توخمە کیمیاییەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-11-00:09:00 - کۆدی بابەت: 4433
توخمە کیمیاییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توخم (بە ئینگلیزی: Element) یان توخمە کیمیاییەکان (بە ئینگلیزی: Chemical elements) بریتیین لە هەر ماددەیەک کە بە پڕۆسەی کیمیایی ئاسایی ناتوانرێت شی بکرێتەوە بۆ ماددەی تر، هەروەها ماددەی بنچینەیی پێکهاتنی زۆربەی ماددەکانی ترن، توخمە ناسراوەکان بریتیین لە ١١٨ توخم، نزیکی ٢٠٪ی ئەو توخمانە لە سروشتدا بوونیان نییە یان بە بڕێکی زۆر کەم بوونیان هەیە، ئەم توخمانە بەشێوەیەکی دەستکرد لە تاقیگەدا دروست کراون و ناسێنراون، ١١ دانە لەو توخمانە ناسراوترینن کە بریتیین لە: (هایدرۆجین، نایترۆجین، ئۆکسجین، فلۆر، کلۆر، و شەش گازە خانەدانەکە) کە ئەمانە لە دۆخی ئاساییدا گازن و بڕۆم و جیوە لە سەروو پلەی گەرمی ژووردا شلن، سیزیۆم و گالیۆم لە نزیکی یانی سەرووی پلەی گەرمی ژووردا دەتوێنەوە و ئەوانی تر ڕەقن.
توخمەکان دەتوانن لەگەڵ یەکتردا یەک بگرن بۆ ئەوەیە مەودایەکی فراوان لە ماددەی تێکەڵ پێکبهێنن کە پێی دەوترێت ئاوێتە، بڕی ئەو ئاوێتانەی ئەگەری دروست بوونیان هەیە نەژمێردراوە، دەکرێت ملیۆنان ئاوێتە دۆزرابێتەوە و ڕۆژانە دانەی نوێ بدۆزرێتەوە، کاتێک دوو توخم یان زیاتر یەک دەگرن بۆ پێکهێنانی ئاوێتە تایبەتمەندییەکانی خۆیان لەدەست دەدەن، هەروەها ئەو ئاوێتەیەی دروست دەبێت تایبەتمەندییەکەی بە تەواوی جیاوازە لە هەریەک لە توخمەکان بە تەنها.
بۆ نموونە توخمی هایدرۆجین و ئۆکسجین لە دۆخی گازیدان و تایبەتمەندییان بەتەواوی جیاوازە، ئەم دوو توخمە دەتوانن یەک بگرن بۆ ئەوەی ئاوێتەی ئاو دروست بکەن، تایبەتمەندییەکانی ئاو بەتەواوی جیاوازە لە ئۆکسجین و ھایدرۆجین بە تەنها، ئاو توخم نییە چونکە بەشێوەیەکی کیمیایی دەکرێت شی بکرێتەوە بۆ هایدرۆجین و ئۆکسجین، هەروەها هایدرۆجین و ئۆکسجین توخمن چونکە بە هیچ پڕۆسەیەکی کیمیایی ناتوانرێت شی بکرێنەوە بۆ گەردی سادەتر.
ئاوی دەریا باوترین نموونەی تێکەڵەی فیزیایی ئاوێتەکانە، ئەم تێکەڵەیە پێکدێت لە ئاو و بڕێکی زۆر لە ئاوێتەی تر، کە باوترینیان کلۆریدی سۆدیۆم یان خوێی چێشتە، تێکەڵە جیاوازە لە ئاوێتە چونکە بە پڕۆسەی فیزیایی شی دەکرێتەوە و جیادەکرێتەوە، لە کاتێکدا کە ئاوێتە بە پڕۆسەی کیمیایی شی دەکرێتەوە.

جەستەی مرۆڤ لە ٢٦ جۆری جیاوازی توخمەكان دروستبووە.

