پشتگوێخستنی کێشەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-00:33:00 - کۆدی بابەت: 2101
پشتگوێخستنی کێشەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

پشتگوێ خستنی کێشە و ئارێشەکانی منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پشتگوێخستنی کێشە و ئارێشەکانی منداڵ، واتە ئەو جۆرە دایک و باوکانە، نە گرنگی بە کێشەکانی منداڵ دەدەن، نە چارەسەری گونجاویشی بۆ دەدۆزنەوە، بۆ نموونە: ئاستی منداڵ لە قوتابخانە دادەبەزێت، منداڵ درەنگ دەچێتە قوتابخانە و درەنگ لە قوتابخانە دێتەوە بۆ ماڵەوە، هەروەها منداڵ ئەرکەکانی مالەوە جیبەجێ ناکات و بە شێوەیەکی فەرمی و چەندین جار لە لایەن قوتابخانەوە ئاگادار دەکرێنەوە، بەڵام دایک و باوکی منداڵ مشوری ئەم پرسە ناخۆن و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نادەن و بە شێوەیەکی کردەیی فەرامۆشی دەکەن.
یاخود منداڵ شەوانە درەنگ دێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبێتە دۆست و هاوڕێی کەسێکی خراپ و ڕابردوو ناپاک، جگەرە دەکێشێ و ..تاد. هەر چەند دایک و باوکی منداڵ ئاگاداری ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نامۆیانەن و لە لایەن کەسانی دیکەوە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پرسە بە هەند وەرناگرن و نایکەب بە خەمی خۆیان و فەرامۆشی دەکەن و خۆی لێ ناکەن بە خاوەن و لێی ناپرسنەوە و پشتی تێدەکەن.
ئەڵبەتە ئەمەش بۆچەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە.

هۆكارەكان

کە لە چەند خاڵێکدا چڕیان دەکەینەوە:

  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکەن.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە خەمسارد و کەمتەرخەم و بێباکن.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە هەست بەو مەترسییانە ناکەن کە لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی خودی ئەوان و منداڵەکانیان و کۆمەڵگە دەبێتەوە.
  • نزمی ئاستی  زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • ئەو ژینگەیەی کە دایک و باوک تێێدا دەژین، ناتەدروستە.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە ئاشنا نین بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە ئەزموونیان کەمە لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە خاوەن پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە نین و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەژین.
  • هەندێ جار ئەو جۆرە دایک و باوکانە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە.
  • هەندێ جار ئەو جۆرە دایک و باوکانە کۆنترۆڵیان بەسەر منداڵەکانیاندا نییە، جا بەهۆی بەناز پەروەردەکردنیان، یان فەرامۆشکردنیانەوە بێت
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە دوور لە واقع بیردەکەنەوە و ڕاستییە بەرجەستەکان وەک خۆی ناخوێننەوە.

شایانی ئاماژە پێکردنە ئەگەر دایک و باوک بۆ هەر کێشەیەکی منداڵ، چارەسەرێک و، بۆ هەر زامێکی، ساڕێژێک و، بۆ هەر دەردێکی، دەرمانێک و، بۆ هەر ژانێکی، هەتوانێک نەدۆزنەوە، زوو یان درەنگ منداڵەکانیان، ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە و چارەنووسیان بەرەو هەڵدێت دەچێت.

كێشەكان

گرنگترین ئەو کێشانەش ئەمانەن:

  • منداڵ بەدەست کۆمەڵێک کێشەی جددیەوە دەناڵێنێ، کە ڕەنگە تا کۆتایی تەمەنی ژیانی لەگەڵیدا بمێنێتەوە!
  • منداڵ توانا و بەهرەکانی خۆی لەدەست دەدات و وەک وەرزی پایز دووچاری خەزان دەبێت!
  • منداڵ لە زۆر شت بێبەش دەبێت و لە ئایندەدا بۆی قەرەبوو ناکرێتەوە، وەک لەدەستدانی خوێندن و لەدەستدانی متمانە و پشت بەخۆبەستن و ...تاد.
  • منداڵ تا بینەقاقا، ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی جیاجیا دەبێتەوە و هەندێ لەو کێشانە تا مردن لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
  • دایک و باوک وەک پێویست سوود لە بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان وەرناگرن و لە بری قازانج، بە زیان بەسەریاندا دەشکێتەوە.
  • کۆمەلگە بە لەدەستدانی بەهرە و توانای ئەو جۆرە کەسانە، دووچاری زیانێکی زۆر دەبێت.
  • دایک و باوک دەبنە نموونەیەکی خراپ بۆ منداڵەکانیان، چونکە زۆربەی جار منداڵ چاو لە دایک و باوک و مامۆستاکانی خۆی دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانەوە.
  • کێشەکان هەرچەند بچووکیش بن، ئەگەر بەبێ چارەسەر مانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبن و دواجار چارەسەرکردنیان ئەستەم و مەحاڵ دەبێت.
  • زۆرجار ئەو کێشانە ئاگر لە دامێنی دایک و باوکەکان بەردەدەن و بەهۆیەوە دەسووتین و ژیانیان لێ دەبێت بە ژان!

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان سنوورێک بۆ ئەو کێشە و گیروگرفتانە دابنێن کە بەرەو ڕووی منداڵەکانیان دەبنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • نابێ دایک و باوک هیچ کێشەیەک بێ جارەسەر بهێڵنەوە، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت.
  • دەبێ دایک و باوکەکان، پلان و بەرنامە و ستراتیژیان هەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان و، نابێ لە هیچ دۆخ و حاڵەتێکدا پشت لە منداڵ بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک بە گشت قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ ئاشنا بن.
  • دەبێ دایک و باوکەکان ڕۆڵی پەروەردەکار و فێرکار و چاودێر و ڕێنماییکار و سەرپەرشتیار ببینن.
  • دەبێ ڕەگ و سەرچاوەی هەر کێشەیەک بدۆزنەوە و هۆکار و پاڵنەرەکانی بزانن، بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هۆکار و پاڵنەرانە، چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.


سەرچاوەکان



2772 بینین