بەست و بەنداوی مووسڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-12-19:48:00 - کۆدی بابەت: 2397
بەست و بەنداوی مووسڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و تایبەتمەندیی پڕۆژەکە

بەنداوی مووسڵ (بە عەرەبی: سد الموصل، بە ئینگلیزی: Mosul Dam) گەورەترین بەنداوی سەر ڕووباری دیجلەیە لە عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداوی ئاویی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەنداوی مووسڵ چوارەم گەورەترین عەمبارکردن و کۆگاکردنی ئاوە لە جیهانی عەرەبیدا و توانای گلدانەوەی نزیکەی هەشت ملیار مەتر سێجایە، زۆرترین توانای کۆگاکردنی ئاوی تێدایە کە نزیکەی 11 ملیار مەتر سێجایە و بۆ ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی سوودی لێدەبینرێت، درێژی بەنداوەکە 3.4 کیلۆمەترە و بەرزییەکەی 113 مەترە. بەنداوەکە چوار تۆربینی بەرهەمهێنانی کارەبای تێدایە توانای هەر یەکێکیان 100 مێگاواتە، بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری شارەکە لە ساڵی 2007 ئەو بڕە بووە 750 مێگاوات و کارەبای بۆ 675 هەزار ماڵ دابین دەکرد، لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2014 و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە ئەو ڕێژەیە کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 320 مێگاوات. 

مێژووی دروستکردنی

لە ساڵی 1950 بڕیاری دروستکردنی بەنداوێک لەسەر ڕووباری دیجلە بە دووری 40 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوەی ئەو کاتەی عێراق دەرچوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی سیستمی دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراق نەتوانرا بڕیارەکە جێبەجی بکرێت.
هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی بریتی بوو لە ئەنجامدانی توێژینەوەی جۆراوجۆر لەلایەن چەندان وڵاتی پێشکەوتووەوە، بۆ هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو و تایبەت بۆ دروستکردنی بەنداوەکە، چونکە ئەو خاکەی کە دەویسترا بەنداوەکەی لەسەر دروستبکرێت لەڕووی زانستی و ئەندازیارییەوە گونجاو نەبوو، دواجار لە ساڵی 1984 کۆتایی بە دروستکردنی بەنداوی مووسڵ هێنرا و لە سەرەتادا بە ناوی سەدام حسێنەوە ناونرا "بەنداوی سەدام"، بە دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای مووسڵەوە بەنداوەکە دروستکرا، ئامانج لە دروستکردنی بەنداوەکە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی ئاوی بەفری تواوەی سەر شاخەکانی تورکیا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و وزەی کارەبا بۆ دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق.
بۆ دروستکردنەکەی نزیکەی 37.7 ملیۆن مەتر سێجا کەرەستەی بیناسازی بەکارهێنرا.

ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی دروستکردنی بووەوە

ناوچە و ئەو شوێنەی کە بەنداوەکەی لەسەر دروستکراوە خۆڵەکەی پتەو و بەهێز نییە، بۆیە بەنداوەکە بۆ ئەوەی لە مەترسی ڕووخان بەدوور بێت بە بەردەوامی پێویستی بە چاککردن و پاڵپشتی کردنی ستوونەکانی هەیە، چونکە لەکاتی ڕووخانی بەرزی ئاوەکەی 20 مەترە، ئەو بڕە ئاوە زۆرە بەرەو ئاڕاستەی پانتاییەکی فراوانی چەندان شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی مووسڵ و ناوچەکانی بەغداد دەبێت و چەند ناوچەیەک نوقمی ئاو دەبن و نامێنن.
لەپێش دروستکردنی بناغەکەی، توێژینەوەیەکی ڕووسی کراوە و دەریخستووە کە ئەو شوێنە بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە گونجاو نییە، چونکە بەهۆی پەستانی ئاوەکەوە دووچاری نزمبوونەوە و داڕووخان دەبێت ڕێژەی شکستهێنانی پڕۆژەکەیان بە 93% خەمڵاندبوو، بەڵام دوو کۆمپانیای فەڕەنسی و سویسری دوو توێژینەوەی لاوازیان پێشکەشی حکوومەتی ئەو سەردەمەی عێراق کرد، شوێنەکەیان بە گونجاو دانا بۆ دروستکردنی بەنداوەکە ڕێژەی شکستی بەنداوەکەیان بە 15% خەمڵاند.
دوای دوو ساڵ لە خستنەکاری بەنداوەکە ئەنجامی توێژینەوە ڕووسییەکە ڕاست دەرچوو، بناغەی خاکی ژێر بەنداوەکە دووچاری کەرتبوون و داڕووخان بووەوە، بۆیە دوو کۆمپانیاکە پێشنیاری چارەسەری Soil injectiinـیان کرد، (کرداری "پێکبەستنی خاک" بە شێوەیەکی بەردەوام و ماوەی جارێک بۆ ئەو بناغانە دەکرێت کە پێکهاتەی خاکەکەیان لاوازە و کێشەی وەکوو دروستبوونی بۆشایی لە بناغەکە دروست دەکەن، لەو ڕێگەیەوە چەند ماددەیەکی بەهێزکەر و یارمەتیدەر نموونەی چیمەنتۆ دەخرێتە خاکەکەوە و بۆشایی و لاوازی نێو خۆڵی خاکەکە پڕ دەکرێتەوە، ئەم کردارە خوولییە و پێویستە ماوەی جارێک بە بەردەوامی بۆ بناغەکە دووبارە بکرێتەوە)، لە ساڵی 1986ـەوە ماوەی جارێک ئەم کردارە بۆ بەنداوی مووسڵ ئەنجام دەدرێت تاکوو لە مەترسی داڕووخان و هەرەسهێنان بەدوور بێت.

