شۆڕشی دووەمی بارزان بە سەرۆکایەتی موستەفا بارزانی (١٩٤٣-١٩٤٥)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-01:46:00 - کۆدی بابەت: 3968
شۆڕشی دووەمی بارزان بە سەرۆکایەتی موستەفا بارزانی (١٩٤٣-١٩٤٥)

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی دووەمی بارزان

موستەفا بارزانی و دوو کەس لە هەڤاڵەکانی توانیان بە یارمەتی حیزبی هیوا و بەهاوکاری شێخ لەتیف کوڕی شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی ١٩٤٣ز لە سلێمانی دەربازبن، لە ڕێگای خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هەر ئەو ساڵەدا خۆیان گەیاندەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەکی زۆری خەڵک پەیوەندییان بە بارزانیەوە کرد و ئەویش لە ماوەیەکی کورتدا دەستی بەسەر ناوچەی بارزاندا گرت. حکومەتی عێراقی زانی کە لە ڕێگای بە کارهێنانی هێزەوە ناگاتە هیچ ئاکامێک پەنای بردە بەر گفتوگۆ، موستەفا بارزانی گەڕانەوەی شێخ ئەحمەد و سەرجەم دوورخراوەکانی تری کردە مەرجی گفتوگۆ، حکومەت داواکەی بارزانی جێبەجێکرد و شەر ڕاوەستا و رێکەوتننامەیەک لە نێوان موستەفا بارزانی و حکومەتی نوری سەعید دا مۆرکرا. 

ڕێككەوتنی بارزانی و نوری سەعید

گرنگترین داواکارییەکانی بارزانی لەم ڕێککەوتنەدا بریتی بوو لە:

١. لادان و گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کە بە هەڵسوکەوتی خراپ و بەرتیل خۆری تاوانبار بوون.
٢. دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان کە پێکهاتبێ لە لیواکانی (کەرکوک، هەولێر، سلێمانی، قەزا کوردنشینەکانی لیوای موسڵ و لیوای دیالە و لیوای کوت).
٣. ناسینی زمانی کوردی بە زمانی فەرمی.
٤. دامەزراندنی وەزیرێکی کورد ببێتە بەرپرسی ویلایەتی کوردستان.
٥. دامەزراندنی یاریدەدەری وەزیری کورد لەهەر وەزارەتێکی دەوڵەتدا.
٦. بژاردنەوەی ئەو زیانانەی کەبەر خەڵک کەوتوون.
٧. دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و کردنەوەی رێگا و بان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.

شكاندنی ڕێكەوتننامە

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٤٤ز وەزارەتەکەی نوری سەعید دەستی لەکار کێشایەوە وەزارەتێکی نوێ ڕایگەیاند کە پابەندی ئەو رێکەوتننامەیە نابێت کە وەزارەتەکەی نوری سەعید ئەنجامیداوە، هەموو ئەمانەش شانۆگەرییەک بوو بەریتانیا ڕێکیخستبوو، ئەنجامەکەشی سەر لە نوێ هەڵگیرسانەوەی شۆرش بوو لەساڵی ١٩٤٥ز دا. ئەمجارەیان ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سەرباز و ئەفسەرانی کورد ڕیزەکانی سوپای عێراقیان جێهێشت و چوونە پاڵ شۆرش، موستەفا بارزانی لە زستانی ١٩٤٥دا لەگەڵ رۆشنبیر و ئەفسەرانەدا (لیژنەی ئازادی)ـیان دامەزراند بۆ داواکردنی مافەکانی گەلی کورد. هەروەها بارزانی پەیوەندی بە عەشیرەتە کوردیەکانیشەوە کرد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، دواتریش هەر لەبارەی مافەکانی گەلی کوردەوە یاداشتێکی ئاراستەی حکومەتی عێراقی و باڵوێزی بەریتانیا و باڵوێزخانەی دەوڵەتانی تر کرد لە بەغداد. حکومەتی عێراق گوێی بەداواکانی موستەفا بارزانی نەدا و لە هاوینی ١٩٤٥ز لە نێو مەخفەری مێرگە سوور (وەلی بەگ)ـیان کوشت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان ڕووی لە مەخفەرەکە کردبوو، ئەمەش بوو بە هۆی بێزاری و توڕەیی خەڵکی ناوچەکە چونکە (وەلی بەگ) ڕێز و پلە و پایەی لە نێو خەڵکدا زۆر بوو، هەرچەندە بارزانی هەوڵیدا بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق لەدەرفەتێکی تر دەگەڕا بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەی بارزان دا لەم ڕوانگەیەشەوە ئینگلیز هاندەرێکی سەرەکی حکومەتی عێراقی بوو، بۆیە جارێکی تر هێزی ئاسمانی بەریتانیا ناوچەکەی بۆردومان کرد لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی کورد لە چەند شەڕێکدا کە گرنگترینیان شەری (مەیدان مۆریک) بوو لە پایزی ١٩٤٥ز دا زەبری کوشندەیان لە سوپای عێراقی دا. 

حکومەتی عێراقی توانی بە پارە و سامان چەند عەشیرەتێکی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بیانخاتە سەنگەری دژی شۆرشەوە. بارزانی کاتێک هەستی کرد ناتوانێت لەبەرامبەر سوپای عێراقی و فرۆکەکانی بەریتانیا دا تاسەر بەرگری بکات، بۆیە دوای وتووێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ لیژنەی ئازادی و شێخ ئەحمەد بارزانی، بڕیاریدا پەنا ببەنە بەر خۆهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەدا خەریکی مەراسیمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد. بەمجۆرە  بە درێژایی ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی، باشووری کوردستان لە خەباتێکی سیاسی و چەکداری و بێ پسانەوە دابوو، تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی جەنگیش ئەم خەباتە درێژەی هەبوو، باشترین نموونەش ڕاپەڕینی گاورباغی بوو لە ساڵی ١٩٤٦ز لە شاری کەرکووک، کە کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان لە دژی حکومەتی عێراقی و داگیرکەرە بەریتانییەکان بەرپایان کرد. 


سەرچاوەکان



3289 بینین