کاریگەری تەڵاق لەسەر منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-21:44:00 - کۆدی بابەت: 2162
کاریگەری تەڵاق لەسەر منداڵ

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری تەڵاق لەسەر دەروونی منداڵ

خێزان کە یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا، لە دوو پایەی سەرەکی پێک دێت کە بریتییە لە (ژن و پیاو)، بوونی منداڵ لە نێوان ئەو دوانەدا هۆیەکە بۆ پتەویی و بەردەامی ئەو بنچینەیە، هەر بۆیە ئەو پیاو و ژنەی کە دووچاری کێشەی تەڵاق دەبنەوە.. بە هەر هۆیەك بێت، لەبەر بەرژەوەندی منداڵەکانیان هەوڵ دەدەن تا ماوەیەک دان بە خۆیاندا بگرن و ئارام بگرن، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دووربن لە ئاوارەیی و ئازار نەچێژن.
هەرگیز نابێت لەو کاریگەرییەی کە تەڵاق دەیکاتە سەر منداڵ بە کەم سەیر بکرێت، چونکە تێکچوون و لێک هەڵوەشانی خێزان، سەرەکیترین هۆکارە لە دروست بوونی کێشە کۆمەلایەتییەکاندا.
تەڵاق و جیابوونەوە لە هەموو کاتێکدا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر منداڵ، ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراوە لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لە یەک جیابوونەتەوە نیشانی داوە کە زۆر شوێنەواری خراپی بەسەر منداڵەوە بەجێ هێشتووە.
زۆرجار تەڵاق لە ساڵی یەکەم و دووەمی ژن و مێرددا ڕوو دەدات بەهۆی ناکۆکی و نەگونجانیان، بۆیە دەبیبین ئەو منداڵانەی کە دایکیان تەڵاق دراوە زۆر بچووک و کەم تەمەنن، ئەم منداڵانە درەنگتر لە منداڵە گەورەکان شارەزای تەڵاق دەبن و دەزانن تەڵاق چییە.
هەرچەندە زۆر جار ئەو ژن و مێردەی کە دەیانەوێ لە یەک جباببنەوە لەبەر بەرژەوەندی مندالە بچووکەکەیان ئارام دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا کێشە گیر و گرفت و ناکۆکی بەردەوامە لە نێوانیادا.
(بادلین) زانایەکی دەروونناسییە، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایکیان تەڵاق دراوە ئامادە کرد، بۆی دەرکەوت ... ئەو  منداڵانەی کە بچووکن کاریگەری خراپتری دەبێت لە چاو مندالانی گەورەدا، تا تەمەنی منداڵ بچوکتر بێت کاریگەریەکەی خراپتر دەبێت، منداڵی شیرە خۆرە کاتیک کە دایکی ماڵ بەجێ دەهێڵێت و منداڵەکەی لای باوکی دەمێنێتەوە ... ئارەزووی خواردنی کەم دەبێتەوە و بێ تاقەت و بێدەنگ دەبێت، هەر بە زانینی تەڵاق لە نێوان دایک و باوکیدا دەشڵەژێت و باری دەرونی تێك دەچێت و زۆربەی جاریش هەوڵ دەدات چارەسەری کێشەی نێوان دایک و باوکی بکات و دایک و باوکی بگەڕێنەوە بۆ لای یەک.
منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی دەکەوێتە پرسیار کردن کە بۆ وەکو جاران لە یەک ماڵدا ناژین؟!
زۆرێك لە دایک و باوکان لەم پرسیارانەی منداڵەکانیان ڕادەکەن و بە وەڵامێکی گونجاو وەڵامی منداڵەکانیان نادەنەوە.
بۆیە منداڵ بەهۆی دەست نەکەوتنی وەڵامێکی گونجاو بۆ پرسیارەکانی زیاتر باری دەروونی تێکدەچێت و تووشی گیر و گرفت دەبێت.
(ماک درمان) لە زانکۆی (میشیگان) توێژینەوەیەکی ئەنجامدا لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لە یەک جیابوونەتەوە، لە ئەنجامدا بۆی ڕوون بوویەوە کە لە ١٠٠٪ی ئەو منداڵانە شوێنەواری تەڵاقیان لەسەر جێماوە بە ڕادەی جیاواز.
(٦٢٪)ی ئەو منداڵانە لە بارێكی زۆر خراپ و بێتاقەت و توڕە و گرینۆک و بیانوگرن، وە زۆر حەز دەکەن کە ژیانیان وەکو جارانی لێ بێتەوە و ژیانیان لەگەڵ دایک و باوکیان بەیەکەوە بەسەر بەرن.
هەندێک لەم منداڵانە زۆر لاسار دەردەچن و کاری وێرانکاری و شکاندنی کەلوپەلی منداڵ زۆر دەکەن. بۆ ئەوەی سەرنجی دەورووبەریان بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەم مندالانە ئامادەن خراپترین کار بکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو شتەی لەدەستیان چووە.
هەندێک جاریش ئەم منداڵان لە ماڵ دەردەچن و ماڵ بەجێ دەهێڵن، زۆر جار مندال خۆی بە تاوانبار دەزانێ و وا هەست دەکات، کە دایک و باوکی بە هۆی ئەمەوە لە یەک جیابوونەتەوە.
لە ١٩٪ی ئەو مندالانە لە جیهانی خەیاڵیدا دەژین و ئاگایان لە خۆیان نییە و خەیاڵ دووریان دەخاتەوە لە دەوروبەر، بۆ نموونە: منداڵ لە قوتابخانە ئەگای لە وانەکانی نامێنێ و نازانێ مامۆستاکەی چی بۆ باس کردون.
ئەم جۆرە منداڵانە ترسنۆک دەردەچن و زۆر بە حەزەرەوە کار دەکەن، چونکە دەترسن لەوەی کە یەکێکی تریش لە ئەندامانی خێزانەکەیان لێیان جیاببێتەوە.
هەروەها مندال زۆر پرسیار لەوە دەکات کە ئایا هەڵەی کامیان بوو؟ واتە دایک و باوکی، زۆرجار لە ئەنجامی ئەم جیابوونەوەیە ڕق لە یەکێکیان هەڵدەگرێ و بە تاوانباری دادانێ.
پێویستە لەسەر دایک و باوکان پێش جیابوونەوە بە خۆیاندا بچنەوە، مەگەر هەر چارەسەر نەبوو ئەوا بە جدی باس لە دواڕۆژی منداڵەکانیان بکەن و، کارێکی وای بۆ بکەن کە کاریگەری تەڵاقەکە کەم بکەنەوە لەسەر دەروونی منداڵەکە، ئەویش بەوە دەبێت:

  • لەگەڵ ڕەچاوکردنی تەمەنی مندالەکە ئەوەی کە پێویستە دەربارەی جیابوونەوەیان باسی بکەن، بۆ ئەوەی کارێکی کتوپڕ نەبێت.
  • منداڵەکە تێبگەیەنن کە ژیانی لەمەودوای چۆن دەبێت و دڵنیای بکەن لەوەی کە چاوی بە هەردوکیان دەکەوێت.
  • منداڵەکە دڵنیا بکەن لەوەی کە پەیوەندی بەردەوامی بە هەردووکیانەوە دەبێت و هەردووکیان خەمی بەخێوکردنی دەخۆن.

ئاسەوارەکانی تەڵاق

  • هەڵسوکەوتی ئەو منداڵانەی کە دایکیان تەڵاق دراوە بە ئاسانی جیا دەکرێتەوە لە منداڵانی تر.
  • لە قوتابخانەدا نمرەیان زۆر نزمترە لە منداڵانی تر.
  • توانای لەبەرکردنیان کەمە و ئاگایان لە وانەکانیان نییە.
  • زۆر هەوڵ نادات بۆ بەدەست هێنانی نمرەی بەرز لە چاو منداڵانی تردا.
  • بەردەوام لە قوتابخانە هەوڵ دەدات کەلوپەلی ناو پۆل تێکبدات.
  • ئەو کوڕ و کچانەی کە دایک و باوکیان لە یەک جیابوونەتەوە وەکو یەک توڕە و توند و تیژن، بەڵام کوڕان زیاتر لە کچان توڕەییان پێوە دیارە.

لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە جیابوونەوەی دایک و باوک چ کاریگەرییەکی خراپی هەیە بۆ منداڵان، بۆیە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان هەتا دەتوانن لە یەک جیانەبنەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بێ بەش نەبن لەو سۆز و خۆشەویستییەی کە سەرچاوەکەی هەردووکیانن.
هەروەها هەوڵ بدەن هەتا دەتوانن گیر و گرفتەکانیان زوو چارەسەر بکەن و نەیەڵن درێژە بکێشێ و گیر و گرفتی تریشی لێ بوەشێتەوە و چارەسەری گران بێت و بگاتە ڕادەی ناحەزترین حەڵاڵ کە تەڵاقە.


سەرچاوەکان



2046 بینین