١٢ هۆکار بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت کار نەکات

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-02-02-22:44:00 - کۆدی بابەت: 1910
١٢ هۆکار بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت کار نەکات

ناوه‌ڕۆك

12 هۆكاری بڵاو كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كار ناكات (داناگیرسێت)

ئۆتۆمبێلی نوێ یان كاركردوو، هه‌ندێك كات بێ هیوات ده‌كات به‌ بۆنه‌ی كارنه‌كردنیه‌وه‌. به‌ پێكردنی سویچه‌كه‌ یان به‌ په‌نجه‌نان به‌ دوگمه‌ی داگیرساندندا و زانینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناجوڵێت هه‌ستێكی ناخۆشه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی زۆربه‌مان بووه‌ته‌وه. به‌ڵام زانینی هۆكاری كارنه‌كردنه‌كه‌ی ده‌كرێت یارمه‌تیده‌رێكی باش بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی خێرا، لێره‌دا باسی چەند هۆکارێکی باو ده‌كه‌ین کە بۆچی گیرت خواردووە و چیت لە دەست دێت بیکەیت بۆ گەڕانەوەت بۆ سەر ڕێگا.

باتری ئۆتۆمبێله‌كه‌ت مردووه‌

ئەگەر هەوڵ بدەیت ئۆتۆمبێلەکەت كار پێبکەیت و ڕووناکیەکانی داشبۆردەکە نەبینیت کە هەڵبێت یان گوێت لە وەرگەڕانی بزوێنەرەکە بێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ باترییه‌كه‌ت مردبێت. (هه‌روه‌ها لاوازی یان كار نه‌كردنی لایته‌كانی پێشی سه‌یاره‌كه‌ت (فوول) یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان). هه‌ندێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كان به‌ تایبه‌ت تازه‌كان كاتێك باترییه‌كه‌ت لاواز ده‌بێت ئاگادارت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌.

له‌ ڕابردوودا ده‌تتوانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت چه‌تاڵ بكه‌یت و بكه‌ویته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی خۆت. به‌ڵام به‌ پێی (AAA)، هه‌ندێك له‌ ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كان ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ چه‌تاڵكردنی سه‌یاره‌كه‌ت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ عه‌قڵی ئۆتۆمبێله‌كه‌. بۆ زانینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئۆتۆمبێله‌كه‌ت توانای چه‌تاڵكردنی هه‌یه‌ یان نا پێویسته‌ سه‌یری كه‌ته‌لۆگی تایبه‌ت به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بكه‌یت، كه‌ تێیدا ئاماژه‌ی پێكراوه.

باترییه‌كه‌ت جوان نه‌به‌ستراوه‌

ئه‌م هۆكاره‌یان زۆر باو نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه، گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كاری نه‌كرد، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ وایه‌ری باترییه‌كه‌ت باش نه‌به‌ستراوه‌. هه‌وڵ بده‌ ده‌ست بده‌یت له‌ وایه‌ره‌كانی كه‌ به‌ باتریه‌كانه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ گه‌ر جوڵان ئه‌وا كێشه‌یه ‌و پێویسته‌ توند بكرێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها گه‌ر بینیت وایه‌ره‌كان ژه‌نگیان كردووه‌ یان پیس بوون، ئه‌وا پێویست ده‌كات پاك بكرێنه‌وه‌. كاتێك ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌یت كه‌ تێیدا ئامێری ئاسن به‌كار ده‌هێنیت كه‌ مادده‌ی گه‌یه‌نه‌رن، پێوست ده‌كات زۆر وریا بیت تا دوور بیت له‌ مه‌ترسی، یان كاره‌كه‌ بۆ كه‌سێكی له‌خۆت شاره‌زاتر به‌جێبهێڵیت.

مۆلیده‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت خراپ بووه‌

كاتێك كارپێكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كاتی زۆری ده‌وێت، یان لایته‌كانی داشبۆرده‌كه‌ت كز ده‌بن، ئه‌وا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كێشه‌كه‌ له‌ مۆلیده‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ته‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ گڵۆپی باترییه‌كه‌ت بكه‌وێته‌ كار یان هه‌ست به‌ بۆنی سوتان بكه‌یت، چونكه‌ مۆلیده‌كه‌ قایشی پێوه‌ به‌ستراوه‌. بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رێكی خێرا بوونی نییه‌، پێویست ده‌كات ئۆتۆمبێله‌كه‌ ببه‌یته‌ لای كه‌سێكی شاره‌زا. گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بهێڵیته‌وه‌ بێ چاره‌سه‌ر كردن ئه‌وا زیان به‌ باترییه‌كه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت.

ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌ پارك (بۆش)دا نییه

‌ گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌ پارك (بۆش)دا نەبێت ناكه‌وێته‌ كار، بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كار پێبكه‌یت دڵنیا ببه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ پارك (بۆش)دایه‌. به‌ڵام گه‌ر كاری نه‌كرد پێویست ده‌كات ببرێته‌ لای كه‌سی شاره‌زا.

شوێنی سویچه‌كه‌ كێشه‌ی تێدایه‌

‌كاری سویچ گواستنه‌وه‌ی كاره‌بایه‌ له‌ باترییه‌وه‌ بۆ به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌. گه‌ر كاره‌با نه‌چێت بۆ به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌، ناكه‌وێته‌ كار. ئاماژه‌یەك هه‌یه‌ كاتێك گڵۆپه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ كار ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچی تر كار ناكات، كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویسته‌ ببرێته‌ لای كه‌سی شاره‌زا. ڕێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌م كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌ش نابێت سویچی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كلیلی زۆری پێوه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و قورساییه‌ په‌ستان ده‌خاته‌ سه‌ر شوێنه‌ سویچه‌كه و‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ كاركه‌وتنی.

