لەدەستدانی پەردەی کچێنی

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-09-09-14:17:00 - کۆدی بابەت: 2229
لەدەستدانی پەردەی کچێنی

ناوه‌ڕۆك

پەردەی کچێنی

پەردەی کچێنی جۆری جیاوازی هەیە، هەیانە زۆر ناسک و هەشە ئەستورترە بە پێی جۆرەکەی دڕانەکەشی ڕوودەدات، هەمیشە وا وتراوە کە مەرجە پەردەی کچێنی شەوی یەکەمی هاوسەرگیری بدڕێت ئەویش بە جووتبوون، بەڵام مەرج نییە ئەمە تاکە ڕێگا بێت بۆ لەدەست چوونی پەردەکە، چەندین هۆکاری دیکە هەیە تاکوو زیان بە پەردەی کچێنی بگەیەنن و بدڕێت، کچان ترسیان زۆرە لەوەی کە وادەزانن بە هەر کارێکی قورس یاخود خووی نهێنی پەردەیان لەدەست دەدەن.

هۆکارەکانی لە دەست دانی پەردەی کچێنی

پەیوەندی سێکسی

لە کاتی جوتبوون لەگەڵ پیاوێکدا خانمان پەردەی کچێنیان لە دەست دەدەن ئەویش بە چوونە ناوەوەی ئەندامی نێرینە بۆ لەشی خانمەکە و بەمەش پەردەی کچێنی لە دەست دەدات.

وەرزشی قورس

کاتێک خانمێک بەردەوام وەرزشی قورس دەکات کە لە توانایدا نییە لەوانەیە پەردەی کچێنی زیانی پێ بگات یاخود لە دەستی بدات.

بەکارهێنانی تامپۆن لە کاتی سوڕی مانگانەدا

تامپۆن وەک سانتی لە ماوەی سوڕی مانگانەدا بەکاردێت تاکوو خانمەکە پیس نەبێت بە خوێنەکە، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ سانتی ئەوەیە کە تامپۆن دەکرێتە ناو زێوە و لەوێوە خوێنەکە هەڵدەمژێت، کە ناکرێت ئەمەش کچان بەکاری بهێنن چونکە پەردەی کچێنیان ڕێگە نادات، خۆ ئەگەر هات و کچێک مانگانە ئەمەی بەکارهێنا و ئەوا بەم هۆیەوە پەردەی کچێنی لە دەست دەدات کاتێک دەیکاتە ناوەوە.

خووی نهێنی توند

کاتێک خانمان هەر شتێک ئامێرێک یاخود پەنجە بەکاردەهێنن لەکاتی خووی نهێنیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیان ببە پەردەی کچێنیان بگات یاخود لە دەستی بدەن.

چەند هۆکارێکی دیکە

  • پاسکیلسواری
  • جوملاستیک
  • سەماکردن
  • کەوتنە خوارەوە لە شوێنی بەرزەوە
  • ڕووداوی هاتوچۆ
  • دەستدرێژی سێکسی

نیشانە جەستەییەکانی لەدەست دانی پەردەی کچێنی

خوێنبەربوون

باوترین نیشانەی لەدەستدانی پەردەی کچێنی خوێنبەربوونە و زۆرینەی خانمان لە کاتی لە دەستدانی پەردەی کچێنیدا خوێنبەربوونیان هەیە و ئەمەش بە پێی جۆری پەردەکە دەگۆڕدرێت، چونکە ٪٢٥ـی خانمان لە کاتی لەدەستدانیدا خوێن نابینن و کە ئەمەش ئاساییە و پەردەکەی خۆیان بەو جۆرەیە.

گۆڕانکاری لە زێدا

دوای ئەوەی پەردەی کچێنی دڕا پاشماوەی پەردەکە بە زێوە دەمێنێتەوە و شێوەی زێ دەگۆڕدرێت و وەک جاران نامێنێت.

ئازار و سووتانەوە

جگە لە خوێنبەربوون لە کاتی لە دەستدانی پەردەی کچێنیدا ئازار و سووتانەوەش ڕوودەدات، بە تایبەت کاتێک پەردەکە لە جۆری داخراو بێت کە کاتی جووتبوون خانمەکە پەردەکەی نادڕێت و تەنها ئازار و سووتانەوەی بۆ دەمێنێتەوە، ئەم جۆرە پەردە پێویست دەکات پزیشکی پسپۆڕ لایببات.

دواکەوتنی سوڕی مانگانە

دوای ئەوەی کە پەردەی کچێنیت لە دەست دەدەیت و هۆڕمۆنەکان چالاک دەبن، ئەگەری دواکەوتنی سوڕی مانگانە ڕوودەدات، کە ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە.

