ئیرەیی نێوان منداڵان 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-03-23:50:00 - کۆدی بابەت: 2172
ئیرەیی نێوان منداڵان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیرەیی هەستێکە کە لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات و منداڵانیش ئەم هەستەیان زۆر تێدایە، دەکرێت منداڵ ئیرەیی ببات بە خوشک و برای خۆی یاخود هاوڕێ و هاوپۆلەکانی خۆی، کە ئیرەیی هۆکاری هەیە و لەخۆوە ڕوونادات.

پەیوەندی ئیرەیی و ترس

ئیرەیی زۆر کات لەگەڵ ترسی دەروونی و تووڕەییدا بەیەکەوە گرێ دراون، زۆرینەی توێژەرەوەکان باوەڕیان وایە کە لە کچاندا بە ئەندازەیەکی زیاتر لە کوڕان بینراوە، لەلایەکی ترەوە زۆرینەی دەروونناسان باوەڕیان وایە ئیرەیی پەسەندکراو وەک دڵەڕاوکێ لەڕووی بەرەوپێشچوونی کاروبارەکانی ژیان پێویستە، و دەبێتە هۆکارێک چالاکی و توانا و هەوڵی تاکەکان بگەیەنێتە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا ئیرەیی زیاد لە سنووری خۆی وەک دڵەڕاوكێی زۆر دەبێتە دیاردەیەکی نەخۆشی و لە جێبەجێکردن و گونجاندنی منداڵدا جیاوازی دروست دەکات.

هۆکارەکان

هەندێک جار دروستبوونی ئیرەیی لە منداڵێکدا هۆکارەکەی دایک و باوکییەتی، کە لە کۆمەڵێک هەڵەی دایک و باوکەوە ڕوودەدات کە ئەمانەن:

پارێزگاری زیاد لە پێویست

منداڵەکەت ئازاد بکە و ئەوەندە مەیببەستەرەوە و سنوورێکی بۆ دابنێ، کاتێک ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لێ دەکەیت و لەناکاو دەیخەیتە ناو کۆمەڵگاوە منداڵەکە بەهۆی کەمی متمانە بەخۆبوونییەوە شەرم دەکات و کاتێک منداڵێک ببینێت کە متمانەی بەخۆی هەبێت ئیرەیی پێ دەبات.

زیادەڕەوی لە لاواندنەوەیدا

کاتێک زۆر منداڵەکەت هان بدەیت و بیلاوێنیتەوە و هەمیشە فێری بردنەوەی بکەیت، ڕۆژێک کە کەسێکی دیکە دێتە خێزانەکەتەوە و ناچاریت گرنگیش بە ئەو بدەیت ئەوا ئەم منداڵەی دیکەت دەڕوخێت و بە هۆکاری شکستی خۆی دەیبینێت و ئیرەیی پێ دەدات.

دروستکردنی کێبڕکێ

هەڵەیە کە منداڵەکانت ناچار بکەیت هەموویان یەک کار بکەن و یەک ئامانجیان هەبێت، ئەمە وادەکات کە بەردەوام لەناو یەکدا کێبڕکێ بکەن و ئیرەیی بەیەکتری ببەن و هەمیشە هەوڵبدەن یەکتری ببەزێنن.

بەراوردکردن بە کەسانی دیکە

گەورەترین هەڵەی دایک و باوک ئەوەیە کە منداڵەکەیان بەراورد بکەن بە منداڵی دیکە ئیتر خوشک و برا بێت یاخود هەر منداڵێکی دیکە، ئەمە وادەکات ڕق دروست ببێت و بەردەوام ئیرەیی ببات.

جیاوازی کردن

کاتێک دایک و باوک ئەگەر بە ئەنقەستیش نەبێت جەژنی لەدایکبوونێکی گەورە بۆ منداڵێکیان دەگرن و لەبەرامبەردا بۆ منداڵەکەی تریان وانەکەن ئەمە هەستی خۆبەکەمزانی و ئیرەیی دروست دەکات لە دڵیدا.

نیشانەکانی ئیرەیی بردنی منداڵ

بە ئاشکرا ڕەفتاری ئەو منداڵە دیارە کە ئیرەیی دەبات بەردەوام لە کاتی یاریکردندا هەوڵ دەدات زیان بدات لە منداڵی بەرامبەری و شەڕ دەکات، وەک چۆن ئیرەیی لە گەورەکاندا بەوشێوەیەیە کە هەمیشە ئەوەی ئیرەیی دەبات هەموو هەوڵی دەدات ڕێگری بکات لە گەشە و سەرکەوتنی کەسی بەرامبەر.

ڕێنوێنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیرەیی لە نێوان منداڵاندا

هەستی ئەرێنی پێ بدە

هەوڵبدە پێش هەموو شتێک هەستێکی ئەرێنی پێ ببەخشە لە هەموو کارێکدا، بۆ نموونە ئەگەر هاوڕێکەی نمرەیەکی بەرزی هێناوە سەرەکۆنەی مەکە و بەراوردی مەکە بە ئەو، بەڵکوو دەست خۆشی لێ بکە و بڵێ ئەوەش دەبێت و تێپەڕی گرنگ جاری داهاتووە کە من متمانەم پێتە نمرەی باش دەهێنیت، ئەم قسانە هەستێکی زۆر باش دەدەن بە منداڵەکەت و دووریدەخەنەوە لە ئیرەیی.

گوێ بگرە

زۆرجار ئیرەیی ڕەگێکی قوڵی هەیە و پێویستی بە چارەسەرێکی درێژخایەنە، باشترین و یەکەمین هەنگاو گوێ گرتنە بۆ منداڵەکەت دەربارەی هەستەکانی و پرسیارکردن دەربارەی هۆکاری ئیرەیی بردنی بە کەسێکی تایبەت، بەمە دەتوانن پێکەوە ئەو کێشانە ئاسانتر چارەسەر بکەن.

فێری هاوبەشی پێکردنی بکە

منداڵەکەت فێربکە هاوبەشی بکات بە یارییەکانی و پێکەوە لەگەڵ منداڵی دیکەدا یاری بکەن، ئەمە وادەکات کە هەستی ئیرەیی کەمتر زاڵ ببێت بەسەریدا.

منداڵەکەتت خۆش بوێت

هەموو دایک و باوکێک منداڵەکەی خۆش دەوێت، بەڵام نازانن چۆن خۆشەویستییەکە دەربڕن، خۆشەویستی واتە پاڵپشتی منداڵەکەت و گوێگرتن بۆی و پیاهەڵدانی و یارمەتیدانی لە گەیشتن بەو ئامانجەی خۆی دیاری کردووە.

دوورکەوە لە بەراوردکردن

بەهیچ شێوەیەک منداڵەکەت بەراورد مەکە بە منداڵی دیکە، چونکە هەستی ئیرەیی زیاتر دەکەیت لە منداڵەکەتدا، بەتایبەت نمرەکانی قوتابخانەی هەرگیز بەراورد مەکە بە خوشک و برا و هاوڕێکانی و یارمەتی بدە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات و دوای ئەوە پشتگیری بە و چ نمرەیەکی هێنا ڕێزی لێ بگرە.


سەرچاوەکان



1714 بینین