هاوسەرگیری بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتییە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-20:36:00 - کۆدی بابەت: 2533
هاوسەرگیری بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتییە

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرگرتن بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتیە

وەک ئاشکرایە سودەکانی هاوسەرگرتن لە ئیسلامدا گشتیە، بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتییە، بە پشتیوانی خودای گەورە لەبەر گرنگی باسەکە پاشان پەیوەندییەکانی لە رووی پەروەردەییەوە بۆ ڕوون دەکەینەوە:

پارێزگاریە لە مانەوە و بەردەوامی جۆری ئادەمیزاد

بەهۆی هاوسەرگیرییەوە وەچەی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبێ و زۆر دەبێ نەوە لە دوای نەوە.. تا ئەو کاتەی خوای گەورە ئەم زەویە و هەرچی لەسەریەتی بە میرات دەیگرێ، شاراوە نییە ئەم زۆربوونی نەوە لەدوای نەوە بۆ پارێزگاری لە مانەوە و بەردەوامی جۆری مرۆڤایەتی، ئەوە پسپۆڕەکانی هانداوە بۆ دانانی پەیڕەو پڕۆگرامی پەروەردەیی و، بنەما و ڕێسای راست و دروست لە پێناوی سەلامەتی ئەم جۆرە یەکسان لە ڕووی ڕەوشتی و جەستەییەوە، بێگومان قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی داوە بە باسی حیکمەتی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی مرۆڤایەتی لە کاتێکدا کە دەفەرموێت: (وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا وَجَعَلَ لَكُم مِّنْ أَزْوَاجِكُم بَنِينَ وَحَفَدَةً وَرَزَقَكُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ ۚ أَفَبِالْبَاطِلِ يُؤْمِنُونَ وَبِنِعْمَتِ اللَّهِ هُمْ يَكْفُرُونَ) النحل:٧٢، واتە: خودا هەر لە خۆتان هاوسەرانی بۆ فەراهەمهێناون، هەر لە ڕێگەی هاوسەرانتانەوە منداڵ و نەوەی پێ بە بەخشیوون.. هەروەها دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا) النساء:١، واتە: ئەی خەڵکینە خۆتان لە خەشم و ناڕەزایی ئەو پەروەردگارەتان بپاریزن کە ئیوەی لە تاکە نەفسێک هێناوەتە دی، هەروەها لەو نەفسەش هاوسەرەکەی بەدیهێناوەو، لەو دووانە پیاوان و ئافرەتانی زۆری خستووەتەوە و بڵاوکردۆتەوە بەسەر زەویدا.

پارێزگاریکردنە لە ڕەچەڵەک و نەژاد

بەو هاوسەرگرتنە کە خوای پەروەردگار دایناوە منداڵان شانازی دەکەن بە ڕەچەڵەکی خۆیان و باو باپیریانەوە، شاراوە نییە ئەو کاتە هەست بە ئارامی و دڵنیایی و کەرامەتی مرۆڤانەیان دەکەن.. بەڵام ئەگەر ئەو هاوسەرگرتنە شەرعیە نەبوایە کە خوا دایناوە، ئەوا کۆمەڵگە پڕ ئەبوو لە منداڵانی بێ ڕەچەڵەک و بێ ڕێز، ئەوەش ئەبووە هۆی تانەو تەشەر بۆ سەر ڕەوشتە بەرز و جوانەکان و، بڵاوبونەوەی تاوان و خراپە و بەرەڵایی ترسناک.

