گرفتە دەروونییەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-21:49:00 - کۆدی بابەت: 2163
گرفتە دەروونییەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گرفتە دەرونییەکانی مندا

لای هەموانی ئاشکرایە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان دەرونێکی تەندروست و باشیان هەبێت پێویستە هەر لە تەمەنی منداڵیدا باوەشی سۆز و میهر و خۆشەویستییان بۆ بکەینەوە و ببینە پێشەنگێکی باش بۆیان، وە دیارە دایک و باوک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە خێزاندا، بۆ پێکهێنانی ئەو کەش و هەوا لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی تەندروست و باش گەشە بکەن، زیاتر لەو خێزانانەدا منداڵ تووشی تێکچوونی دەروونی دەبن کە خێزانێکی بێ بنەما و داڕوخاوە و، لە یەک گەیشتن لە نێو ئەندامانیدا کەمە یان هەر نییە، یاخود ئەو کەسانەی تاقەت و حەوسەڵەیان لەگەڵ منداڵدا نییە، ئەمەش وادەکات زۆر بە خراپی هەڵس و کەوت لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن، یان دایک و باوک بیر و بۆچوونی پێچەوانە و جیاوازیان هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا.
ئەمانە و گەلێک هۆکاری تر هەن دەبنە هۆی تووشبوونی منداڵەکان بە تێکچوونی دەروونی.
بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین دەست نیشانی گرفتە دەروونییەکانی منداڵەکانمان بکەین و ڕێگەچارەی تەواویان بۆ دابین بکەین.
زۆرێک لە زانایان و دەروون ناسان هەندێک نیشانەی سەرهەڵدانی ئەو گرفتە دەروونیانەمان بۆ دیاری دەکەن بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی ئەو منداڵە.

لە سەرەتای لەدایک بوون تا دوو ساڵی

گرفتی ئەم قۆناغە لە سەرەتا بەوە دەردەکەوێت کە ئەو منداڵە زۆر بە سستی گەشە دەکات، بەوەی کەم ئارەزووی خۆراک دەکات و زۆر کەم دەخەوێت، بەهۆی کارلێکە دەرەکییەکان لە چوارد دەوریدا وەک قەرەباڵغی و دەنگە دەنگ و کەش و هەوای نائارام لە ناو ماڵدا وا دەکات ئەو منداڵە خەوی لێ نەکەوێت و وردە وردە بەرەو ئەوەی دەبات کاربکاتە سەر دەوونی ئەو منداڵە.

لە تەمەنی دوو بۆ چوار ساڵ

ئەگەر هاتوو منداڵ بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەسەر کەم خۆراکی بەهەمان شێوە وا دەکات کە فڕێدانی پاشەڕۆ لای ئەو مندالە کە بە شێوەیەکی نائاسایی دەبێت، ئەگەر ئەو منداڵە حەز بە تێکەڵی مندال نەکات و وەڵامی هیچ داواکارییەک نەداتەوە کە داوای لێدەکرێت لێرەدا ئەو منداڵە پێویستە بەوە هەیە نیشانی پزیشکی دەروونی بدرێت.

لە تەمەنی چوار بۆ شەش ساڵی

دیارە مندال لەم تەمەنەدا سەرەتای حەز کردنیەتی بە تێکەڵی لەگەڵ ئەو ژینگەیەی کە تیایدا دەژی، خۆ ئەگەر هاتوو ئەوەی تیا دەرنەکەوت یان توانای تێکەڵی نەبوو لەگەڵ دەوروبەردا یان حەزی بە قسەنەکردن لەگەڵ کەسانی تر لە هەمان کاتدا حەزی بە تێکدانی کەلوپەلەکانی دەوروبەری کردن یان زۆر بە دڵ ڕەقی مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵانی دەوروبەری کرد، وە پشیلە و سەگ و ...هتد، بەوەی ئازاریان بدات، هەموو ئەو هۆکارانە دەگەڕێنەوە بۆ تیکچوونی دەروونی ئەو منداڵە کە پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ لەو بوارەدا بکرێت.

لە تەمەنی شەش بۆ هەشت ساڵ

ئەم تەمەنە سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی قوتابخانەیە، لەم قۆناغەدا هەندێک شتی قورس و گران لە هەندێ منداڵدا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی حەزی بە قوتابخانە نییە یان ترسی لە قوتابخانە دەبیتەوە، بەردەوام لە کاتی خەودا میز بەخۆیدا دەکات، و پەنجەی دەمژێت و هەمیشە توڕە و بێتاقەتە ...هتد.
هەموو ئەمانە نیشانەی نەخۆشی دەروونی ئەو منداڵە دەردەخات.

لە تەمەنی هەشت بۆ یانزە ساڵ

منداڵ لەم تەمەنەدا ئارەزووی جوڵە و چالاکی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر هاتو منداڵ بە پێچەوانەی ئەمە بوو، واتە حەزی بە جوڵە و چالاکی نەکرد، و حەزی بەوە دەکرد کە یاری بە شقارتە و بابەتەکانی تر بکات و هەستێکی دوژمنایەتی لە ناخیدا بەرامبەر دایک و باوکی بۆ دروست بوو بوو، بێگومان ئەمە بەلگەیە بۆ ئەوەی کە ئەو منداڵە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.
پزیشکە دەروونیەکان دەڵێن مەرج نییە هەموو کاتێک دەرکەوتنی ئەو نیشانانە لەو منداڵەدا بەڵگە بێت بۆ ئەوەی کە تووشی نەخۆشی بووە، چونکە هەندێک جار لە ئەنجامی ڕووداوی کتوپڕ لەو منداڵەدا بە شێوەیەکی کاتی دەردەکەوێت، وەک مردنی هاوڕێیەکی یان زیندانی کردنی باوکی و سەفەرکردنی دایکی.
بە پێچەوانەوە ئەگەر بەردەوام لەگەڵیدا بوو ئەوە پێویستی بە چارەسەر هەیە.

لە کۆتایدا وەدەرخستنی گرفتە دەروونیەکانی منداڵ و بە زووی چارەسەرکردنیان بە دووریان دەخاتەوە لە کۆمەڵێک گرفت کە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕووبدەن، لە هەمان کاتدا ئەو خێزانەش بەدوور دەبێت لە بوونی منداڵی نەخۆش و نادروست.


سەرچاوەکان



2594 بینین