مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-02-23:49:00 - کۆدی بابەت: 3906
مەمک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەمک (بە ئینگلیزی: Breast) لە بەشی پێشەوەی سەر سنگن و لە خانمان و پیاوانیشدا بوونی هەیە، لە خانماندا دوو فەرمانی هەیە ئەویش بەشێکی سێکسی جەستەی خانمانە و ڕۆڵی هەیە و دەوروژێت لە کاتی جووتبووندا هەروەها دوای منداڵبوون شیر بەرهەم دەهێنێت بۆ منداڵ، وە هیچ فەرمانێکی نییە لە پیاواندا، مەمکی خانمان لە شانەیەکی تایبەت دروست بووە کە فەرمانی بەرهەمهێنانی شیرە پێی دەوترێت گلانجوڵا (بە ئینگلیزی: glandular) یاخود کونۆچکە، وە لە مەمکی خانماندا بڕێکی زۆر چەورییە شانە هەیە بڕی شانە چەورییەکان قەبارەی مەمکەکە دەردەخات، ئەم شانە چەورییانە لە ئێسکی چەڵەمەوە تاکوو ژێر باڵ و ناوەڕاستی قەفەزەی سنگ کشاوە، بە زیادبوونی تەمەنی خانمەکە بەتایبەت لە تەمەنی نائومێدیدا چەورییە خانەکان لە مەمکدا زیاتر دەبێت.

بەشەکانی مەمک

شانە

چەند جۆرێک لە شانە لەناو مەمکی خانماندا بوونی هەیە:

  • شانەی گلانجوڵا: کە ناویش دەبرێن بە شیرەڕژێن ئەم بەشە شیر بەرهەم دەهێنێت.
  • چەورییە شانە: ئەم شانەیە قەبارەی مەمک دیاری دەکات.
  • شانەی هاوبەند: ئەم شانەیە چەورییە شانە و شانەی گلانجوڵا پێکەوە دەهێڵێتەوە.

بەشە جیاوازەکانی مەمک

پلۆکە

هەر مەمکێک لە ١٥ بۆ ٢٠ پلۆکە یان بەش پێکهاتووە، ئەم پلۆکانە کۆمەڵێکن و لە کۆتاییدا هەموویان دەگەنەوە بە یەک و دەلکێن بە گۆی مەمکەوە.

کونۆچکە

هەر پلۆکەیەک پێکهاتووە لە بەشی بچوکتر بەناوی کونۆچکە کە شیر لەم بەشەدا دروست دەبێت.

جۆگەی شیر

ئەم لوولانە یاخود جۆگە بچووکانە شیرە بەرهەمهاتووەکەی ناو پلۆکەکان دەگەیەنێت به گۆی مەمک.

گۆی مەمک

گۆی مەمک دەکەوێتە سەر ناوچە قاوەییەکەی مەمک، بەنزیکەیی نۆ جۆگەی شیر بەستراون بە گۆی مەمکەوە، جگە لەم فەرمانە گۆی مەمک و دەورووبەری گۆی مەمک هەستە دەماری زۆری تێدایە کە لە کرداری سێکسیدا دەوروژێن.

دەورووبەری گۆی مەمک

ئەو بەشە قاوەیەیە کە دەوری گۆی مەمکی تێدایە ئەم بەشە کۆمەڵێک ڕژێنی تێدایە بە ناوی ڕژێنی مۆنگۆمێری (بە ئینگلیزی: Montgomery gland) کە جۆرە ڕۆنێک دەردەدەن لەماوەی شیرداندا پارێزگاری دەکەن لە گۆی مەمک و دەوروبەری.

لوولەی خوێن 

لوولە خوێنەکان خوێن لە مەمکەکان و قەفەزەی سەر سنگەوە دەگوازنەوە.

لیمفە لوولە

ئەم لیمفە لوولانە بەشێکن لە کۆئەندامی لیمفی جەستە کە لیمفەکان هەڵدەگرن، لیمف شلەیەکە کە یارمەتی کۆئەندامی بەرگری جەستە دەدات ئەویش بە شەڕکردن لەگەڵ میکرۆبەکاندا، ئەم لیمفانە لکاون بە لیمفە ڕژێنەکانی ژێر باڵ و قەفەزەی سنگەوە.

دەمار

گۆی مەمک سەدەها دەماری تێدایە، ئەم دەماران دەبنە هۆی هەستیاربوونی گۆی مەمک و یارمەتی وروژاندنی سێکسی دەدەن.

