شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-14:43:00 - کۆدی بابەت: 3889
شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)

ناوه‌ڕۆك

شۆرشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١

هەرچەندە گەلی کورد پشتیوانییەکی گەورەی لە شۆڕشی ١٤ی تەمووز کرد و توانی ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی ڕوخاندنی ڕژێمی پادشایەتی و هێنانە سەرکاری ڕژێمی کۆماری، تەنانەت بارزانی و هەڤاڵانی دوای گەڕانەوەیان لە یەکێتی سۆڤیەت دڵسۆزی و پشتگیری خۆیان و گەلی کوردیان جارێکی تر پیشان دا، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو کۆنەپەرستان و ڕەگەز پەرستان و سەریان بەرزکردەوە و کەوتنە دژایەتی گەلی کورد و بانگەوازی توانەوەی گەلی کوردیان بڵاوکردەوە، حکومەتەکەی عەبدولکریم قاسمیش کەوتە پیادەکردنی سیاسەتێکی دوور لە ڕێبازی شۆرشی ١٤ی تەمووز، وەک کارنەکردن بە ماددەی سێیەمی دەستووری کاتی عێراق و هەوڵدان بۆ بێبەشکردنی کورد لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی. سەرەتا حکومەت ئەفسەر و پلەدارەکانی کوردی لە سوپا دورخستەوە، فەرمانبەرە کوردەکانی لە شوێنە گرنگ و دام و دەزگاکانی حکومەت دا لابرد. هەروەها پشتی ئەو خێڵانەی گرت کە لەگەڵ بارزانی دا ناکۆک بوون و پڕچەکی کردن، ئەمانە هەمووی بوونە ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان بارزانی و عەبدولکریم قاسم، بارزانی هەوڵێکی زۆری دا کە پەیوەندی لەگەڵ حکومەت دا بە گشتی و لەگەڵ عبدولکریم قاسم بە تایبەتی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بێ سوود بوو، چونکە عەبدولکریم  قاسم سوور بوو لە سیاسەتی خۆی، بۆیە سەرەتای مانگی مارسی ١٩٦١ بارزانی بەغدای بە جێهێشت و گەڕایەوە بارزان.

هەڵویستی عەبدولكەریم قاسم

عەبدولکریم قاسم سەندیکا پیشەیی و قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی کوردی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی داخست لەوانە ڕۆژنامەی (خەبات) کە زمانحاڵی پارتی دیموکراسی کوردستان بوو، هەروەها پارتی کە پارتێکی مۆڵەت پێدراوی ڕەسمی بوو، چالاکییەکانی قەدەغەکراو و بارەگاکانی داخران. 

سەرەتای شۆڕش

عێراق لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە ئاگری فیتنە و هاندانی وڵاتانی دەرەوە سەری لێشێوابوو، حکومەت کەوتە گرتنی کادێر و ئەندامانی پارتی، پارتیش بە ناچاری خەبات و تێکۆشانی لەباری ئاشکراییەوە گواستەوە بۆ نهێنی و کەوتە وشیارکردنەوەی جەماوەر، دەست کرا بە کڕین و کۆکردنەوەی چەک، حکومەتیش ئەو هێز و خێڵ و کەسانەی پڕ چەک کرد، کە ئامادە بوون بە گژ شۆڕشگێڕاندا بچنەوە، پاشان پارتی پەیوەندی بەهێزە نیشتیمانییەکانەوە چ لە ناوەوەی عێراق و چ لە دەرەوەی عێراق کرد بۆ ئەوەی گشت لایەک هەوڵ بدەن کە شەڕ لە کوردستان هەڵنەگیرسێت. لە ٢٠ تەمووزی ١٩٦١ مەکتەبی سیاسی پارتی یاداشتێکی مێژوویی دا بە عەبدولکریم قاسم و داوای لێکرد پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ بە گیانێکی برایانەوە چارەسەری بارودۆخی کوردستان بکرێت، بەڵام یاداشتەکە بایەخی پێ نەدرا. لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە شارەکانی کوردستان بڕیاری مانگرتنێکی گشتی درا بە بۆنەی ڕۆژە ڕەشەکەی ٦ ی ئەیلوولی ١٩٣٠ لە سلێمانی کە بە ڕاپەڕینی بەردەرکی سەرا بەناوبانگە. لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە هەموو ناوچەی کوردستان لە نێوان حکومەت و عەشایەر و حیزبی بوو بە شەڕ. پیشمەرگەش چوونە ناو  سەنگەرەکانی خاکی کوردستان، هێزی میری بە تانک و فڕۆکە و تۆپ و چەکی تازە پەلاماری سەنگەرەکانی دا و بۆ ئەوەی ڕێگا بکاتەوە کە هێزی میری پێدا بڕوات چەند کاتژمێر بە ئاگر باران بە ناپاڵم و تانک و تۆپ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە شەڕ خایاندی لە ئاکامدا کەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە و حکومەت وەک یەک نەبوون لە ڕووی چاکەوە ناچار ناوچەی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان ئەو ڕێگایە بەرەڵڵاکرەن و بکەن و بکشێنەوە، هەروەها لە ناوچەی هەولێر لەبەر ناشارەزایی و نەبوونی هەواڵگیری نەیانزانی بوو کە میری بەرەو کوێ دێ چ لە هەولێر و چ لە قۆڵی کەرکووکەوە تەنیا بەوە ڕاگەیشتن کە بکشێنە دواوە و خۆیان دەرباز بکەن. لە قۆڵی بارزانیشەوە پەلاماری مەلا مستەفا درا بە پاڵپشتی فرۆکەوە ناوچەی بارزانیان هەموو ئاگردا. شەڕ هەموو ناوچەیەکی کوردستانی گرتەوە و پێکدادان بە درێژایی ساڵانی ١٩٦٢ بەردەوام بوو، هەر هەلێکیان بۆ هەڵ کەوتایە پەلاماری هێزی حکومەتیان ئەدا و لە دێ و قەزا و ناحیە و زیانیان لێ ئەدان.


سەرچاوەکان



4099 بینین