گازی سروشتی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-23-21:24:00 - کۆدی بابەت: 3542
گازی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گازی سروشتی (بە ئینگلیزی: natural gas) کە پێشی دەوترێت گازی میسان یان گازی میسانی سروشتی، گازێکی هایدرۆکاربۆنیی بێڕەنگی گڕگرتووە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە میسان و ئیسان پێکدێت، جۆرێکی پێترۆڵیەمە کە بەشێوەیەکی باو لەگەڵ نەوتی خاودا بەرهەم دێت، سووتەمەنی بەبەردبووی گازی سروشتی بەکاردێت بۆ ڕێکخستنی کارەبا و گەرمی و لێنانی خواردن و وەک سووتەمەنی بۆ هەندێک جۆری ئامێر، هەروەها وەک ماددەیەکی خاوی کیمیایی گرنگ لە دروستکردنی پلاستیکدا بەکاردێت، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ کۆمەڵەیەکی فراوان لە بەرهەمە کیمیاییەکانی تری وەک بۆیە و پەیین.
زۆرجار گازی سروشتی لە ناو نەوتدا لە پەستانێکی بەرزی ناو بیرەنەوتدا دەدۆزرێتەوە، لە زۆربەی پێشهاتەکاندا پەستانی گازی سروشتییە کە وادەکات نەوتی ژێرزەوی زەبری بخرێتە سەر و بێتە سەر ڕووی زەوی، بەم جۆرە گازی سروشتی بە گازی پەیوەست ناسراوە کە زۆرجار بە دۆخی گازی نەوتی خاو دادەنرێت، ئاساییانە هەندێک شلی سووکی وەک پرۆپان و بیوتانی تێدایە، کە لەبەر ئەم هۆیە هەندێک جار گازی پەیوەست پێشی دەوترێت گازی تەڕ. سەرچاوەی گازی سروشتیش هەیە کە تەنها گازی تێدایە و نەوتی تێدا نییە، ئەم جۆرە گازە پێی دەوترێت گازی ناپەیوەست، کە لەو سەرچاوانەوە دێت کە هیچ شلێکی پیتڕۆڵیەمییان تێکەڵ نەبووە و پێشیان دەوترێت گازی وشک.