جیاوازی نێوان مەمکی پیاو و مەمکی خانمان

کچ و کوڕ لە کاتی لەدایکبوونیاندا شانەکانی مەمکیان هاوشێوەیە، بەڵام شێوازی گەشەکردنی ئەم شانانە لە تەمەنی هەرزەکاریدا جیاوازییان هەیە کە لە ئەنجامدا توێکاری جەستەی خانم و پیاوەکە دەگۆڕێت و مەمکی خانمان قەبارەکەی گەورە دەبێت و فەرمانی تایبەت بە خۆی دەبێت بەڵام مەمکی پیاوان هیچ فەرمانێکی نییە و گەورە نابێت.
لە تەمەنی هەرزەکاریدا کوڕان به بوونی ڕێژەیەکی بەرزی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن و ڕێژەیەکی کەمی ئیسترۆجین ئەمەش ڕێگری دەکات لە گەورەبوونی مەمکیان، پیاوانیش گۆی مەمک و دەوری گۆی مەمکیان هەیە و جۆگەی شیریشیان هەیە بەڵام گەشەی نەکردووە، بەڵام شانەکانی بەرهەمهێنەری شیری تێدا نییە، پیاوانیش وەک خانمان دەکرێت تووشی شێرپەنجەی مەمک ببن هەرچەندە زۆر دەگمەنە.

شێوەی مەمک

مەمکەکان شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە هەرگیز دوو خانم نادۆزیتەوە کە مەمکیان هاوشوەی یەک بێت، شێوە جیاوازەکانی مەمک ئەمانەن:

  • مەمکی پڕ: ئەم جۆرە مەمکێکی خڕ و پڕە و گۆی مەمکەکە بچووکە کە شێوەیەکی ستانداردە و باوترینە.
  • مەمکی نایەکسان: قەبارەی ئەم مەمکانە کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ یەکدا، بە نزیکەیی نیوەی خەڵکی لە جۆری مەمکی ناڕێکیان هەیە.
  • مەمکی وەرزشی: مەمکێکی پانە و ماسولکەی زۆری تێدایە و شانەی کەمتری تێدایە.
  • مەمکی نزیک: نێوانێک نییە لە نێوان مەمکەکاندا یاخود زۆر کەمە و لە یەکەوە نزیکن.
  • مەمکی قووچەکی: ئەم جۆرە مەمکە گۆیەکی درێژیان هەیە و یاتر لە مەمکە بچووکەکاندا باوترە ئەم شێوەیە.
  • مەمکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی: گۆی ئەم مەمکانە بە ڕووی دەرەودا ڕۆشتن و هەر یەکەیان و بە لایەکدا.
  • مەمکی شۆڕ: ئەم جۆرە مەمکانە شانەکانیان شلترە و گۆی مەمکەکە بەرەو خوارەوە چووە.
  • مەمکی خڕ: ئەم مەمکە بەشی سەرەوە و خوارەوەی بە یەک قەبارەیە و خڕ و پڕە.
  • مەمکی مەودایی: ئەم جۆرەیان مەودایی نێوان مەمکەکان زۆرە.
  • مەمکی بەرز: ئەم جۆرە مەمکە باریک و بەرزە و گۆی مەمکەکە بەرەو خوارەوەیە.
  • مەمکی فرمێسکی: ئەم مەمکە بەگشتی خڕە بەڵام خوارەوەی مەمەکەکە پڕترە لە بەشی سەرەوەی.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی گۆڕانی شێوەی مەمک

کێش

چەوری بەشێکی گەورەی شانە و چڕیی مەمک پێک دەهێنێت، هەر بۆیە بەزیادبوون یاخود دابەزینی کێش دەکرێت قەبارە و چڕیی مەمک بگۆڕێت.

وەرزش

ئەگەر ماسولکەکانی ژێر مەمک توند بوون، لە ئەنجامدا مەمکەکان توندتر دەبن و ڕێکتر دەوەستن.

تەمەن

بە گەورەبوونی تەمەن مەمکەکان شۆڕتر دەبنەوە چونکە شانەکانی مەمک ناتوانن وەک جاران مەمکەکە ڕاگیر بکەن.

دووگیانی و شیردان

هۆڕمۆنەکان لەماوەی دووگیانی و شیرداندا وادەکەن مەمکەکان بئاوسێن، هەروەها چەوریی و شانەکانی مەمک گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

گەشەکردنی مەمک

گەشەکردن و گەورەبوونی مەمک بەپێی تەمەن و هۆکارەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە، کۆرپەلەیی و تەمەنی هەرزەکاری و منداڵبوون و تەمەنی نائومێدی هەموو ئەمانە گۆڕانکاری دروست دەکەن لە مەمکەکاندا.