مێژووی چەمکی توخم

چەمکی مۆدێرنی توخم ڕوون و دیارە بەپشت بەستن بەوەی کە لە پڕۆسە کیمایی و فیزیاییەکاندا بەکاردێت بە واتای جیاکردنەوەی توخمەکان لە ئاوێتە و تێکەڵەکان، بوونی ئەو ماددەی بنچینەییانەی کە هەموو ماددەکانی تری لێ دروست دەکرێت بە درێژایی مێژوو بنچینەی چەندین بیردۆزی خەمڵاندن بووە، فەیلەسوفە ڕەسەنە یۆنانییەکان کە بریتی بوون لە فەیلیز و ئاناکسیمنیز و هێرالیکتۆس پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە هەموو ماددەیەک لە پێکهاتەی بنچینەیی یان توخم پێکهاتووە، فەیلیز بڕوای وابوو کە ئەم پێکهاتە یان توخمە بنچینەییە ئاوە، ئاناکسیمنیز پێی وابوو هەوایە و هێرالیکتۆس پێی وابوو ئاگرە.
فەیلەسوفێکی تری یۆنانی بە ناوی ئیمپێدۆکڵیس باوەڕێکی تری خستەڕوو کە بریتی بوو لەوەی هەموو ماددەیەک لە چوار توخم پێکهاتووە و چوار توخمەکە بریتیین لە: هەوا، زەوی، ئاگر و ئاو.
ئەرستۆ بڕوای وابوو ئەم چوار توخمە هەڵگری ڕەوشتی بنچینەیین بەشێوەیەک کە وشکی و گەرمی بەهۆی ئاگرەوەیە، گەرمی و شێداری بەهۆی هەواوەیە، ساردی و شێداری بەهۆی ئاوەوە و ساردی و وشکی بەهۆی زەوییەوەیە.
بە بڕوای ئەم فەیلەسوفانە هەموو ماددەکانی تری زەوی کۆکراوەی ئەو چوار توخمەیە و تایبەتمەندی هەموو ماددەکان کاردانەوەی پێکهاتەی توخمەکە بنچینەییەکەیانە، بیرکردنەوەکانی یۆنانی لە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا دەسوڕانەوە کە هەموو ماددەیەک دەتوانرێت بە کوالیتی توخمەکەیدا بناسرێتەوە، لە هەمان کاتدا توخمەکان خۆیان وەک ماددە دانەدەنران.
بیرۆکەی یۆنانی توخم بۆ نزیکی ٢٠٠٠ ساڵ پەیڕەوکرا، بەڵام تەنها یەک بیرۆکەی لەگەڵ پێناسەی مۆدێرنی توخمدا یەکی دەگرتەوە، ئەو بیرۆکەیەش بریتی بوو لەوەی کە هەر توخمێک ڕەوشتی تایبەت بە خۆی هەیە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی ناوەڕاستدا کاتێک کیمیاگەرەکان لە بواری زانینیان لە پڕۆسە کیمیاییەکاندا زیاتر کارامە بوون، چەمک و بیرۆکە یۆنانییەکانی پێکهاتەی ماددە کەمتر باوەڕپێکراو بوون، کوالیتی توخمی زیاتر پەرەی پێدرا بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانە کیمیاییە تازە دۆزراوەکاندا، لە ئەنجامدا گۆگرد دانرا وەک دەرخەری کوالیتی سووتان، جیوە وەک توانای بەهەڵم بوون و شلی، خوێش وەک بنچینەیی نەسووتان و بەرگەگرتنی ئاگر.
جیاوازیە گرنگەکەی نێوان تێکەڵە و ئاوێتەی کیمیایی تاکوو ئەو سەردەمەش نەزانراو بوو، لە ساڵی ١٦٦١ کیمیاگەرێکی ئینگلیزی بە ناوی ڕۆبەرت بۆیڵی سروشتی بنچینەیی توخمی کیمایی ناسییەوە، ئەو گفتوگۆی لەسەر ئەوە کرد کە چوار توخمە یۆنانییەکە ناکرێت توخمی کیمیایی ڕاستەقینەبن، چونکە ناتوانن یەک بگرن بۆ دروستکردنی ماددەی تر و ناشتوانرێت لە ماددەی ترەوە دەربهێنرێن، بۆیڵی سروشتی فیزیایی توخمەکانی دوپات کردەوە و بە ڕێگایەکی پێشکەوتووی کرداری پەیوەستی کردن بەو ئاوێتانەی کە پێکیان هێنابوو.