مێژووی دۆزینەوە و بەرەوپێشچوون

یەکەمین دۆزینەوەکانی دەڵیانی گازی سروشتی لە ساڵانی نێوان ٦٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ ساڵی پێش زایین لە ئێران سەری هەڵدا، دەکرێت سەرەتا دەڵیانەکانی گاز بە هەورە بروسکە گڕیان گرتبێت، کە ئەمەش سووتەمەنی دەدات بە ئاگری هەمیشەیی لەو ئایینانەدا کە لە فارسی کۆندا ئاگریان دەپەرست.
بەکارهێنانی گازی سروشتی دەگەڕێتەوە نزیکی ساڵانی ٩٠٠ پێش زایین لە وڵاتی چین، هەر لە وڵاتی چین لە ٢١١ پێش زاییندا یەکەمین بیر بۆ گازی سروشتی هەڵکەندرا، کە قووڵاییەکەی ١٥٠ مەتر (٥٠٠ پێ) دەبوو. گازی سروشتی لە ئەورووپادا نەناسراوبوو تاکوو لە ساڵی ١٦٥٩ لە ئینگلتەرا دۆزرایەوە، بەڵام بەکارهێنانێکی باوی نەبوو، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە لە زۆربەی ئەورووپادا و لە ساڵانی ١٧٩٠ بەدواوە ئەو گازەی کە لە خەڵووزی بەکاربۆنکراوەوە دەست دەکەوت، بەکارهێنانێکی سەرەکی هەبوو بۆ ڕووناککردنەوە شەقام و ماڵەکان.
بە درێژایی سەدەی ١٩ بەکارهێنانی گازی سروشتی بە خۆجێیی مایەوە چونکە هیچ ڕێگایەک نەبوو بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆری گاز بۆ شوێنێکی دوور، هەروەها لە پێشکەوتنی پیشەسازیدا گازی سروشتی گرنگی نەبوو و زیاتر پشت دەبەسترا بە خەڵووز و نەوت، گۆڕانکاری گرنگ لە تەکنەلۆجیای گواستنەوە گازدا لە ساڵی ١٨٩٠ لەگەڵ داهێنانی هێڵی بۆری یەکگرتووی کەپسدا دروست بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماددەکان و شێوازەکانی بنیادنانیان زۆر قورس و ئەستەم بوو بۆیە گاز نەدەتوانرا بۆ دووری زیاتر لە ١٦٠ کیلۆمەتر لە سەرچاوەکەیەوە بگوازرێتەوە، هەربۆیە گازە پەیوەستەکان زۆربەیان بەفیڕۆ دەچوون و گازە ناپەیوەستەکان لە زەویدا جێدەهێڵران و گازی خەڵووز لە شارەکاندا بەکاردەهات.
بەهۆی پێشکەوتنی زیاتری تەکنەلۆجیای هێڵی بۆری گوێزەرەوە گواستنەوەی گاز بۆ مەودایەکی زۆر دوور لە کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠ بوو بە کرداری، لە ساڵی ١٩٢٧ بۆ ١٩٣١ زیاتر لە دە سیستمی گوێزەرەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیادنرا، هەریەک لەم سیستمانە بەو بۆرییانە ئامادە دەکرا کە تیرەکەیان نزیکەی ٥٠ سانتیمەتر و درێژییان زیاتر لە ٣٢٠ کیلۆمەتر دەبوو، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ژمارەیەکی زیاتر هێڵی بۆری بە درێژی و تیرەیەکی زیاترەوە دروست کران، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەستکردنی ئەو بۆرییانەی کە تیرەکەیان زیاتر لە ١٥٠ سانتمەتربوو سەرکەوتووبوو. لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٧٠ درێژترین هێڵی بۆری گازی سروشتی دەکەوتە ڕووسیاوە.

پێکهاتە

بڕی هایدرۆکاربۆنی 

تێکەڵەی هایدرۆکاربۆنی گازی سروشتی بەشێوەیەکی سەرەکی لە پارافینی تێری سووکی وەک میسان و ئیسان پێکدێت، کە هەردووکیان لە پەستان و پلەی گەرمی ئاساییدا گازن، ئەم تێکەڵەیە دەکرێت لە هایدرۆکاربۆنی تری وەک پڕۆپان و بیوتان و پێنتان و هێکسان پێکبێت، لە بیری گازی سروشتیدا بەهۆی پەستانی بەرزەوە تەنانەت هایدرۆکاربۆنە قورسترەکانیش زۆربەیان لە دۆخی گازیدان، کە ئاساییانە لە ڕووکاری زەویدا شل دەبنەوە و بە شێوەیەکی جیا لە کێڵگە جیاکەرەوەکان یان لە کێڵگەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێناندا گازی سروشتیی شلکراو (NGLs) پێکدەهێنن، دوای جیاکردنەوەی ئەم گازە سروشتییە شلکراوە دەکرێت بەشی تری لێ جیابکرێتەوە، ئەم جیاکردنەوەیە لە خەستترین هایدرۆکاربۆنە قورسەکانەوە (هێکسان، پێنتان، بیوتان) دەست پێدەکات لەگەڵ گازی پێتڕۆڵیەمی شلکراوە (LPG) کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بیوتان و پڕۆپان پێکدێت تاکوو ئیسان.