مەترسی ڕووخانی بەنداوی مووسڵ

لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە، لە ساڵی 2003ـوە دەنگۆی مەترسی ڕووخان و خاپووربوونی بەنداوەکە لەلایەن چەند ڕاپۆرتێکی ئەمریکی بڵاوبووەوە، دوای داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە هەمان کێشە ماوەیەکی زۆر بڵاوبووەوە.
بەهۆی ئەوەی کە ناوچە و خاکی ئەو شوێنەی کە بەنداوەکەی لەسەر دروستکراوە بڕێکی زۆر لە بەردی کڵس لەخۆدەگرێت، بەهۆی پەستان و کۆگاکردنی ئاوەکە و مانەوەی ئاوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو خاک و بەردە دەتوێتەوە و بۆشایی لە بناغەی بەنداوەکە دروست دەبێت، بەوهۆیەشەوە چینی بناغەی بەنداوەکە نزم دەبێتەوە و تووشی داڕووخان.

بەپێی چەند توێژینەوەیەک کە لە زانکۆیەکی سویدی کراوە، دەرکەوتووە کە بناغەی بەنداوەکە لاوازە، بەهۆی پێکهاتەی چەند ماددەیەکی شۆر و بوونی کڵس لە خاکەکە و بەرکەوتنی بەردەوامی ئاوەکە لەگەڵ هێز و پەستانی ئاوەکە بەپێی کات بناغەکە لاوازتر دەبێت و دووچاری داخوران و داڕزینی بەردەوام دەبێتەوە، بۆیە بەنداوەکە ساڵانە پێویستی بە چارەسەر و چاککردنەوە هەیە، لە پاش ساڵی 2003 و بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کێشەکانی ناوچەکە ئەو بابەتە پشتگوێخرا و گرنگی ئەوتوی پێنەدرا، چەندان ساڵ چاککردنەوە بۆ بناغەی بەنداوەکە نەکرا.
لە ساڵی 2006 بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمریکی ئەگەری داڕووخان و هەرسهێنانی بەنداوەکەی بە ترسناکترین ڕووداوی جیهان وێنا کرد، چونکە ڕووخانی بەنداوەکە هەردوو شاری مووسڵ و بەغداد نغرۆ دەکات.
لە ساڵی 2007 بڕیاردرا کە ساڵانە پێویستە بە بڕی 200 تەن چیمەنتۆ و ماددەی پنتۆنایت بخرێتە نێو خاکی بەنداوەکەوە تاکوو بەرگەی پاڵەپەستۆی ئاوەکە بگرێت.
لە ساڵی 2015 بەهۆی کەمبوونەوەی بوودجەی عێراق و کێشە سیاسییەکان و جەنگ و داگیرکارییەکانی داعش بۆسەر مووسڵ، پاڵپشتی ئەو بڕە داراییەی کە بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ساڵانەی بەنداوەکە دانرا بوو کەم کرایەوە.
چەندان خەمڵاندنی زانستی و ئەندازیاری کراوە کە لەکاتی ڕووخانی بەنداوەکە لە ماوەی سێ کاتژمێر بەهۆی لافاوی ئاوی ڕووبارەکە شاری مووسڵ نغرۆ دەبێت، پاشان ئاوی لافاوەکە دەگاتە هەردوو شاری تکریت و شارۆچکەی سامەڕا و ناوچەکانی دەوروبەری بەغداد، بە ملیۆنان کەس زیانیان بەردەکەوێت.

یارمەتی و پاڵپشتی وڵاتانی تر 

لە ساڵی 2016 وڵاتی عێراق بە هاوکاری چەندان وڵاتی پێشکەوتوو و ڕیگای زانستی  سەردەمیانەی بەکارهێنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەنداوەکە و لە ڕێگەی چەندان ئەندازیاری ئەمریکییەوە بەدواداچوونی بۆ چارەسەری بەنداوەکە کرا.
لە ساڵی 2016 وڵاتی تورکیا هاوکاری و پاڵپشتی خۆی بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی بەنداوەکە بۆ حکوومەتی عێراقی خستەڕوو.
لە دوای ڕزگارکردنی شاری مووسڵ لەژێردەستی داعش ناوچەی بەنداوەکە کەوتە دەست هێزە عێراقییەکان، چەندان تیمی ئەندازیاریی جیهانی نموونەی ئیتاڵی و ئەڵمانی چەندان بەشی بەنداوەکەیان نۆژەن کردەوە و چاککردنەوەیان بۆ ئەنجام دا، لە ئێستادا بارودۆخی بەنداوەکە جێگیرە و لە خزمەتکردن بەردەوامە، شوێنەکە جگە لەوەی خزمەتگوزاری جیاواز بۆ ناوچەکانی عێراق دابین دەکات نموونەی ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی وزەی کارەبا، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بۆ ناوچەکە و شوێنی نیشتەجێبوونیشی لێدروستکراوە.


سەرچاوەکان



3109 بینین