ڕاهێنانی داوای هاوکاری کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-22:03:00 - کۆدی بابەت: 2340
ڕاهێنانی داوای هاوکاری کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی داوای هاوکاری کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

هەموو ئەو شتانەی فێری بووینە و فێری دەبین، بەهۆی هاوکاری کەسانی دەوروبەرمانەوەیە، هەر لە سادەترین زانیاری بگرە، کە فێربوونی ناوی خۆمانە، تاوەکو بەرزترین و زۆرترین ئاستی فێربوون، هەر بەهۆی هاوکاری کردنی کەسانی دەوروبەرمانەوە دەبێت.
هەر مرۆڤێکی خاوەنی زانیاری و باکگڕاوندێکی تایبەت بە خۆیەتی و جیاواز لە زانیاری و باکگڕاوندی کەسێکی تر یان مرۆڤێکی تر، ئەم جیاوازیەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە هەر وەکو لە تەوەرەکانی پێشوو باسمان کرد، هەر لە جیاوازی کەسایەتی و تەمەن و جیاوازی خێزان و کۆڵان و گەڕەک و قوتابخانە و برادەر و ...هتد.
واتە هەرچەند پەیوەندی تۆمەڵایەتیت بەهێز و فراوان بێت، ئەوەندە زانست و زانیاریت لەسەر ژیان زیاد دەبێت، ئەمیش بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموون و زانیاری ئەو کەسانەی کە پەیوەندیت لەگەڵیان هەیە، هەرچەند زانست و زانیاریشت زیاد بێت ئەوەندە متمانە بە خۆت زیاد دەبێت و دەتوانی پشت بە خۆت ببەستیت و چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە بکەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووت دەبنەوە.
ئەگەر سەیری ژیانی ڕۆژانەی خۆمان بکەین، دەبینین بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهاوکاری دەیان و سەدان کەس بەڕێوەدەچێت بە بێ ئەوەی هەست بەو ڕاستییە بکەین، بۆ نموونە: هەر لەو کاتەی لە خەو هەڵدەستین و دەچین بۆ نانەوا، یەکێک لە جیاتی ئێمە هەڵساوە نانی بۆ ئامادە کردووین و یەکێکی تر ماست و پەنیری بۆ هێناوین و یەکێکی تر کۆڵان و گەڕەک خاوێن دەکاتەوە و یەکێکی تر خزمەتی نەخۆشەکانمان دەکات و یەکێکی تر منداڵەکانمان فێری خوێندن و نووسین دەکات و یەکێکی تر ئاسایشی ژیانمان دەپارێزێ و یەکێکی تر سووتەمەنیمان بۆ پەیدا دەکات و یەکێکی تر پارک و شەقاممان بۆ دروست دەکات و ...ئیتر بۆ دابین کردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیانمان کەسانێک هەن پێی هەڵدەستن و هاوکاریمان دەکەن، لەوانەیە لە ژیانمان نەیانبینیبن و نەشیانیبین، بەڵام بە بێ هاوکاری ئەوان ناتوانین هەموو پێداویستییەکانی ژیانمان دابین بکەین، هەرچەندە دەوڵەمەند و زاناش بین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئێمەی مرۆڤ توانا و هێزمان سنووردارە و لە کاتێک لە کاتەکانی ژیانمان یان لە شوێنێک لە شوێنەکانی ژیانمان پێویستیمان بە هاوکاری کەسانی تر هەیە و ئەو پێویستیەشمان هەر دەمێنێ.
جا بۆیە دەبێت ئەو توانا کۆمەڵایەتیەمان هەبێت، لە کاتی پێویستیمان بە هاوکاری کردن جا لە کاتی خۆشیدا بێت یان لە کاتی ناخۆشیدابێت، داوای هاوکاری بکەین، بەڵام نەوەک لە هەر کەسێک، بەڵکو دەبێ داوای هاوکاری لەو کەسانەی بکەین کە زانیاریان لە بوارەکەدا هەیە و توانای دۆزینەوەی ڕێگا چارەیان هەیە.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی داوای هاوکاری کردن

هەنگاوی یەکەم

بڕیار بدە بۆ ئەوەی بزانی چ کێشەیەکت هەیە یان پێویستت بە چییە.
واتە کاتێک داوای هاوکاری دەکەی، دەبێ بزانی چ کێشەیەکت هاتۆتە پێش داوای هاوکاری دەکەیت، بەڵام مەرج نییە لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەک داوای هاوکاری بکەی، بەڵکو تەنها ئەو کاتانە داوای هاوکاری دەکەی، کە وا هەست دەکەی ڕێگاچارەت پێ نییە و ناتوانی کێشەکەت چارەسەر بکەی، یان پێویستت بە زانیارییەکە و نایزانی و دەتەوێ زانیاری لەسەر وەرگری یان پێوسیتیت بە شتێکە و لە لای کەسێکی تر دەستت دەکەوێت ..هتد.

هەنگاوی دووەم

بیر لە چەند کەسێکی بەتوانا بکەوە کە بتوانن یارمەتیت بدەن و کەسێکیان هەڵبژێرە.

واتە کاتێک بڕیارتدا لەسەر ئەوەی پێویستیت بە هاوکارییە لە چارەسەرکردنی گرفتێک کە هاتۆتە پێشت یان پێویستیت بە وەرگرتنی زانیارییەکە و نایزانی یان پێویستت بە شتێکە و لە لات نییە و یان ناتوانی پەیدای بکەی و لە لای کەسانی تر هەیە و پەیدا دەبێت، دەبێت بیر لە چەند کەسێکی بەتوانا بکەیتەوە بۆ هاوکاری کردن و کەسێکیان هەڵبژێرە.

هەنگاوی سێێەم

کێشەکەتی پێ بڵێ و داوای یارمەتی لێ بکە.

واتە دوای ئەوەی بیرت لە چەند کەسێک کردەوە و یەکێکیانت هەڵبژارد، کێشەکەتی پێ بڵێ یان داخوازیەکەتی پێ بڵێ و داوای هاوکاری لێ بکە.

تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە پێویستە داوای هاوکاری کردنەکەت بە زمانێکی شیرین و ڕوویەکی خۆش بێت و کەسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش گوێی لێبێ، ئەگەر هاتوو یارمەتیشی نەدای یاخود نەیتوانی یارمەتیت بدا، نابێ لێی تووڕە و ناڕەحەت بی، چونکە لەوانەیە لەو کێشەیە یان لەو پێداویستییە یارمەتی نەدای، بەڵام لە کێشەیەکی تر و لە پێداویستییەکی تر یارمەتیت بدات، بۆیە نابێت ئەو سەرچاوە گرنگەی ژیان لەدەست بدەی.


سەرچاوەکان



3030 بینین