بەشێک لە دابونەریتە خراپەکانی هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-13-01:55:00 - کۆدی بابەت: 2223
بەشێک لە دابونەریتە خراپەکانی هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

بەشێک لە دابونەریتە خراپەکان

بەشێک لە پیاوان دەستیان بە هێندێک نەریتی گەنیو گرتووە، کە پەیوەندیان بە هیچ ئاینێکەوە نییە، ئەو نەریتانە بە عەقڵیاندا چووەتە خوارەوە و لە ژیانی ڕۆژایەنەیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
بە نموونە لە شەوی یەکەم پەڕۆیەک لە ژێر بووک دادەنێن، بۆ ئەوەی نیشان بدات و ئەشەدوبیلایەک بۆ پاکداوێنی لێ بدەن، یان داوایان لێ دەکەن گفتوگۆی ئەو شەوەیان بۆ بگێڕنەوە، کە بەشێکی لە نهێنی تایبەتی ژن و مێرد و بە هەموو کلۆجێک باسکردنی حەرامە. 
وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر خوێنی کچێنی لەو شەوەدا نەهات، ئەوە مانای وایە ئەو کچە شەڕەفی خۆی لەدەست داوە! لەو حاڵەتەدا کچەکە بۆ ئەوەی خۆی لەو گرفتە ناخۆشە دەرباز بکات پەنا بۆ چەندان کاری نەشیاو دەبات!
بەشێک لە پسپۆڕانی بواری پەروەردە پێیان باشە کچەکە بە مێردەکەی بڵێت:'' بۆ لای هەر پزیشکێک تۆ هەڵی دەبژێریت، ئامادەم لەگەڵت بێم و پاکیی خۆم بسەلمێنم''. کە چوونە لای پزیشک پیاوەکە تێدەگات پەردەی ژنەکەی لاستیکییە و پێویست بە پشکنین ناکات، بەڵام ئەگەر پیاوەکە هەر سووربوو لەسەر ئەوەی بپشکنێندرێت، با کچەکە بە خۆشحاڵییەوە بچێتە باری پشکنین، بۆ ئەوەی کەم و زۆر، لە ئێستە و ئایندەدا، مێردەکەی هیچ گومانێک لە پاکیی و پاکیزەیی نەکات.
ئەگەر پیاوەکە بۆی دەرکەوت پەردەی کچەکە بەهۆی هەڵەیەکەوە لەدەست چووە، وەک خۆ تێهەڵدان و بازبازانێ و بەربوونەوە و ..تاد، باش وایە زاوا گومانی باش ببات و بە یەکجاری دەرگا لەسەر ئەو بابەتە دابخات.
پسپۆڕانی پەروەردە، ئامۆژگاریی زاوا دەکەن و دەڵێن: لەو شەوەدا باش وایە پێداگری لەسەر تەواوکردنی کردەکە نەکەیت، بە تایبەت ئەگەر بووکەخان دوودڵ و ڕاڕآ بوو، ئەمەش کارێکی هەتا بڵێی سرووشتییە. زوا هەیە وا دەزانێ ئەگەر لەو شەوەدا حەو کارەی نەکرد، ئیتر شکستی هێنا و پیاوەتی لەدەست دەرچوو.
جاری وا هەیە ئەو کردەیە چەند کاتژمێرێک دوا دەکەوێت، هێندێک جار چەند ڕۆژێک، یان چەند هەفتەیەک. دەبێ ڕەفتاری زاوا بە گوێرەی هێوربوونەوەی دەروونی بووکەخان بێت، نەک وەک شێر هێرشی بۆ ببات و دەروونی داڕوخێنێ و جەستەی داقوپێنێ، چونکە ئەم ڕەفتارە زبرە، لە داهاتوودا کاریگەرییەکی خراپی لەسەر پێوەندیی نێوانیان دەبێ و خۆشەویستی لە بەینیان کاڵ دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



861 بینین