەن ڕێکخەری ئۆپرای دوو گرووپ بووە.

کیاڕۆستەمی زۆر تێکەڵی کاری سیاسی نەبووە، بەڵام لە چەند لێدوانێکیدا بە ناڕاستەوخۆیی و بە ڕاستەوخۆیی دژی سەرۆک وەزیران و بەرژەوەندییەکانی وڵاتی ئێران قسەدەکات و جەنگی ئێران و عێراق بە "ئەو شتەی کە هیچ مانایەکی نەبوو" وەسف دەکات و دەڵێت من هەرگیز حەزم بە جەنگ نییە. لە تەواوی ژیانی خاوەنی زیاتر لە هەشتا خەڵاتی جیهانییە، کە گرنگترینیان خەڵاتی خورمای ئاڵتوونییە لە فیستیڤاڵی کان لە ساڵی ١٩٩٧. جگە لە کاری فیلم و سینەما، شیعریشی نوسیووە و خاوەنی ٧ کتێبە، هەروەها ١٨ کتێبیش لەسەر خۆی و کارەکانی نوسراونەتەوە، لە پێش مردن و دوای مردنی،

ئەوانەی قسەیان لەسەر کردووە

مارتن سکۆرسیزی دەڵێت: "ئەو یەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکانی جیهانە، کیاڕۆستەمی نیشاندەری نایابترین چینی سینەمای جیهانە"

ژان لۆک گۆدارد: "سینەما بە گریفس دەست پێدەکات و بە کیاڕۆستەمی کۆتایی دێت"

کۆرۆساوا: "بەڕای من فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرە ئێرانییە نایابن، وشەکان ناتوانن هەستەکانم دەربڕن، پێشنیار دەکەم فیلمەکانی ببینن ئەوکات لەمن تێدەگەن"


سەرچاوەکان



1642 بینین