بڕی ناهایدرۆکاربۆنی

ئەو گازانەی تر کە بەشێوەیەکی باو لەگەڵ گازە هایدرۆکاربۆنە سروشتییەکاندا دروست دەبن بریتیین لە نایترۆجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجین و گازە خانەدانەکانی وەک هیلیۆم و ئارگۆن، نایترۆجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن گڕگرتوو نین و ناچالاکن، بەڵام ئەگەر بە بڕێکی زۆر هەبێت ئەوا بڕی گەرمی تێکەڵەکە کەم دەکاتەوە، بۆیە پێویستە پێش ئەوەی گازەکە بخرێتە پڕۆسەی بازرگانییەوە گازی نایترۆجینی لێ لاببرێت، هەروەها گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش لادەبرێت لەبەر زیادکرنی گەرمی و کەمکردنەوەی قەبارە و زیادکردنی ڕەوشتی گڕگرتنی گازەکە.
زۆرجار گازە سروشتییەکان بڕێکی کەم لە گۆگردیدی هایدرۆجین یان ئاوێتە ئەندامییەکانی تری گۆگردیان تێدایە، لەم حاڵەتەدا گازەکە پێی دەوترێت گازی ترش، ئاوێتەکانی گۆگرد ژەهراوین بۆ هەڵمژین و زیان دەگەیەنن بە ڕووەک و پیسکەرێکی ژینگەیی مەترسیدارن ئەگەر لەو بەرهەمانەدا بسووتێن کە لە گازی ترش بەرهەم هێنراون، بۆیە لە کاتی پڕۆسەی بەرهەمهێناندا لادەبرێن.

بەکارهێنان

  • کارەبا: دەکرێت کارەبا بە بەکارهێنانی گازی سروشتی ڕێکبخرێت لەگەڵ تۆربینی هەڵمی و تۆربینی گازی.
  • گەرمکردنەوە: هۆکاری بەکارهێنانی گازی سروشتی وەک گەرمکردنەوە ئەوەیە کە کاریگەری لە گەرمکەرەوەی کارەبایی زیاترە.
  • بەکارهێنانی پیشەسازی: بەکارهێنانی پیشەسازی گازی سروشتی بە واتای بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان و پەیینی کیمیایی و هایدرۆجین.
  • لێنانی خواردن: دەتوانرێت گازی سروشتی ڕاستەوخۆ بۆ لێنانی خواردن بەکاربێت، زۆرجار کۆنترۆڵێکی باشتری پلەی گەرمی دەبەخشێت، هەروەها وزەی کەمتر لە فڕنی کارەبایی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەم گازە ڕاستەوخۆش بەکارنەیەت، دەکرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای ڕێکخستنی کارەباوە بەکاربێت.

هەڵگرتن و گواستنەوە

لەبەر چڕییە کەمەکەی گازی سروشتی هەڵگرتن یان گواستنەوەی بە لۆری کارێکی ئاسان نییە، چونکە گازەکە پێویستی بە ساردکردنەوە و پەستان خستنەسەر هەیە، لێکخشاندنی ناو هێڵەکانی بۆری هۆکارە بۆ گەرمبوونی گازەکە، هەربۆیە تێپەڕاندنی هێڵی بۆریی گازی سروشتی بەناو زەریاکاندا کارێکی ئەنجام نەدراوە، لە کاتی فرۆشتن و کڕینی گازی سروشتیدا بەپێی کوالیتی گازەکە یاسا و ڕێکەوتن دادەنرێت، کە ئەم یاسا و ڕێکەوتنانەش دەکرێت ئەوپەڕی خەستیی ڕێگەپێدراوی گازەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گۆگردیدی هایدرۆجین و ئاو بگرێتەوە، ئاساییانە فرۆشتنی گازی سروشتی کوالیتی باش گازە زیادەکانی لێ دەرهێنراوە و لەسەر بنچینەی گازی وشک مامەڵەی پێوە دەکرێت و پێویستە خاڵی بێت لە بۆن و تۆز و مۆم و لکێنەر و ماددەی لکێنەر دروستکەری نەخوازراو، کە ئەمانە دەکرێت زیان بە ئەو ئامێرانە بگەیەنێت کە گازی سروشتییان تێدەکرێت.
گاز لە کارگەکانی شلکردنەوەدا دەکرێت بە شل، هەروەها لە کارگەکانی بەگازکردنەوەدا دەکرێتەوە بە گاز.


سەرچاوەکان



4963 بینین