چۆن ئیمەیڵ بنووسم؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-02-24-23:39:00 - کۆدی بابەت: 2619
چۆن ئیمەیڵ بنووسم؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن ئیمەیڵ بنوسم؟

خانەكانی ئیمەیڵ

لەكاتی نوسینی ئیمەیڵێكدا چەند خانەیەكی سەرەكی هەن كە پێویستە  بەكارهێنەر بیانزانێت، ئەو خانانە بریتین لە: 

خانەی (لە-From)

ئەم خانەیە ئیمەیڵی ئەو كەسەی تێدا دەنوسرێ كە ئیمەیڵەكە دەنێرێت كە خۆی بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی پڕدەكرێتەوە لە كاتی نووسینی ئیمەیڵێكی تازە.

خانەی (بۆ-To)

ئەم خانەیە ناوی ئیمەیڵی بەرامبەری تێدا دەنوسرێت، واتا ئەو كەسەی كە ئیمیڵەكەی بۆ دەنێریت، گەر ئیمەیڵەكە نوێ بوو ئەم خانەیە پێویستە لەلایەن ئەو كەسەیە كە نامەكە دەنێرێت پڕبكرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئیمەیڵەكە لە ڕێگەی (Reply) نێردرا ئەوا ئەم بەشە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی پڕدەكرێتەوە.

خانەی بابەت (Subject)

ئەم خانەیە تایبەتە بە بابەتی ئیمەیڵەكە كە وەرگر دەتوانێت لە ناوەڕۆكی بابەتەكە تێبگات بەبێ ئەوەی ئیمەیڵەكە هەمووی بخوێنێتەوە، دەتوانرێت ئەم بەشە بە بەتاڵی بەجێبهێڵرێت.

خانەی كۆپی كاربۆنی (Cc)

ئەم بەشە بەكادێت بۆ ناردنی ئیمەیڵەكە بۆ چەند كەسێك لە یەك كاتدا، بەڵام ئەو كەسانەی كە ئیمەیڵەكەیان بۆ دەڕوات دەزانن كە بۆ كێی ترت ناردووە.

خانەی كۆپی كاربۆنی شاراوە (Bcc)

ئەم خانەیە بەهەمان شێوازی خانەی پێشوو كاردەكات بەڵام وەرگرەكان نازانن بۆ كێی ترت ناردووە.

جەستەی نامەكە (Message Body)

لەم خانەیەدا ناوەڕۆكی نامەكەت دەنووسیت لەگەڵ ئەو هاوپێچانەی كە دەتەوێت، هەروەها گەر بتەوێت دەتوانیت واژووی خۆت لە كۆتاییدا دابنێیت.

شێوازەكانی ئیمەیڵ

ئیمەیڵ بووە بە یەكێك لە شێوازە باوەكانی نامە ناردن لە نێوان تاكەكاندا، بۆیە پێویستە لەسەر هەرتاكێك كە شێوازی نوسینی ئیمەیڵ بزانێت، چونكە كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی تاكەكەسی و هەروەها كاركردن. شێوازی ئیمەیڵ نووسین دوو جۆرە، فەرمی (Formal) لەگەڵ نافەرمی (Informal)، شێوازی بەكارهێنانی هەریەك لەم جۆرانە دەكەوێتەوە سەر ئەو كەسەی كە بۆی دەنێریت. شێوازی نافەرمی (Informal) بەكاردێت لەكاتی ئیمەیڵ ناردن بۆ ئەندامانی خێزان یان هاوڕێكانت و كەسە نزیكەكانە كە نوسەر لەم شێوازە ئیمەیڵەدا بەشێوازێكی ئاسایی و بازاڕیانە دەتوانێت قسەبكات و مەرج نییە هەموو خانەكانی ئیمەیڵەكە پڕ بكاتەوە. شێوازی فەرمی (Formal) بەكاردێك كاتێك ئیمەیڵێك بەمەبەستی كاركردن یاخود بۆ كەسێكە نەناسراوی دەنێریت كە پێویستە ئەم جۆرە ئیمەیڵانە بە شێوەیەكی ئەكادیمی بنوسرێن و ڕەچاوی خاڵبەندی بكرێت بۆ ئەوەی كەسی بەرامبەر بێزار نەبێت لەكاتی خوێندنەوەی.