گۆڕانکاری مەمکەکان

وروژمی خوێن بۆ ناو مەمکەکان لەوکاتەدا دەبێتە هۆی هەستیاربوون و کەشەنگبوونی ماسولکەکانی مەمک، مەمک دەئاوسێت هەڵبەتە ئەم گۆڕانکاریانە کاتین و دوای سوڕی مانگانە مەمک دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

پێستێکی جوان و درەوشاوە

ئەگەر پەردەی کچێنی لە ماوەی جووتبووندا لە دەست بچێت و بەو مەرجەی کە خانمەکە بگاتە لوتکەی چێژ، کومەڵێک هۆڕمۆن لە جەستەدا دەردەدرێن کە هۆڕمۆنی دڵخۆشین و یارمەتی گەشانەوە و ڕەونەقی پێست دەدەن.

نیشانە دەروونیەکانی دوای لەدەست دانی پەردەی کچێنی

دوای لە دەستدانی پەردەی کچێنی هەڵبەتە ئەگەر کاتی هاوسەرگیری بێت خانمەکە باری دەروونی ناجێگیر دەبێت و ساتێک دەگری و ساتێک دڵخۆشە کە ئەمەش بە هۆی کاریگەری هۆڕمۆنەکانەوەیە، بەڵام ئەگەر بە هۆی ڕوداوێکەوە بێت لەدەستدانی پەردەکە خانمەکە دووچاری دڵەڕاوکێ و تێکچوونی حاڵەتی دەروونی دەبێتەوە.

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئازاری لەدەستدانی پەردەی کچێنی

زۆرێک لە خانمان لە کاتی لەدەست دانی پەردەی کچێنی ئازاری زۆر دەبینن و هەوکردن و ئاوسانی زێ ڕوودەدات هەندێک کات کە بە چەند ڕێگایەک دەتوانرێت ئەمە کەم بکرێتەوە:

  • دانانی سەهۆڵ لەسەر زێ
  • دانیشتن لەناو ئاوی سارددا
  • بەکارهێنانی حەپی ئازار وەک پاڕاسیتامۆڵ

ئەگەر بەم حاڵەتانە ئازارەکە کەم نەبوویەوە دەبێت دوورکەونەوە لە جووتبوون تاکوو خانمەکە بەتەواوی چاک دەبێتەوە و لە حاڵەتی زۆر پێویستیشدا سەردانی پزیشک بکرێت.

ئایا خانمان لە ماڵەوە دەتوانن پشکنین بکەن بۆ پەردەی کچێنی؟

بە هیچ جۆرێک خانمان ناتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ئایا پەردەی کچێنیان ماوە یان نا تەنها پسپۆڕی پزیشکی دادوەری دەتوانێت بڕیاری ئەوە بدات و زۆر جاریش قورسە کە بە ئاسانی بڕیار لەسەر هەندێک کەیس بدرێت.

لەدەست دانی پەردەی کچێنی لە ڕووی یاساییەوە

کاتێک کچێک بە هۆکارێک جگە لە هاوسەرگیریکردن پەردەی کچێنی لە دەست دەدات پێویست دەکات بابەتەکە بچێتە بەردەم یاسا، زۆرینەی کەیسەکان لە سێ حاڵەت پێکهاتوون.

  1. کچان کە زۆر جار بە هۆی ڕوداوێکەوە کەوتنە خوارەوە یاخود چەقینی شتێک بە جەستەیاندا بە تایبەت لە کچانی بچووکدا ئەمە زۆر ڕوودەدات، کاتێک یاری دەکەن و بە هۆکارێک دەبینرێت خوێن لە لەشیانەوە دێتە خوارەوە.
  2. ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیرییان کردووە و لە شەوی یەکەمی بوکێنیدا لە کاتی جووتبووندا خوێن نابینن و بۆ دڵنیایی و پشکنین سەردانی پۆلیس دەکەن.
  3. یاخود ئەو کچانەی کە لەلایەن کەسانێکەوە دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و دەیانەوێت دڵنیابن کە ئایا پەردەکەیان سەلامەتە یاخود نا.

ڕۆڵی پزیشکی دادوەری

دوای ئەوە دەبێت لە پۆلیسەوە بە نوسراوێک بابەتەکە بگەیەنرێتە پزیشکی دادوەری، لێرەدا لیژنەیەک کەسەکە دەبینن کە پێکهاتووە لە سێ پزیشک و قسە لەگەڵ خانمەکەدا دەکەن و زانیاری ڕووداوەکەی لێ وەردەگرن، دواتر پشکنینی بۆ دەکەن کە ٪٨٠ـی پشکنینەکان پزیشکەکان بە چاو بڕیار دەدەن تەنها بە بەکارهێنانی لایتێک بۆ بینینی ئەو ناوچەیە و لە هەندێک حاڵەتی گوماناوی یان قورسدا نموونە لە خانمەکە وەردەگیردرێت و دەنێردرێتە تاقیگەوە بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە.

هەروەها گرنگە کە کەیسەکە هەرچی زووە بچێتە پزیشکی دادوەری، تاکوو ماوەیەکی کەمتر تێپەڕ بووبێت بەسەر لە دەستدانی کچێنیدا پشکنینەکە وەڵامێکی باشتری دەبێت و هەروەها بۆ بەرژەوەندی خانمەکەش خۆی باشترە.


سەرچاوەکان



29312 بینین