لە ساڵی ١٧٨٩ کیمیاگەرێکی فەڕەنسی بە ناوی ئەنتوان لاورێنت لەسەر بنچینەی پێناسەکانی بۆیڵی لیستێکی پێکهاتوو لە توخم دۆزییەوە کە بە یەکەم لیستی توخم دادەنرێت، چونکە تاکوو ئەو کاتە هیچ ئەزموونێکی کرداری دانەهێنرابوو بۆ شی کردنەوەی ماددەکان یان دروستکردنیان لە توخمەکانەوە، لیستی توخمەکانی ئەنتوان ماددەی وەک گەچ و ئەلەمنیۆم و سیلیکای تێدابوو، کە لە سەردەمی پێشکەوتوودا بە ئاوێتەی زۆر جێگیر ناسراون.
ئەو حەوت ماددەیەی کە لە سەردەمی پێشکەوتوودا بە توخم ناسراون بریتیین لە (زێڕ، زیو، مس، ئاسن، قوڕقوشم، تەنەکە و جیوە) لە کۆندا ناسراو بوون، چونکە بەشێوەیەکی سروشتی و بە پوختی لە سروشتدا بوونیان هەیە، کاتێک کە ڕێگاکانی جیاکردنەوەی توخم لە ئاوێتە زیاتر پەرەی پێدرا، ١٦ توخمی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ دا دۆزرانەوە.
٨٢ توخمەکەی تر دوابەدوای داهێنانی تیۆری شیکردنەوەی بڕیی دۆزرانەوە.

سروشتی گەردیلەیی توخمەکان

گەشەسەندنی چەمک و بیرۆکەی توخمەکان هاوتایە لەگەڵ تێگەیشتن لە سروشتی ماددە، لە کاتە جیاوازەکانی مێژوودا ماددە کراوە بە دوو جۆر کە بریتی بووە لە بەردەوام و نابەردەوام، ماددەی بەردەوام بە ماددە چونییەک و دابەشبووە بێ سنورەکان دەوترا، کە هەر پارچەیەکی دابەش بوو بەپێی قەبارەکەی تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەم بیرۆکەیە بەشێوەیەکی بنچینەیی دەچوویەوە سەر بیرۆکەکانی ئەرستۆ.
ماددەی نابەردەوام بەو ماددانە دەوترا کە دابەشبوونیان سنوردار بوو، ئەم سنوردارییە تا خاڵێک بوو کە دەگەیشت بە گەردیلە، ئەم چەمکە پێشی دەوترا گریمانەی گەردیلەیی، دواتر گەردیلەکان بە هەڵگری تایبەتمەندی بنچینەیی ماددە دادەنران.
لە سەدەی ١٦دا دۆزینەوەی ئەزموونییەکان بوو بەهۆی گەڕانەوە بۆ تیۆری گەردیلەیی، دوو بەڵگەی ئەزموونی گریمانەی گەردیلەییان ڕاست کردەوە، کە یەکەمیان وردەکاری ڕەوشتی ماددە گازییەکان و دووەمیان پەیوەندی بڕی بارستە بوو کە لەگەڵ چەندین کارلێکی کیمیاییدا تێبینی کرا.
کیمیاگەرێکی ئینگلیزی بە ناوی جۆن داڵتۆن یەکەم کەس بوو کە بەشێوەیەکی کرداری بە خستنەڕووی بوونی تایبەتمەندی بێهاوتای گەردیلەکان یاسای یەکگرتنی کیمیایی داڕێژا.

پێکهاتەی گەدیلە

گەردیلەی توخم پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە کە لە بەشی بچووکتر پێکدێت و ئەو بەشە بنچینەییانە بریتیین لە پڕۆتۆن و نیوترۆن و ئەلیکترۆن، ناوەوەی گەردیلە پێکدێت لە ناو ئەم ناوکە لە پڕۆتۆن و نیوترۆن پێکهاتووە و بە هەوری ئەلیکترۆنی دەوردراوە.
تایبەتمەندی بنچینەیی ئەم پێکهاتانەی گەردیلە کێش و بارگەکەیانە، کە پڕۆتۆن بارگەی پۆزەتیڤ و ئەلیکترۆن نێگەتیڤ و نیوترۆن بێ بارگەیە.
نیوەتیرەی گەردیلە نزیکەی ٨-١٠ سانتیمەترە و ١٠٠٠٠ جار لە ناوکەکەی گەورەترە، ژمارەی پڕۆتۆنەکانی ناو ناوک یەکسانن بە گەردیلە ژمارەی توخمەکە، کۆکراوەی ژمارەی پڕۆتۆن و نیوترۆن پێی دەوترێت بارستە ژمارە، چونکە گەردیلە بێ بارگەیە کەواتە گەردیلە ژمارە تەنها دەرخەری ژمارەی پڕۆتۆنەکان یان بارگەی پۆزەتیڤ نییە لە ناوکدا، بەڵکوو دەرخەری ژمارەی ئەلیکترۆن یان بارگەی نێگەتڤیشە.
تایبەتمەندی کیمیایی توخمەکان پەیوەستە بە ژمارە و ڕێخستنی ئەلیکترۆنەکان لە گەردیلەکاندا، کەواتە توخمەکان بەپێی گەردیلە ژمارەکەیان بە تەواوی لەیەکتر جیاوازن.