باتری سویچه‌كه‌ (دووگمه‌) مردووه‌

گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ت به‌ دووگمه‌ كارده‌كات و له‌ كاتی په‌نجه‌ پیاناندا هیچ ڕوونادات، مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باتری سویچه‌كه‌ مردووه‌، چونكه‌ له‌ ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ به‌ دووگمه‌ كار ده‌كه‌ن پێویستیان به‌ باترییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ناردنی سیگناڵ له‌ دووگمه‌كه‌وه‌ بۆ مه‌كینه‌كه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌. تاكه‌ چاره‌سه‌ر گۆڕینی باتری دووگمه‌كه‌یه‌.

ده‌ستپێكه‌ر (چه‌رخ)ی سه‌یاره‌كه‌ له‌كار كه‌وتووه‌

هه‌ر وه‌ك به‌ ناوه‌كه‌یدا دیاره‌ ئه‌م ئامێره‌ كاری داگیرساندنی مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌، كاتێك ویستت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت كارپێبكه‌یت و گوێت له‌ چه‌ند كرته‌یه‌ك بوو دواتر هیچ ڕووینه‌دا، كه‌واته‌  ده‌ستپێكه‌ر (چه‌رخ)ی سه‌یاره‌كەت‌ له‌كار كه‌وتووه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردن پێویستت به‌ میكانیك ده‌بێت.

قایشی مه‌كینه‌كه‌ت پێویستی به‌ گۆڕینه‌

قایشی مه‌كینه‌ لاستیكێكی درێژه‌ كه‌ مه‌كینه‌كه‌ ده‌خاته‌ كار له‌ كاتی پێویستدا، گه‌ر كێشه‌ی تێدا بێت ئه‌وا ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناكه‌وێته‌ ئیش، له‌وانه‌یه‌ گوێت له‌ ده‌نگی مه‌كینه‌كه‌ ببێت به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ هیچ ڕوونادات.

ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی زۆر ده‌گمه‌نه‌ چونكه‌ قایشی مه‌كینه گه‌ر خراپ بووبێت‌ له‌ كاتی داگیرساندا ده‌پچڕێت، وه‌ یان هه‌ندێجار له‌ كاتی كاركردندا ده‌پچڕێت(ئه‌م جۆره‌یان زۆر مه‌ترسیداره‌) ، هه‌ندێك له‌ ئۆتۆمبێڵه‌ كۆنه‌كان قایشه‌كانیان له‌ زنجیر دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر به‌رگه‌بگرن، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ش پێویستت به‌ فیته‌ر یان كه‌سی تایبه‌تی ئۆتۆمبێل ده‌بێت.

فلته‌ری به‌نزینه‌كه‌ت گیراوه‌

فلته‌ری به‌نزین یارمه‌تی گه‌یاندنی به‌نزین ده‌دات له‌ ته‌نكی به‌نزینه‌وه‌ به‌ پاكی و باشی به‌ مه‌كینه‌ی سه‌یاره‌كه‌. هۆكاری گیرانی فلته‌ری به‌نزین، به‌كار هێنانی به‌نزینی پیسه‌ یان نەگۆڕینی فلته‌ره‌كه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر.

له‌ كاركه‌وتنی دابەشکەری (ڕۆتۆر و کاپ)

دابه‌شكه‌ر كاری ناردنی ته‌زووی كاره‌بایه‌ بۆ سوتاندنی به‌نزینه‌كه گه‌ر (كاپ)‌ـه‌كه‌ جوان نه‌سترابێت یان (ڕۆتۆر) له‌ كار كه‌وتبێت، دابه‌شكه‌ره‌كه‌ ناتوانێت ته‌زووه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌. هه‌واڵی خۆش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كاندا چه‌ند كۆیلێك به‌كار ده‌هێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك یه‌كێكیان له‌ كاركه‌وت ئه‌وی تریان بكه‌وێته‌ كار، به‌ڵام له‌ ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كاندا پێویستت به‌ فیته‌ر یان كه‌سی شاره‌زا ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی.

سوكانی ئۆتۆمبێله‌كه‌‌ قفڵ بووه‌

گه‌ر سوكانی ئۆتۆمبێله‌كه‌‌ قفڵ بووه‌ ئه‌وا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ كار (گه‌ر كاریش بكات نابێت هه‌وڵ بدەیت لێیبخوڕیت چونكه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت پێچ ناكاته‌وه‌)، بۆ چاره‌سه‌ر كردنی به‌ هێواشی سوكانه‌كه‌ به‌لای ڕاست و چه‌پدا بسوڕێنه‌ كاتێك سویچه‌كه‌ له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌. یان سویچێكی تر به‌كار بهێنه‌، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی داخورانی ددانی كلیله‌كه‌یه‌، یان ده‌توانیت په‌یوه‌ندی به‌ فیته‌ر یان كه‌سی تایبه‌تی ئۆتۆمبێله‌وه بكه‌یت.‌

ئۆتۆمبێله‌كه‌ت به‌نزینی تێدا نه‌ماوه‌

هه‌ندێك جار چاره‌سه‌ره‌كه زۆر ئاسانه‌، هه‌رگیز له‌بیری مه‌كه‌ تانكی به‌نزینه‌كه‌ت پڕ بكه‌یت به‌ر له‌ گه‌شتێكی دوور، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی ئاساییشدا. له ‌وه‌رزی زستاندا مه‌هێڵه‌ تانكی به‌نزینه‌كه‌ت كه‌م ببێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌كرێت شێی ناو تانكی به‌نزینه‌كه‌ چڕببێته‌وه‌ و ببێت به‌ ئاو، كه‌ زیان به‌ مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت‌.


سەرچاوەکان



826 بینین