کۆمەڵگە سەلامەت دەبێ لە هەڵوەشانەوەی ڕەوشتی

بە هاوسەرگرتن کۆمەڵگە سەلامەت دەبێت لە هەڵوەشانەی ڕەشتی، تاکەکان ئەمین دەبن لە تێکچونی کۆمەڵایەتی.. شتێکی شاراوە نیە لای هەموو خاوەن بیروهۆش و تێگەیشتوویەک کە تێرکردنی ئارەزووی جینسی بەحەڵاڵی، تاک و کۆمەڵ ئەبات بەرە و چاکترین ئاکاری بەرز و ڕەوشتی جوان، ئەو کاتە شایەن ئەبن بە گەیاندن و بە جێهێنانی پەیامی خوا، بەرگەی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەش ئەگرن کە لەسەر شانیانە بەو شێوەیەی کە خوای گەورە ئەیەوێ و فەرمانی پێکردووە، پێغەمبەری خوا (د.خ) چەند راست و جوانی فەرمووە حیکمەتی هاوسەرگرتنی ڕوون کردۆتەوە و بۆ پاراستنی ڕەوشت و، سوودی کۆمەڵایەتی کاتێک کە هانی کۆمەڵێ لە لاوان دەدات بۆ ژن هێنان: (يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ، مَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمُ الْبَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ، فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ، وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ، وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ؛ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ)، واتە: ئەی کۆمەڵی گەنج و لاوان! هەرکەسێک لە ئیوە پارە و سامان و پێداویستییەکانی ژن هێنان و توانای جنسی هەیە با ژن بهێنێ، چونکە باسترین پاریزەرە بۆ چاو داخستن و داوێن پاکی، هەر کەسێکیش توانای ژن هێنانی نەبوو با ڕۆژوو بگرێ، چونکە ڕۆژوو بۆی قەڵغانە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئارەزووەکانی و لە خراپە دەیپارێزێ.

کۆمەڵگە سەلامەت دەبێت لە نەخۆشیەکان

بەهاوسەرگرتن کۆمەڵگە سەلامەت دەبێت لە نەخۆشیە کوشندە و گواستراوەکان، ئەو نەخۆشیانەی کە بڵاو دەبێتەوە لە ناو ڕۆڵەکانی کۆمەڵدا بەهۆی زیناکردن و، بەرەڵایی و بەدڕەوشتی و، تێکەڵاوی حەرامەوە.. لەوانە وەک نەخۆشی زوهری و سیلان و ئایدز.. وە جۆرەها نەخۆشی تری ترسناک کە کاریگەرییان ئەبێ بۆ سەر نەمانی وەچەو، جەستە لاواز دەکەن، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعون و کولێرا.. لەناوبردنی تەندروستی منداڵان.

هێمنی و ئارامی ڕۆحی و دەروونییە

هاوسەرگرتن دەبێتە هۆی گەشەکردنی ڕۆحی سۆز و خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێردا، مێرد کاتیک لەسەر کارەکەی دەست هەڵدەگرێ لە ئێواراندا و ئەگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵەکەی و کۆئەبێتەوە لەگەڵیان، ئەو هیلاکی و ناڕەحەتییەی بیرئەچێتەوە کە لەو ڕۆژەدا توشی بووە، هەست بە ئارامی و حەوانەوە ئەکات لە دوای ئەو هەوڵ و ماندووبونە زۆرە، هەروەها ژنیش بە هەمان شێوە کاتێ ئێواران پێشوازی لە هاوڕێی ژیانی دەکاو، لەگەڵ مێردەکەیدا کۆدەبێتەوە.. بەو شێوەیە هەر یەکێکیان لە سێبەری ئەوی تریاندا ئەحەوێتەوە و هەست بە هێمنی و ئارامی ئەکات، ژن و مێردێکی بەختەوەر ئەبن، خوای گەورە ڕاستی فەرمووە کاتێک وێنەی ئەو دیاردەیەمان بە جوانترین شێوە بۆ دەردەخات: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ) الروم:٢١، واتە: یەکێک لە نیشانەکانی خوا ئەوەیە هەر لە خۆتان هاوسەری بۆ فەراهەمهێناون بۆ ئەوەی ئارام بگرن لەلایاندا، سۆز و خۆشەویستی و بەزەیی خستۆتە نیوانتان، بێگومان ئەمە چەندین بەڵگەی تێدایە بۆ ئەوانەی بیردەکەنەوە و تێدەفکرین.

هاوکاریکردنی یەکتری ژن و مێرد بۆ پێکهێنانی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵان

