دوورکەوتنەوەی دایک و باوک لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی درێژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-13:17:00 - کۆدی بابەت: 2121
دوورکەوتنەوەی دایک و باوک لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی درێژ

ناوه‌ڕۆك

دوورکەوتنەوەی باوک یان دایک یان هەردووکیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ماڵەوە

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە دوورکەوتنەوەیان لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، جا بە هەر پاساوێک بێت، بۆ نموونە: باوکی وا هەیە بە مەبەستی بازرگانی کردن، بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەندەران (تاراوگە) دەمێنێتەوە، و تا چەندین مانگ ناگەڕێتەوە ماڵەوە، یاخود باوکی وا هەیە بە پاساوی خوێندن لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، ڕوو لە هەندەران دەکات و بۆ چەند ساڵێک ناگەڕێتەوە، یان باوکی وا هەیە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری ڕوو لە هەندەران دەکات و لە کەمپەکان دەکەوێ و بە ساڵان منداڵەکانی نابینێتەوە، یان جاری وا هەیە، دایک و باوکەکە پێکەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە منداڵەکانیان دادەبرڕێن، بۆ نموونە دایک دووچاری نەخۆشییەکی درێژخایەن دەبێت و پێویستی بەوە دەبێت لە دەرەوە بێتە چارەسەر کردن، ناچار هاوسەرەکەی لەگەڵی دەچێتە دەرەوە و منداڵەکانیان لای یەکێک لە خزمە نزیکەکان جێدێڵن و بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانن بگەڕێنەوە.
هەبوونی هەموو ئەم حاڵەتانە و  هاوشێوەکانی، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و دایک و باوکەکەشی دەگەیەنێت، چونکە هەبوونی باوک یان دایک لە ماڵەوە زۆر گرنگە، بۆ ئاڕاستەکردن و ڕاستەڕێکردن و ڕێنمایی کردن و ئامۆژگاریکردن و دابینکردنی پێداویستییە ماددی و مەعنەویییەکانی منداڵ.
ئەڵبەتە کە باوک یان دایک، یان هەردووکیان پێکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە منداڵەکانیان دابڕان، کەلێنێکی زۆر دروست دەکات و ئەم زیانانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت:

  • منداڵ لە هەموو تەمەنەکاندا زۆر پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکی هەیە، بۆیە بە دوورکەوتنەوەیان، لەو سۆز و خۆشەویستییە بێبەش دەبێت و قەرەبوو ناکرێتەوە.
  • منداڵ هەمیشە و لە هەموو تەمەنێکدا پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی و پاڵپشتی و کۆمەكی دایک و باوک هەیە، بۆیە بە دوورکەوتنەوەیان، ئەو پاڵپشتە ماددی و مەعنەوییە لە دەست دەدات و بێناز دەکەوێت.
  • بە دوورکەوتنەوەی دایک یان باوک لە منداڵ، کەلێنێک لە نێوانیاندا دروست دەبێت و زۆرجار منداڵ ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و واز لە قوتابخانە دێنێ، یان تووشی هاوڕێی خراپ دەبێ و کێشە بۆ خەڵک و خزم و کەس و هاوسێ دروست دەکات و دەبێتە کەسێکی لاسار و یاخی و شکستخواردوو.
  • ئەگەر منداڵ بەبێ دایک و باوک یان هەردووکیان گەورە بوو، ئەو سۆز و ڤیان و سۆزەی بۆ دایک و باوکی نامێنێ و دیوارێک لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
  • دوورکەوتنەوەی دایک و باوک بۆ ماوەیەک، وا دەکات بە ئاسانی نەتوانن منداڵەکانیان بخەنەوە سەر هێڵە ڕاستەکە و ئاڕاستەیان بکەن و بە شێوەیەکی سەرکەوتوویان پەروەردەیان بکەن.

چارەسەر کردنی ئەم ‌هەڵەیە

بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان دایک و باوک، پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ بێت و هەردوولا بتوانن لە سەقا (کەش و هەوا)یەکی گونجاودا ڕۆڵی یەکتر تەواوکەر ببینن و لە ئەرکەکانیاندا سەرکەوتوو بن، بە تایبەتی دایکان و باوکان، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • دەبێ دایک و باوک تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدەن لە ماڵەوە دوور نەکەونەوە، بە تایبەتی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، چونکە هیچ کەسیک لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکاندا ناتوانێ ببێتە جێگرەیەوەیان، بۆیە هەم بۆ دایک و باوک، هەمیش بۆ منداڵ پێویستە پێکەوە بن و لە یەکتری دوور نەکەونەوە، بۆ ئەوەی هەم دایکان و باوکان ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن و نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و وشیار و بێدا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پێشکەوتوو و سەرکەوتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، هەم منداڵەکانیشیان لە سۆز و خۆشەویستی و توانا ماددی و مەعنەوییەکانیان بێبەش نەبن و ببنە کەسانی زانا و دانا و بەتوانا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پشتبەخۆبەستوو و لێهاتوو و سەرکەوتوو لە گشت کایەکانی ژیاندا.
  • دەبێ دایک و باوک خەمی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بخەنە پێش خەمە تایبەتەکانی خۆیانەوە و تا پێویست نەبێت، لێیان دوور نەکەونەوە.
  • ئەگەر دایک یان باوک یان هەردووکیان ناچاربوون بۆ ماوەیەک لە منداڵەکانیان دووربکەونەوە، تا بکرێ باشتر وایە منداڵەکانی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، ئەگەر نەکرا، دەبێ منداڵەکانیان بە کەسێک یان کەسانێک بسپێرن کە نزیک بن لە خۆیانەوە و جێێ متمانەی دایک و باوکەکە و منداڵەکانیان بن و شایانی لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەمانەتە مەزنە بن و کەسانی خەمخۆر و دڵسۆز بن و، وەک منداڵەکانیان بە یەک چاو سەیریان بکەن.
  • لە کاتی دوورکەوتنەوەی دایک و باوک لە منداڵەکانیان، دەبێ هەمیشە و ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە پەیوەندی بەردەوام بن لەگەڵ منداڵەکانیان و لە سۆز و خۆشەویستی و ئامۆژگاری و ڕێنماییە پێویستەکان بێبەش نەکەن.
  • جار بە جاری دیاری و خەڵات بۆ منداڵەکانیان بنێرن، بۆ ئەوەی ببێتە هەستی سۆز و خۆشەویستی.
  • ئەگەر بکرێت، جاربەجار سەردانی ماڵەوە بکەن، بۆ ئەوەی مەودای لێک دوورکەوتنەوەیان نزیک بکەنەوە و ماوەیەکی زۆر نەکەوێنە نێوانیانەوە.
  • پێویستە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و پتەو لە نێوان دایک و باوکی منداڵەکان و خزم و کەسوکارەکانیان هەبێت، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان دەگرنە ئەستۆ.
  • پێویستە ڕۆژانە لە ڕێگەی خزم و کەسە نزیکەکانیانەوە ئاگاداری ڕەوش و حاڵی منداڵەکانیان بن، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا هەنگاوی پێویست بنێن و بڕیاری پێویست بدەن.


سەرچاوەکان



490 بینین