پێشوەخت کەوتنی ددانە شیرییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-03:29:00 - کۆدی بابەت: 2515
پێشوەخت کەوتنی ددانە شیرییەکان

ناوه‌ڕۆك

پێشوەخت کەوتنی ددانە شیرییەکان

زۆر بەداخەوە زۆربەی دایکان و باوکان گرنگی نادەن بە ددانە شیرییەکانی منداڵەکانیان، تەنها لەو کاتانەدا دەیبەنە لای پزیشکی دەم و ددان کە ئازار منداڵەکانیان هەراسان دەکات یان لە ئەنجامی هەوکردن ڕوومەتی منداڵەکانیان هەڵدەئاوسێ، جا لەم کاتەدا جگە لە کێشانی ددانەکە هیچ ڕێگەیەکی تر لە بەردەم پزیشکی ددانەکەدا نییە.
زوو کێشانی ددانی شیری منداڵ جگە لە تێکدانی جوانی و کرداری جوینی خۆراک و ئاخاوتنی منداڵ دەبێتە هۆی ئەوە ئەو بوارەی کە پێویستە بۆ دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکە نەمێنێت چونکە ددانە هەمیشەییەکە هێشتا گەشەی نەکردووە و توانای دەرهاتانی نییە بۆ ناو بۆشایی ناو دەم، هەروەها ددانەکانی ئەم لاولای ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی زوو کێشانی ددانە شیرییەکەوە دروست بووە، بە تێپەڕبوونی کات بەرەو بۆشاییەکە دەجوڵێن و لار دەبنەوە و کەمێک لە بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە، لە ئەنجامدا بۆشایی تەواو نابێت تاوەکو ددانە هەمیشەییەکە لە شوێنی دروستی خۆی دەربێت، لەبەر ئەوە ددانەکە لار دەبێت یان لە ناو ئێسکی شەویلگە دەمێنێتەوە و دەرنایەت، بەم شێوەیە منداڵ لە ددانە هەمیشەییەکەی بێ بەش دەبێت.

هەندێک خاڵی گرنگ کە کلیلن بۆ پارێزگاری و پاراستنی ددانە شیرییەکان

  1. دایکان و باوکان دەبێت ئەوەیان لە یاد بێت ەک بۆ پاراستن و جوان دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکانی منداڵەکانیان مانەوە ددانە شیرییەکان تا کاتی دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکان پێویستە.
  2. پاک و خاوێن ڕاگرتنی دەمی منداڵ وەک گەورەکان پێویستە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک یارمەتی دایکان و باوکان ئەنجام بدرێت.
  3. تا ڕادەی تەوانین ڕێگە لە منداڵ بگیرێت لە خواردنی نوقڵ و چکلێتی شیرین، ئەگەر هەر خواردی ئەوا دەست بە جێ دەم و ددانی بشۆرێت یان فڵچەی لێ بدرێت.
  4. بۆ چاودێری کردنی ددانی منداڵ پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێک و پێک سەردانی پزیشکی دەم و ددانی پێ بکرێت تاوەکو لە سەلامەتی دەم و ددانی منداڵ دڵنیا بن.
  5. ددانی شیری بە بەراورد لەگەڵ ددانی هەمیشەیی زوتر دەگاتە کرۆکی ددان و ئازار دروست دەکات، لەبەر ئەوە لەگەڵ ئەوەی دایک و باوک بچوکترین نیشانەی کلۆریان (ڕەش بوونەوەی ددانەکان) لەسەر ددانەکان بینی بیگەیەننە لای پزیشکی ددان بۆ پڕکردنەوە و چاک کردنی.
  6. لە حاڵەتێكدا ئەگەر ددانی شیری منداڵەکە پێش کاتی ئاسایی کەوتنی خۆی کەوت ئەوا دەبێت منداڵەکە ببرێتە لای پزیشکی ددانی پسپۆڕی ددانی منداڵ، ئەو کات پزیشکەکە ئامێرێک بۆ منداڵەکە دروست ئەکات کە بۆشایی پێویست بۆ دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکە دەهێڵێتەوە، وە نایەڵێت ددانەکانی ئەم لا و لای خوار ببنەوە.


سەرچاوەکان



1098 بینین