مەترسییەکانی ڕەنگکردنی قژ لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-25-04:30:00 - کۆدی بابەت: 4833
مەترسییەکانی ڕەنگکردنی قژ لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا ڕەنگکردنی قژ لەماوەی دووگیانیدا ڕێگە پێدراوە؟

ئەمە پرسیاری زۆرێک لە خانمانە کە ئایا دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا قژیان ڕەنگ بکەن و ئایا هیچ زیانێکی هەیە بۆ کۆرپەکەیان؟ 
دووگیانی هەستیارترین ماوەیە کە خانمان پێیدا تێپەڕ دەبن زۆر کار لەم ماوەیەدا بۆ خانمان قەدەغەیە و ڕەنگکردنی قژیش یەکێکە لەوانە، ئەگەر تۆ خانمێکیت کە حەز دەکەیت بەردەوام قژت ڕەنگ بکەیت و لەماوەی دووگیانیشدا هەر بەشدار بیت ئەوا ئەوە بزانە کە ڕەنگەکە لە ماددەی کیمیایی پێکهاتووە و لە ڕێگەی پێستی سەرەوە دەچێتە ناو خوێن و دەتوانێت ببێتە هۆی کەمئەندامی بۆ منداڵەکە و کێشەی بۆ دروست بکات.

ئەگەریش هەر سووریت لەسەر ئەوەی کە ڕەنگی بکەیت و قژت سپییە و ناچاریت ئەوا واباشترە ڕەنگی سروشتی و بێ زیان بەکاربهێنیت، ڕەنگی گیایی وەک خەنە بۆ خانمانی دووگیان بێ کێشەیە و هیچ جۆرە ماددەیەکی کیمیایی و توشکەری شێرپەنجەی تێدا نییە و بەتەواوی سروشتییە و هیچ زیانێک ناگەیەنێت بە منداڵەکە.

چەند خاڵێکی گرنگ لەکاتی ڕەنگکردنی قژ لەماوەی دووگیانیدا

١- ڕەنگی چاک و ئەسڵ بکڕن.

٢- کاتێک قژت ڕەنگ دەکەیت دەستکێش لەدەست بکە ئینجا بیدە لە قژت.

٣- سێ مانگی سەرەتای دووگیانی بە هیچ شێوەیەک قژت ڕەنگ مەکە.

٤- بە هیچ شێوەیەک مێش و هایلایت مەکە بۆ قژت.

٥- قژت بە خەنە ڕەنگ بکە.

٦- بەردەوام و زوو زوو قژت ڕەنگ مەکە.

٧- دوای ڕەنگکردنی قژەکە بەجوانی بیشۆ و ئاوی پێداکه.

٨- هەموو جۆرە ڕەنگێکی تازە بەکار مەهێنە.

٩- دەبێت ئەو ژوورەی ڕەنگەکەی تێدا دەکەیت کەشێکی لەبار و گونجاوی هەبێت.

تا بتوانیت دوورکەوەرەوە لە ڕەنگکردنی قژت لەماوەی دووگیانیدا، ئەگەریش هەر سووریت لەسەر ڕەنگکردنی ئەوا ڕەچاوی ئەو خاڵانەی کە وترا لە سەرەوە و لەکاتی کڕینی ڕەنگەکەشدا جوان سەیری ماددەکانی و هەروەها بەرواری بەسەرچوونی بکە تاکوو کێشەت بۆ دروست نەکات هەوڵیش بدە زۆر بە پێستی سەرتەوە نەیهێڵیتەوە و دواتریش زۆر جوان ئاوی پێداکە و بیشۆ.

ئەم خاڵانەی کە باسکرا وا باشترە لەماوەی شیردانیشدا ڕەچاوی بکەیت، و هەروەها لەم ماوەیەشدا هەوڵ بدە وەک ماوەی دووگیانی کەمتر قژت ڕەنگ بکەیت یان هەر نەیکەیت ئەگەریش هەر سووریت لەسەر کردنی ئەوا خەنە بەکاربهێنە.


سەرچاوەکان



5164 بینین