ژمارەی پڕۆتۆنەكان لە ناوكی گەردیلەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی بارگەی كارەبایی تێیدا، ئەلیكترۆنەكانی خولگەی گەردیلەکان دەبنە هۆی دیاریكردنی پێكهاتە و تایبەتمەندییە كیمیاییەكانی.

ڕەوشتی توخمەکان

هەر توخمێک کۆمەڵێك ڕەوشتی هەیە، ڕەوشتە جیاکەرەوەکان یارمەتی ناسینەوەی دەدات، ئەم ڕەوشتانە پشت بە بڕی ماددەکە نابەستێت، ڕەوشتە جیاکەرەوەکان هەندێک ڕەوشتی فیزیاین وەک پلەی کوڵان، پلەی شلبوونەوە، چڕی هەروەها هەندێک ڕەوشتی کیمایین وەک توانای کارلێککردن لەگەڵ ترشەکان.

لەوانەیە توخمێک لەگەڵ توخمێکی تر لە هەندێک ڕەوشتدا هاوبەش بن بەڵام ڕەوشتی تر هەیە یارمەتی ناسینەوەی دەدات، بۆ نموونە توخمی هیلیۆم و کریپتۆن گازی ناچالاکن، بەڵام چڕییەکانیان جیاوازن، چڕی هیلیۆم لە چڕی هەوا کەمترە، بۆیە کاتێک میزەڵدانێک پڕ لە هیلیۆم دەکرێت و بەردەدرێت بەرز دەبێتەوە لە هەوادا، بەڵآم گازی کریپتۆن چڕییەکەی لە چڕی هەوا زیاترە بۆیە میزەڵدانێک پڕ لە گازی کریپتۆن بەربدرێت بەرز نابێتەوە لە هەوادا بەڵکو دەکەوێتە سەر ڕووی زەوی.

ناسینەوەی توخمەکان بەپێی ڕەوشتەکانیان

ڕەوشتە فیزیاییەکان بریتین لە پلەی کوڵان و چڕی، دەتوانرێت هەندێک ڕەوشتی تر زیادبکرێت وەک ڕەنگ، ڕەقی، سافی، و لە هەمان کاتدا دەتوانرێت ڕەوشتی کیمیایی توخمەکان بەکاربهێنرێت بۆ نموونە کاربۆن و هایدرۆجین توانای گڕگرتنیان هەیە، توخمی تری وەک سۆدیۆم کارلێک لەگەڵ ئۆکسجین دەکات لە پلەی گەرمی ئاسایدا توخمی تریش هەن وەک تۆتیا لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکەن.

هێما كیمیاییەكان 

توخمە كیمیاییەكان هەموویان هێمای تایبەت بە خۆیان هەیە و لە سەرانسەری جیهاندا بەكاردەهێنرێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت هەر كەسێك بە هەر زمانێك قسە بكات دەتوانێت لە هێماكان تێبگات و بەكاریان بهێنێت، هێمای توخمە كیمیاییەكان لە ناوە ئینگلیزی و لاتینییەكانەوە هاتوون، بۆ نموونە كاربۆن هێمای كیمیاییەكەی بریتییە لە (C) هەروەها سۆدیۆم هێمای (Na) هەیە كە لە لاتینییەوە وەرگیراوە، و (Au) كە هێمای زێڕە لە وشەی لاتینی (aurum) وەرگیراوە.

پۆلێنکردنی توخمەکان بەپێی ڕەوشتەکانیان 

جۆرەکانی توخم

توخمەکان پۆلێن دەکرێن بۆ سێ جۆر بەپێی ڕەوشتە هاوبەشەکانیان کە ئەمانەن: کانزا، ناکانزا، نیچە کانزا. ئاسن و نیکڵ و کۆباڵت هەموویان کانزان، کانزاکان لەیەک ناچن بەڵآم ڕەوشتی هاوبەشیان هەیە، کانزا دەدرەوشێتەوە و وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا دەگەیەنێ. ناکانزاکان جۆری دووەمن لە توخمەکان، گەرمی و کارەبا بەباشی ناگەیەنن و ناکانزا ڕەقەکان ڕەنگیان کاڵە. نیمچە کانزاکان جۆری سێیەمن لە توخمەکان هەندێ ڕەوشتی کانزایی و هەندێ ڕەوشتی ناکانزاییان هەیە.