چۆنیەتی نووسینی ئیمەیڵی فەرمی

لەكاتی نووسینی ئیمەیڵی فەرمی پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێكی گرنگ بكەین، كە بریتین لە:

بابەتی (ناونیشان) نامەكە

ئەمە یەكەمین بەشە كە كەسی بەرامبەر دەیبینێت لەكاتی وەرگرتنی ئیمەیڵەكەت، بۆیە پێویست دەكات ناونیشانی بابەتەكە بەجوانی و ڕوونی بنوسین، هەروەها باشتر وایە ناونیشانەكەت سەرنجڕاكێش بێت و دور و درێژ نەبێت چونكە ئەم بەشەیە كە وا لە وەرگری ئیمەیڵەكە دەكات كە بیكاتەوە.

سڵاوكردن

نوسینی سڵاو لە ئیمەیڵدا بەهەمان شێوەی نوسینی سڵاوە لە نامە كاغەزییەكاندا، گەر ناوی كەسەكەت نەزانی باشتر وایە ناوی كارەكەی بنووسیت وەك، (بۆ بەڕێز بەڕێوبەری كۆمپانیا)، هەروەها گەر ناوی كەسەكەت زانی باشترە بە (بەڕێز) دواتر ناوی كەسەكە دەستپێبكەیت، هەروەها پێویستە بەدووربیت لە بەكارهێنانی وشەی بازاڕی.

سوپاسكردن

پێویستە سوپاسكردن بەكاربهێنیت لە كاتی وەڵام دانەوەی ئیمەیڵەكەت، وەك سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی ئیمەیڵەكەم، كە ئەمە دەبێته هۆی دڵخۆشكردنی كەسی بەرامبەر و جوانتر دەركەوتنی كەسایەتیت.

ناوەڕۆكی نامەكە

لەكاتی نوسینی نامەكەت باشتر وایە دابەشی بكەیت بەسەر چەند خاڵێكدا بۆ ئاسان تێگەشتنی لەلایەن كەسی بەرامبەر، هەروەها لەكاتی بوونی هەر فایلێكی زیادكراو پێویستە لە ناو نامەكەدا ئاماژەی پێبكەیت، هەروەها گەر نامەكەت پێویستی بە وەڵامدانەوە هەبوو پێویستە ئاماژەی پێبكەیت.

كۆتایی

پێویستە كۆتایی بە نامەكەت بهێنیت بەبەكارهێنانی چەند سوپاسگوزارییەك وەك، (زۆر سوپاس)، (لەگەڵ ڕێزدا)، پاشان ناوی نامەنێرەكە و پلەی كارەكەی ئەگەر هەیبوو دواتر ژمارە تەلەفۆنەكەی.

چەند ڕێنماییەك لەكاتی نووسینی ئیمەیڵ

چەند ڕێنماییەك هەن كە باشتر وایە ڕەچاویان بكەین لەكاتی نووسینی ئیمەیڵدا، بریتین لە:

  1. باشتر وایە بابەتی ناو ئیمەیڵەكەت زیاتر نەبێت لەو شاشەیەی كە تێیدا دەنووسیت، ئەگەر لە كاتێكدا پێویستی كرد ئیمەیڵەكەت دوور و درێژ بێت لەو كاتەدا بیكەیت بە چەند بەشێكەوە باشترە.
  2. شێوازێكی ڕێزمانییانە و بەڕێزانە بەكاربهێنە لە كاتی نووسینی ئیمەیڵەكەدا.
  3. ئاگاداربە كە ئیمەیڵەكەت زیادكراو (فایل)ی زۆری لەگەڵ نەبێت.
  4. دەبێت ئاگادار بیت لەوەی كە ئیمەیڵەكەت زانیاری نهێنی و هەستیاری تێدا نەبێت، بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست كەسانی دی لەكاتێكدا ئەگەر ئیمەیڵەكەت هاككرا.
  5. وشەی بازاڕیانە و كورتكراوە بەكارمەهێنە لەكاتی نووسینی ئیمەیڵەكەدا.
  6. دڵنیابوونەوە لەوەی كە ئیمەیڵەكەت هیچ هەڵەیەكی ڕێزمانی تێدا نییە پێش ناردنی.
  7. بەكارهێنانی وشەكانی، سەرەتا، دواتر، پاشان، لە كاتی نووسینی ئیمەیڵەكەدا بۆ ڕێكخستنی.


سەرچاوەکان



2323 بینین