شانەکانی مەمک لە هەفتەی چوارەمی کۆرپەلەییدا دەست دەکات بە دروستبوون، ئەو ناوەچەیەی سنگ کە مەمکی لێوە دێتە دەرەوە دەست دەکات بە بەهێزبوون و کاتێک کە منداڵەکە بە کچی دێتە دونیاوە، هەموو بەشەکانی تری مەمک دروستبوون بەتەواوی، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا گۆڕانکاری بەردەوامە لە مەمک و لیمفەڕژێنەکان و کونۆچکەکان و بەردەوامن لە گەشەکردنیان

گۆڕانکاری مەمکەکان لە تەمەنی هەرزەکاریدا

کاتێک کچان نزیک دەبنەوە لە تەمەنی هەرزەکاری یەکەمین نیشانەی گەورەبوونیان گەورەبوونی قەبارەی مەمکیانە، کاتێک کە هێلکەدانەکان دەست دەکەن بە بەرهەمهێنان و دەردانی ئیسترۆجین، چەوری لە شانە هاوبەشەکاندا دەست دەکات بە کۆبوونەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی گەورەبوونی مەمکەکان، و جۆگەی شیریش دەست دەکات بە گەشەکردن، گەشەکردنی مەمک و قەبارەکەی لە کچێکەوە بۆ کچێکی تر جیاوازە.

گۆڕانکاری مەمکەکان لە ماوەی دووگیانی و شیرداندا

زۆرینەی پزیشکان لەو باوەڕەدان کە مەمکەکان تاکوو کاتی دووگیانی و شیردان بەتەواوی پێنەگەیشتوون، گۆڕانکاری لە مەمکدا یەکێکە لە یەکەمین نیشانەکانی دووگیانی کە ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنەوە ڕوودەدات، هەروەها دەوری گۆی مەمک دەست دەکات بە ئاوسان و وردە وردە ئاوسان هەموو مەمکەکە دەگرێتەوە، زۆرینەی خانمانی دووگیان هەست بە ئازاری مەمکییان دەکەن لەماوەی دووگیانیدا، هەروەها گۆی مەمکیان دەکزێتەوە و ئازاری هەیە وەک بڵێی دەرزی پێدا دەکەن ئەمانە هەمووی بەهۆی گەشەی جۆگەی شیر و دروستبوونی پلۆکەوەیە.
لە مانگی پێنجەم یاخود شەشەمی دووگیانیدا، مەمکەکان بەتەواوی ئامادەن بۆ بەرهەمهێنانی شیر، وەک سەردەمی هەرزەکاری ئیسترۆجین گەشەی جۆگەی شیر و پڕۆجیسترۆن گەشەی پلۆکەکان کۆنتڕۆڵ دەکات، زۆرێک لە هۆڕمۆنەکانی دیکەش ڕۆڵیان هەیە لە دروستکردنی شیردا وەک (FSH) و (LH)، پڕۆلاکتین، ئۆکسیتۆسین، (HPL).

گۆڕانکاری مەمکەکان لە تەمەنی نائومێدیدا

کاتێک خانمان دەگەنە کۆتایی ٤٠ و سەرەتاکانی ٥٠ ساڵی، تەمەنی نائومێدی دەست پێ دەکات، لەم کاتەدا ڕێژەی هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، ئیسترۆجین بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات، ئەم کەمبوونە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی زۆر لە تەمەنی نائومێدیدا، بەبێ ئیسترۆجین شانەی هاوبەندی مەمکەکان شل دەبێتەوە و ئیتر تایبەتمەندی هاوبەندی و کێشانیان نامێنێت، وە شانەکانی مەمک پێکەوە کۆدەبنەوە و مەمک شێوەی خۆی لەدەست دەدات.

پێش تەمەنی نائومێدی شانەکانی مەمک زیاترن لە شانەکانی چەوریی واتە چڕیی زیاترە، بەڵام دوای تەمەنی نائومێدی شانەکانی چەوری زیاترن و چڕییان کەمترە.

کاریگەری هۆڕمۆنەکان لەسەر لەسەر گەشەی مەمکەکان

هۆڕمۆنەکانی، ئیسترۆجین، پرۆجیسترۆن، پڕۆلاکتین ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانکاری مەمکەکاندا:

  • ئیسترۆجین: دەبێتە هۆی کشانی جۆگەی شیر و یارمەتی زیاتری هەڵگرتنی شیر دەدات.
  • پڕۆلاکتین: دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی پڕۆجیسترۆن و لیمفەکان ئامادە دەکات بۆ بەرهەمهێنانی شیر.
  • پڕۆجیسترۆن: دەبێتە هۆی زیادبوون و گەورەبوونی قەبارەی پلۆکەکان و مەمک ئامادە دەکات بۆ شیردان، هەروەها ئەم هۆڕمۆنە دوای هێلکەدانان دەبێتە هۆی گەورەبوونی مولوولەکانی خوێن و خانەکانی مەمک، هەر ئەمەشە وادەکات کە مەمک ئازاری هەبێت و ڕەق ببێت لە کاتی هێلکەداناندا.

ئەو نەخۆشییانەی کە مەمک تووشی دەبێت

  • شێرپەنجەی مەمک.
  • کیسی مەمک.
  • ئازاری مەمک.
  • دەردراوی گۆی مەمک.
  • توشبوونی میکرۆبی مەمک.
  • خورانی مەمک و گۆی مەمک.
  • گرێی مەمک.
  • زیادبوونی چڕیی مەمک.


سەرچاوەکان



9798 بینین