کانزاکان

کانزاکان ئەو توخمە درەوشاوانەن کە وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا بە باشی دەگەیەنن، توانای پیاکێشانیان و ڕاکێشانیان هەیە، ئاسن لە زۆر مەبەستدا بەکاردەهێنرێت وەک خانوو، ئۆتۆمبێل، مس بۆ تەلی کارەبا و پارچە دراوە کانزاکان، و قوڕقوشم.

ناکانزاکان

ناکانزاکان ڕەنگیان کاڵە، وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا باش ناگەیەنن و ناکانزا ڕەقەکان زوو دەشکێن توانای پیاکێشانیان نییە، هەندێک شتی باو لە ناکانزاکان دروست دەکرێن وەک گڵۆپی نیۆن و گرافیت (کاربۆن)ـی بەکارهێنراو لە پێنووس. نموونەی دیکەش وەک بڕۆم و گۆگرد.

نیمچە کانزاکان

نیمچە کانزاکان پێشیان دەوترێت نیمچە گەیەنەرەکان، ئەو توخمانەن هەندێ ڕەوشتی کانزایی و هەندێ ڕەوشتی ناکانزاییان هەیە، هەندێکیان درەوشاوەن و هەندێکی تر نادرەوشێتەوە و هەندێکیان توانای پیاکێشان و ڕاکێشانیان هەیە نموونە وەک سلیکۆن و بۆرۆن و ئەنتیمۆن.

ئاوێتەکان

خوێ و شەکر و ئاو و بیکاربۆناتی سۆدیۆم هەموویان ئاوێتەن، زۆربەی توخمەکان بە ئاسانی گۆڕانی کیمیاییان بەسەردێت. بە دەگمەن توخمێک بەتەنها لە سروشتدا هەیە، بۆیە دەبینین زۆربەی توخمەکان لەگەڵ توخمەکانی تردا یەک دەگرن بە شێوەی ئاوێتەن.

توخمەكان دەتوانن یەكبگرن بۆ پێكهێنانی ئاوێتەكان وەك (ئاو، خوێیەكان، ئۆكسیدەكان و هەروەها ئاوێتە ئەندامییەكان)، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئاوێتەكان تایبەتمەندی جیایان هەیە كە جیاوازە لە تایبەتمەندی ئەو توخمانەی كە پێكیان هێناوە، بۆ نمونە سۆدیۆم كانزایەكە كە دەسووتێت كاتێك دەكرێتە ناو ئاوەوە و هەروەها كلۆراین گازێكی ژەهراوییە، بەڵام كاتێك كە پێكەوە كارلێك دەكەن ئاوێتەیەك دروستدەكەن كە پێیدەوترێت كلۆریدی سۆدیۆم (خوێ) كە دەتوانرێت بخورێت.

ڕێژەی توخمەکان لە ئاوێتەکاندا

توخمەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یەک ناگرن، بەڵكو بە ڕێژەیەکی دیاریکراو یەکدەگرن، بۆ نموونە ڕێژەی بارستایی هایدرۆجین بۆ بارستایی ئۆکسجین لە ئاودا بریتییە لە ١ گم هایدرۆجین بۆ ٨ گم ئۆکسجین کە بەم شێوەیە دەنوسرێت ٨:١ وە ئەگەر بەم ڕێژەیە نەبێت ئەوا ئاوێتەکە ئاو نابێت.

ڕەوشتەکانی ئاوێتە

ئاوێتە وەک توخم ڕەوشتی فیزیایی تایبەتی هەیە ڕەوشتە فیزیاییەکان وەک پلەی شلبوونەوە چڕی و ڕەنگ دەتوانین ئاوێتە بناسنەوە بەهۆی ڕەوشتە کیمیاییە جیاوازەکانەوە، هەندێک ئاوێتە لەگەڵ ترش کارلێک دەکەن بۆ نموونە کاربۆناتی کالیسیۆم کە لە تەباشیردا هەیە کارلێک دەکات لەگەڵ ترش.

جیاوازی نێوان ڕەوشتی ئاوێتەکان و ڕەوشتی توخمەکان

ڕەوشتی ئاوێتە جیاوازە لەگەڵ ڕەوشتی ئەو توخمانەی پێکی دەهێنن، کلۆریدی سۆدیۆم یان خوێی چێشت پێکهاتووە لە دوو توخم کلۆر و سۆدیۆم، کلۆر گازێکی ژەهرە، سۆدیۆم لەگەڵ ئاو کارلێک دەکات دەتەقێتەوە، بەڵآم لە کاتێک کە یەکدەگرن ئاوێتەی کلۆریدی سۆدیۆم پێک دەهێنن کە لە خۆراکدا بەکاردەهێنرێت. لە ئاودا دەتوێتەوە بێ تەقینەوە.