بەهاوسەرگرتن ژن و مێرد ئەتوانن پێکەوە بژین و یارمەتی یەکتربدەن و بەرگەی بەرپرسیارێتی بگرن.. هەر یەکێکیان تەواوکەری کاری ئەوی تریانە ژن دەبێ لە بواری خۆیدا کار بکات، ئەو کارانە بکات کە دەگونجێن لەگەڵ سروشتی مێینەی خۆیدا، ئەویش سەرپەرشتی و بەڕیوەبردنی ئەرکی ناوماڵ و هەستانیەتی بە پەروەردەکردنی منداڵەکانی، ڕاستی گوتووە ئەو شاعیرەی کە دەڵێ: (الام مدرسة اذا اعددتها  اعددت شعبا طیب الاعراق) واتە: دایک قوتابخانەیەکە ئەگەر ئامادەتکرد، گەلێکی ڕەسەن و خاوەن ڕەوشتی باشت ئامادەکردووە.
پیاویش لەبواری خۆیدا کار دەکات و ئەو کارانە دەکات کە دەگونجێ لەگەڵ پیاوەتی و تەبیعەتی خۆیدا، هەوڵ و تەقەلا و ڕەنج ئەدات بۆ بژێوی ژیان و، پارێزگاریکردنی خێزان لە بەڵا و نەهامەتییەکانی سەردەم و ڕۆژگار.. بەو شێوەیە ڕۆحی یارمەتیدان و هاوسەرییان برەوی پێدەدری و، تەواوکەری یەکتری ئەبن و ئەگەنە چڵەپۆپەی باشترین ژیان، باشترین بەرهەمیان ئەبێت لە ئامادەکردنی مندالی چاک و باشدا، پەروردەی نەوەیەکی مسوڵمان ئەکەن کە خۆیان بەڕۆحی ئیسلام بڕازێننەوە، بەڵکو ئەو نیعمەتە گەورەیە خانەوادەکەشیان دەگرێتەوەو، لە سێبەری ئەو خۆشەویستی و خۆش گوزەرانییەدا بە خۆشی و شادی و ئارامی ژیان دەبنەسەر.

پەرەسەندن و زۆربوونی سۆز و بەزەیی باوکایەتی و دایکایەتی

بەهاوسەرگرتن سۆز و بەزەیی و جوامێری پەرەدەسێنێ لە دڵ و دەروونی باوک ودایکدا.. شاراوە نییە کە ئەوەش کاریگەری چاک و ئەنجامی باشی دەبێت بۆ سەرپەرشتیاری منداڵەکانیان و، شەونخونی کێشان لە پێناوی بەرژەوەندیەکانیان و بەرەوپێش بردنیان بۆ ژیانێکی ئارام و پڕ لە خۆشگوزەرانی و، پاشە ڕۆژێکی گەشاوە و چاک.
ئەمانەش گرنگترین بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی هاوسەرگرتن بوون، بینیتان جۆن پەیوەندی هەبوو بە پەروەردەی منداڵ و چاکسازی خێزان و، پێگەیاندنی نەوە و وەچەوە. 
دەی ئیتر جێگەی سەرنج نییە کە دەبینن سەریعەتی پاکی ئیسلام فەرمانی کردووە بە ژن هێنان و هانی خەڵکیشی داوە بۆ ئەو مەبەستە، پێغەمبەری خوا (د.خ) ڕاستی فەرمووە کە دەفەرموێت (ما استفاد المؤمن بعد تقوى الله عز وجل خيرا من زوجة صالحة اذا امرها اطاعته وان نظر اليها اسرته وان اقسم عليها ابرته وان غاب عنها نصحته في نفسها وماله)، واتە: مرۆڤی باوەڕدار لەپاش ترسان لە خوا، هیچ خێرێکی وەک هاوسەرێکی چاک بەدەست نەهێناوە، ئەگەر فەرمانی پێکرد گوێڕایەڵی دەکات، گەر تەماشایکرد دڵخۆشی دەکات، گەر سوێندی لەسەر خوارد دەیگەیەنێتە جێ، گەر لێی دوورکەوتەوە و چووە سەفەرێک ئامۆژگاری دەکات بە پاریزگاریکردنی ماڵ و نەفسی.
هەروەها دەفەرموێت (الدنيا متاع وخير متاع الدنيا المرأة الصالحة) واتە: ژیانی دونیا ڕابواردن و خۆشییە، چاکترین خۆشی دنیاش هاوسەرێکی چاک و خاوەن تەقایە.
 ئەبوو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (لتي تسرُّه إذا نظر ، وتطيعُه إذا أمر ولا تخالفُه في نفسِها ومالها بما يكره)، واتە: چاکترین ئافرەت ئەوەیە بە بینینی دڵت خۆش دەکات، ئەگەر فەرمانی بەسەردا بدەیت گوێڕایەڵیت بکات، بەپێچەوانەی ئەو نەکات و دەست لە ماڵەکەی نەدات، کە ئەو پێی ناخۆشە.


سەرچاوەکان



1139 بینین