زایەکردنی سپاردە بە منداڵان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-02:35:00 - کۆدی بابەت: 2114
زایەکردنی سپاردە بە منداڵان

ناوه‌ڕۆك

زایەکردنی سپاردە (ئەمانەت)

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە زایەکردنی سپاردە، جا سپاردە و ئەمانەتەکە ماددی بێت یان مەعنەوی، کەم بێت یان زۆر، پەیوەندی بە منداڵەوە هەبێت یان کەسانی دیکەوە، گرنگ ئەوەیە، بە زایەکردنی سپاردە، دایک و باوک بڕوا و متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن و ئیدی ئەستەمە بتوانن قەناعەت بە منداڵ بکەنەوە کە ئەوان لە هەموو بوارێکدا چاوساغی ئەون!! یان ئەستەمە بتوانن ئەو قەناعەتە بۆ  منداڵ دروست بکەن کە سپاردە پارێز بێت و هەمان هەڵەی ئەوان دووبارە و چەندبارە نەکاتەوە.
بۆ نموونە: کاتێ منداڵ یەکێک لە نهێنییەکانی خۆی بۆ دایکی یان باوکی دەگێڕێتەوە، بەڵام حەز ناکات جگە لەوان کەسی دیکە ئەو نهێنییە بزانێت، بەڵام دایکی یان باوکی، بە بێ مۆلەت و ئاگادارکردنەوەی منداڵەکە، ئەو نهێنییە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکات و بڵاوبکاتەوە!
ئەم حاڵەتە، سەرەڕای نیگەران کردن و تووڕەکردنی منداڵەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ جاریکی دیکە نهێنییەکانی خۆی بە دایک و باوکی نەبێژێتەوە و بە ئاسانی بڕوا و متمانەیان پێ نەکاتەوە!
یان کاتێ دایک، لە پێش چاوی منداڵ، دەست بۆ شتی دوکاندارێک دەکات و دەیخاتە ناو جانتاکەیەوە، ئیدی لەو ڕۆژە بەدواوە ئەستەمە بتوانێ قەناعەت بۆ منداڵەکەی دروست بکات کە دەست بۆ شتی خەڵکی نەبات و دزی نەکات!!

یان کاتێ باوک لە پێش چاوی منداڵەکەی، بڕە پارەیەک لەسەر زەوی یان لە وێستگەی پاس هەڵدەگرێتەوە، و دەیخاتە گیرفانیەیوە، دواتر هەر بەو پارەیە شتێک بۆ منداڵەکەی یان ماڵەوە دەکڕێت! ئەستەمە قەناعەت بە منداڵەکەی بکات و وا پەروەردەی بکات کە هەر کاتی لە قوتابخانە یان شەقام یاخود لە هەر شوێنێکی دیکە، شتێکی دزۆییەوە، بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی!

هۆكارەكان

ئەڵبەتە زایەکردنی سپاردە لە لایەن هەندێ لە دایکان و باوکانەوە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هۆکاری بۆماوەیی.
  • گەورەبوونی دایک و باوک لە ناو ژینگەیەکی ناتەندروست دا.
  • چاوچنۆکی و لاساری.
  • خۆ دزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • خراپی ڕەوشی ئابووری.
  • دوورکەوتنەوە لە بەها ڕەوشتی و ئاینییەکان.
  • سەروەرنەبوونی یاسا.
  • لاساییکردنەوەی کەسانی دیکە.
  • هەبوونی گرێی دەروونی و ...تاد.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

بێگومان زایەکردنی سپاردە لە لایەن دایکان و باوکانەوە، هەر تەنیا زیان بە خۆیان ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە بەرژەوەندی منداڵ و خێزان و کۆمەڵگەش دەگەیەنێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ لە ڕێگەی دایک و باوکییەوە فێرە زایە کردنی ئەمانەت دەبێت و دەبێتە کەسێکی دەستپیس!!
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
  • کێشە و گرفت بۆ دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە دروست دەبێت و بێ متمانەیی و بەدگومانی لە ناو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە.
  • منداڵ کۆمەڵێک بەهای وەک: ڕاستگۆیی و دەستپاکی لەدەست دەدات.
  • منداڵ لە ئەرک و کارەکانیدا دەستپاک نابێت و لە ژیانی خۆیدا ڕووبەڕووی کێشەی مەزن دەبێتەوە.
  • منداڵ فێرە چاولێکەری نەرێنی دەبێت.
  • منداڵ خوو بەو کارەوە دەگرێت، کە گەورەش بوو، بەدەستییەوە دەناڵێنێ.
  • دایک و باوک بە زایەکردنی سپاردە، ناتوانن ببنە نموونەیەکی چاک بۆ منداڵەکانیان.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ لە ناخەوە هەست بە متمانە بکات و بڕوایەکی پتەوی بە دایک و باوکی هەبێت، پێویستە لەسەر دایک و باوکی، تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدەن لە گشت کایەکانی ژیاندا بە شێوەیەکی تەندروست سەرەدەری لەگەڵ منداڵدا بکەن و نەکەونە داوی هەڵە و تەڵەوە، بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش، پێویستە ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن:

  • پێویستە لە سەرەدەریکردندا، لەگەڵ منداڵەکانیان، ورد و ڕاستگۆ بن و خۆیان لە چەواشەکاری و فێڵبازی و درۆ و ساختەکاری بپارێزن.
  • بە کردەوە بسەلمێنن کە دەستپاک و ئەمانەتپارزێزن و سپاردە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێننەوە.
  • کرداریان، ڕەنگدانەوە گوفتاریان بێت و ئەوەی دەیبێژن، لە گۆڕەپانی کارکردندا بسەلمێنن.
  • پێویستە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان هەبێت، لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتن.
  • متمانەیەکی پتەو لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان هەبێت.
  • پێویستە دایکان و باوکان پابەند بن بە پەیمان و بەڵێنەکانیانەوە و خۆیان لە پەیمان شکاندن و درۆکردن بپارێزن.


سەرچاوەکان



640 بینین