ئاشنانەکردنی منداڵ بە ئادابەکانی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-08-18:20:00 - کۆدی بابەت: 2086
ئاشنانەکردنی منداڵ بە ئادابەکانی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ئاشنا نەکردنی منداڵ بە ئادابەکانی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ئاشنا نەکردنی منداڵ بە ئادابەکانی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی، وەک پێشوازی و بەدەرەقەکردنی میوانەکانم، شوشتنی ددانەکان، ڕێزگرتن لە گەورە، ڕێزگرتن لە مامۆستا، شێوازی نان خواردن، شێوازی قسەکردن و گفتوگۆکردن و نووستن و زوو لە خەوهەستان و ....تاد

هۆكارەكانی

ئەڵبەتە ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • بە هەند وەرنەگرتنی ئادابە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
  • ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بەو ئادابانە.
  • خەمساردی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • زۆری ژمارەی منداڵ.
  • فرەکاری و نەبوونی کاتی پێویست لە بەردەستی دایک و باوک، بەهۆی سەرقاڵبوونیانەوە.
  • هەژاری و دەستکوتی و نەبوونی.

زیانەکان و جێکەوتەکانی

بێگومان ئاشنا نەبوونی منداڵ بە ئادابە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، لە گشت ڕوویەکەوە زیان بە گەشەی منداڵ دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کە لە چەند خاڵێکدا چڕیاندەکەینەوە:

  • منداڵ لەو ئادابە خێزانی و کۆمەڵایەتییانە بێبەش دەبێت و ناتوانێ وەک پێویست خۆی لەگەڵ ژیوار و واقع بگونجێنێ.
  • منداڵ وەک کەسێکی کاڵ و ناپێگەیشتوو گەورە دەبێت.
  • منداڵ دووچاری هەڵەی زۆر دەبێت.
  • منداڵ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە، بە تایبەتی لە سەرەدەریکردنەکانیدا.
  • کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشەی منداڵ جێدێڵێ، بە تایبەتی لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئادابە پێویستەکانی خێزانی و کۆمەڵایەتی ڕابهێنرێت و ئاشنا بکرێت، ئەرکی دایکان و باوکانە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • ئادابە خێزانی و کۆمەلایەتییەکان بە جددی بگرن.
  • منداڵ ئاشنا بکەن بە ئادابە گرنگەکان، بەپێی پێویست و بەپێی تەمەن.

پێویستە ئەو ئادابانە ڕەنگدانەوەیان هەبێت لەسەر کار و کردارەکانی دایکان و باوکان، بۆ نموونە کاتێ منداڵ فێری ئادابانی ددان شوشتن دەبێت، کە بە چاوی خۆی ببینێت کە ڕۆژانە دایک و باوکی گرنگی بە ددانەکانیان دەدەن و دەیشۆن، یان کاتێ منداڵ فێرە ڕێزگرتن دەبێت لە میوان، کە دایک و باوکەکانی بە شێوەیەکی شایستە و جوان ڕێز لە میوان بگرن و بە جوانی بەترەقەیان بکەن و ...تاد.
واتە دەبێ دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان ئاوێنە بن و منداڵەکانیان خۆیان تێدا ببیننەوە.


سەرچاوەکان



1113 بینین