ڕێگاکانی هەڵوەشاندنی ئاوێتەکان 

تاکە رێگا بۆ هەڵوەشاندنی ئاوێتە، گۆڕانی کیمیاییە، هەندێ جار ڕوودانی گۆڕانی کیمیایی پێویستی بە وزە هەیە، دوو ڕێگا هەیە بۆ پێدانی وزەی پێویست بۆ هەڵوەشاندنی ئاوێتە کە بریتین لە گەرمکردن و تێپەڕکردنی تەزووی کارەبا. بە گەرم کردنی ئۆکسیدی جیوە، هەڵدەوەشێتەوە بۆ توخمی جیوە و ئۆکسجین.

ئاوێتەکان لە دەوروبەردا

مرۆڤ بە بەردەوام بە ئاوێتەکان دەورەدراوە، ئەو خواردنەی کە مرۆڤ دەیخوات ئاوێتەیە، پێداویستیەکانی رۆژانە ئاوێتەیە، ئەو جل و بەرگەی دەیپۆشێ ئاوێتەیە، تەنانەت لەشی مرۆڤ لە ئاوێتە پێکهاتووە.

ئەو ئاوێتانەی لە سروشتدا زۆرن، بەردەوام بە شێوەی ماددەی خاو نین و دەست نادەن بۆ پیشەسازی، زۆر جار دەبێت لێکهەڵبوەشێن بۆ توخم یان ئاوێتەی تر تا بتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک کەرەستەی خاو، بۆ نموونە ئەلەمنیۆم بەکاردێت بۆ دروستکردنی فڕۆکە و دەفرەکان، بەڵام ئەلەمنیۆم بەتەنها لە سروشتدا نییە.

ئاوێتەکان لە سروشتدا

پڕۆتینەکان ئەو ئاوێتانەن کە لە لەشی هەموو زیندەوەران دا هەن، نایترۆجین توخمی سەرەکییە لە دروست بوونی پڕۆتیندا، ڕووەکی تریش هەن کە لە ڕێگای ئەو ئاوێتە نایترۆجینانەی لە خاکدا هەن نایترۆجینیان دەست دەکەوێت، گیانەوەران لە خواردنی ڕووەکەوە نایترۆجینیان دەستدەکەوێت، یان لە خواردنی ئەو گیانەوەرانەی ڕووەک دەخۆن، بە هەرسبوونی خۆراک پڕۆتینەکان شی دەبنەوە بۆ ئاوێتەی ساکارتر، خانەی گیانەوەران بەکاریان دەهێنن بۆ دروست بوونی پڕۆتینی نوێ.

تێكەڵەكان

هەندێك لە توخمەكان پێكەوە تێكەڵدەبن بۆ دروستكردنی پێكهاتەی نوێ، ئەم پێكهاتە نوێیانە ئاوێتە نین، بەڵكو پێیاندەوترێت تێكەڵەكان وەك تێكەڵەی خوێ لەگەڵ ئاودا، ئەو تێكەڵانەی كە كانزان پێیاندەوترێت داڕشتە.

هاوتاكان

زۆربەی توخمەكان لە سروشتدا لە گەردەكان پێكدێن لەگەڵ ژمارەی جیاوازی نیوترۆنەكان، هاوتاكان بریتین لەو توخمانەی كە یەك جۆری ژمارەی گەردیلەیان هەیە بەڵام ژمارەی جیاوازی نیوترۆنیان هەیە، بۆ نمونە كاربۆن دوو هاوتای جیاوازی جێگیریان هەیە كە بە سروشتی دروستدەبن وەك كاربۆن-12 كە شەش نیوترۆنی هەیە لەگەڵ كاربۆن-13 كە حەوت نیوترۆنی هەیە، هەروەها كاربۆن-14 كە هەشت نیوترۆنی هەیە بە سروشتی دروستدەبێت كە هاوتایەكی تیشكدەری توخمی كاربۆنە، بە لایەنی كەمەوە هەموو توخمەكان دوو جۆر هاوتایان هەیە بێجگە لە ئۆگانێسۆن- Oganesson.


سەرچاوەکان



22675 بینین