خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (خانوەکەی مزگەوتێ)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-12-01:49:00 - کۆدی بابەت: 2184
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (خانوەکەی مزگەوتێ)

ناوه‌ڕۆك

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (خانوەکەی مزگەوتێ) 

ڕۆمانی خانوەکەی مزگەوتێ، ڕۆمانێکی ناوازەی ڕۆماننوسی خۆشناوی ئێرانی ‌(حسێن قائمولقامی فەراهانی)یە ،ژمارەی لاپەڕەکانی 470 لاپەڕەیە.

زوانناس و وەرگێڕی قەدرگرانی کورد شەفیقی حاجی خدر ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوە، بۆ سەر زوانی شیرینی کوردی شانۆی ڕوداوەکانی ڕۆمانەکە لە شاری (زنجان)ی ئێرانە،نوسەر لەڕێگەی گێڕانەوە و باس کردنی بەسەرهاتی مزگەوتێکی شاری زنجان و ماڵباتێکی سەرپەرشتیکاری مزگەوتەکەوە بەشێوازێکی زۆر مەکۆکی وتۆکمە دەقەکەی چنیوە , تەوەر و کرۆکی ڕۆمانەکە باس لە ڕۆژگاری کۆتایی دەسەڵاتی (حەمەڕەزاشا)ی ئێران وڕۆژانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات !
سەرەتای ڕۆمانەکە بەشێوازێکی ئاسایی باس لە ژین و ژیانی ئەو ماڵباتەدەکات کە سەرپەرشتی مزگەوتەکە دەکەن، کە پێک هاتون لە سێ ئامۆزا (ئاغاجان ومەلا ئەلسابری) و لەخانوەکەی مزگەوتێ دا هەمووشتێک بەڕیتمێکی ئاسایی دەڕوات ، هەتا ئەوکاتەی مەلایەکی گەنج لەشاری قومەوە دێتە ماڵەکە و داوای دەستی کچێکیان دەکات بۆخۆی، مەلاکە ناوی (خاڵخاڵی)یە ‌!
ئەو خاڵخاڵییەی کە لە ساڵانی دواتردا دەبێتە هەمەکارە و کارلەبەڕۆیشتوو لە ڕژێمە نوێیەکەی ئێران دا و دەبێتە دادوەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران دا وحوکمی مەرگ بەسەر سەدان، نەیار و دژەبەری ڕژێمەکەی دا دەدات !
یەکێک لەکارەکتەرە سەرنج ڕاکێشەکانی ناو دەقەکە (نوسرەت)ـە کەکوڕی ماڵی خودانی مزگەوتەکەی شاری زنجانە ، نوسرەت لە شاری تاران و لە فەزایەکی کراوەی کۆمەڵایەتی دەژی ، بەپێچەوانەی خێزانەکەیەوە لە زنجان نوسرەت لەشاری تاران لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی سەردەمدا دەژی و بۆ یەکەمجار بەدزییەوە تەلەفیزۆنێکی نوێ دەهێنێتەوە بۆ ماڵەکە ، کەدەبێتە مایەی مشت و مڕو مقۆمقۆ و گەنگەشە !
دواتر نوسرەت هۆگری کاری فۆتۆگرافەری دەبێت و بە کامێراکەی زۆربەی ڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تۆماردەکات.
هەمیشە بەو خەیاڵەوە دەژی کە پشکی هەبێت لە پەرەسەندنی سینەمای ئێرانی دا !
بۆیە لەڕێگەی فیلمێکەوە دەتوانێ سەرنجی خومەینی ڕابەری شۆڕشەکە بۆ سینەما و گرنگی سینەما ڕابکێشێ !

تەوەری کۆتایی ڕۆمانەکە باس لەو گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییە دەکات کە ڕووی داوە بەهۆی شۆڕشەکەوە ، بەجۆرێک کە کاتێک جەوادی کوڕی ئاغا جان دەستگیردەکرێ لەلایەن پاسەوانی شۆڕشەکەوە بەتۆمەتی چەپ بون و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستمی سۆسیالیستی لە گوندێک دا بەناوی (گوندی سور) باوک و دایکی هەوڵدەدەن بەری بدەن، بۆیە ناچار دەبن ڕوو لە مام ڕەمەزان بنێن بۆ نێوەندگیری و بەردانی، ئەو مام ڕەمەزانەی کە جاران نۆکەر و پێشخزمەتی ماڵەکەیان بووە و لای ئەمان کاری کردووە، لە کارگەی مافورچنینەکەی ئاغا جان ، بەڵام کاتێک ڕووی لێدەنێن ئەو دەست دەنێ بەڕوویانەوە دەڵێ ناتوانم هیچتان بۆبکەم.


سەرچاوەکان



1232 بینین