بێزووکردن لەماوەی دووگیانیدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-14-20:43:00 - کۆدی بابەت: 2538
بێزووکردن لەماوەی دووگیانیدا 

ناوه‌ڕۆك

بێزووکردن بە خواردنەوە

بێزووکردن لەماوەی دووگیانیدا یەکێکە لە کێشە بڵاوەکان، و زۆرینەی دایکان تووشی دەبن، هەڵبەتە بێزووکردن جۆری جیاوازی هەیە و بەگشتی هەرکەسە و بەجۆرێکی تایبەتە، بێزوو واتە ئەوەی کە خانمەکە حەزێکی تایبەتی هەیە بۆ جۆرە خواردنێکی دیاریکراو و یان دەکرێت شتەکە خواردنیش نەبێت، بۆ نموونە زۆر دایک لەو ماوەیەدا حەز بە خواردنی زۆر ترش و لیمۆ دەکەن یاخود زۆر خواردنی شیرینی هەرچەندە ئەم جۆرە خواردنانە زیانیان نییە بۆ دایک و منداڵەکەی بەڵام ئەگەر زیاد لە پێویست خوران زیانیان دەبێت.

چەند خاڵێک لەسەر بێزووکردن دەوترێت

جەستەت دەیەوێت شتێک بڵێت

جۆری ئەو خواردنەی کە تۆ حەزت لێیەتی ڕەگەزی منداڵەکەت دیاری دەکات، هەڵبەتە ئەم بابەتە سەرچاوەیەکی زانستی نییە تەنها بەپێی ئەو ئەزموونانەی پێشوو وادانراوە کە ئەو خانمانەی حەز بە خواردنی شیرین ئەکەن وەک چوکلێت و جۆرە جیاوازەکانی شیرینی ئەوە بە منداڵی کچەوە دووگیانن، و ئەوانەشی کە خواردنی ترشیان حەز لێیە بە منداڵی کوڕەوە دووگیانن.

زۆر گەرمات دەبێت

باشترین ڕێگا بۆ فێنککردنەوەی جەستە خواردنی شتی توون و تیژە، هەر بۆیە زۆرینەی خانمانی دووگیان حەزیان بە خواردنی توون هەیە و بێزووی پێوە دەکەن، خواردنی خۆراکی توون وادەکات کە جەستەت عارەق بکاتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی فێنککردنەوەی جەستە.

منداڵەکەت پێویستی پێیەتی

هەرچەندە ئەم بۆچوونەش تا ئێستا بنەمایەکی زانستی نییە بەڵام بەپێی زۆرینە و ئەزموونەکانی پێشوو دەڵێن کە ئەو جۆرە شتەی کە دایکەکە بێزووی پێوە دەکات و حەزی لێیە ئەوا جەستەی منداڵەکە پێویستیەتی و داوای دەکات.

ماددەی خۆراکی لە جەستەتدا کەمیکردووە

هەندێک لە خانمان بێزوو بە هەندێک شتەوە دەکەن کە ناخورێن وەک بەرد یاخود خۆڵ و کاغەز، ئەمەش بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوەیە، بۆیە پێویستە ئەو خانمانەی ئارەزووی خواردنی ئەمانە دەکەن زوو چارەسەری کەمی ماددەی ئاسنیان بکەن و دوورکەونەوە لە خواردنی ئەو شتانە چونکە زیانبەخشە بۆ دایک و منداڵەکەش.

کەمخوێنی

زۆرێک لە خانمان بێزوو بە سەهۆڵەوە دەکەن و زۆر دەیخۆن کە ئەمەش هەر نیشانەیەکە بۆ کەمی ماددەی ئاسن و کەمخوێنی، نیشانەکانی کەمخوێنی بریتین لە (شەکەتی، بێتاقەتی، هەوکردنی زمان و حەزی خواردن بۆ سەهۆڵ).

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

دووگیانی دەبێتە هۆی بەرزی و نزمی هۆڕمۆنەکان و شارەزایان لەو باوەڕەدان کە پڕۆتینەکانی (Neuropeptide) و هەروەها ئەو ئەمینۆ ئەسیدەی کە لە دەمارە خانەکاندا دروست دەبێت بۆ زیادکردنی حەزی خواردن لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی حەزت بۆ خواردن لەماوەی دووگیانیدا.

لەوانەیە جەستە پێویستی بە ئۆمێگا 3 بێت

زۆرێک لە خانمان لەماوەی دووگیانیدا حەز بە خواردنی ماسی دەکەن و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کەمی چەوری ئۆمێگا 3 و بۆیە پێویستە ماسی بخۆن و هەروەها ئۆمێگا 3ـیش وەرگرن، بەڵام ئاگاداربن جیوەی ماسی کە ژەهراوییە و لە ڕێگەی پیسی ئاوەوە لە جەستەی ماسیدا کۆدەبێتەوە و لەماسیە بەتەمەنەکانیشدا زیاترە و دەبێت خانمان ئاگاداری ئەم جۆرە ماسیانە بن و نەیخۆن.


سەرچاوەکان



13124 بینین