لۆبیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-04-25-17:17:00 - کۆدی بابەت: 4846
لۆبیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لۆبیا یان لۆبێ (بە عەرەبی: لوبياء، بە ئینگلیزی: Vigna) ڕووەکێکە لە ڕەگەزی پاقلەمەنییەکان و چەند جۆرێکی ناوداری هەیە، لۆبیا سەوزەیەکی کەم چەورییە و بە سەوزی سوودی هەیە و هەروەها ناوکەکەی وەکوو لۆبیای وشک سوودی هەیە و بەکاردەهێنرێت. بنەچەی ئەم ڕووەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکای ناوەڕاست و مەکسیک و چەند ناوچەیەکی ئەفریقا نموونەی میسر.

لۆبیا ڕووەکێکی هەمیشە سەوزە و چاندنی لە وەرزی هاوینە و هەر لە هاوینیش بەردەگرێت، چونکە مەودای بەر گرتن و پێگەشتنی کەمە و لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا گەشە دەکات و بەر دەگرێت. بەرەکەی لە سەرەتادا بەشێوەی گوڵە کە ڕەنگەکەی سپی یان زەردێکی کاڵە، پاشان گوڵەکان دەبنە بەر و بەرەکەشی هاوشێوەی پاقلەمەنییەکانه، زۆرجار ڕەنگ سەوزێکی کاڵە و ڕەنگی زەرد و سووریشی هەیە، بەرزی ڕووەکەکەی ٨٠ سانتیمەترە، خاکی چاندنی لۆبیا پێویستە نیمچەتەڕ و بەهێز بێت و پێویستە لە کەشێکی گەرمدا بچێنرێت.

جۆر و ڕەگەزەکانی لۆبیا

  • لۆبیای پەلکدار
  • لۆبیای پەلکداری کەمەری
  • لۆبیای ڕەش
  • لۆبیای سوور
  • ماش

پێکهاتەی خۆراکی

پێکهاتەی خۆراکی بڕی یەک کوپ لۆبیای کوڵاو کە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٢٥ گرام دەکات بریتییە لە:

سوودە تەندروستییەکانی لۆبیا

- بۆ تەندروستی دڵ بەسوودە

بەهۆی بوونی ماددەی لسیامین لە پێکهاتەی لۆبیادا، نەبوونی چەوری و کۆلیستڕۆڵ و بوونی دژەئۆکسان لە پێکهاتەی خۆراکی لۆبیا خواردنی بهشێوەیەکی تەندروست بۆ تەندروستی دڵ باشە و ئاستی چەوری زیانبەخشی ناو خوێن کەم دەکاتەوە.

- سوودی هەیە بۆ کۆئەندامی هەرس

لۆبیا سەرچاوەیەکی ڕووەکی نایابە بۆ ڕیشاڵ، هەر بۆیە خواردنی لۆبیا بەشێوەیەکی تەندروست یارمەتی باشتر کردنی تەندروستی هەرس دەدات و دژی هەوکردن و سکچوونە و هەروەها یارمەتی باشترکردنی هەڵمژینی خۆراک دەدات.

- سوودی بۆ کەمکردنەوەی کێش هەیە

بڕی کالۆری لۆبیا زۆر کەمە، هەروەها خاڵییە لە چەوری و کۆلیستڕۆڵ، دەوڵەمەندە به پێکهاتەی خۆراکی و بڕێکی تەندروست لە ڕیشاڵ لە پێکهاتەکەیدا بوونی هەیە، بۆیە بە خۆراکێکی پەسەند دادەنرێت بۆ دابەزاندن و کەم کردنەوەی کێش سوودی لێدەبینرێت، لە ڕێجیم و ژەمە تەندروستەکان زۆر بەکاردەهێنرێت.

- بەسوودە بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکانی لەش

لۆبیا یەکێکە لەو خۆراکە ڕووەکییانەی کە بەهۆی بوونی کالسیۆم و چەند کانزایەکی تری وەکوو فسفۆر و مەگنسیۆم سوودی گرنگی بۆ بە هێزکردنی ئێسکەکانی لەش هەیە.

- بۆ ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن بەسوودە

بەهۆی بوونی بڕێکی گونجاو لە مەگنسیۆم لە پێکهاتەی لۆبیادا کە یارمەتی کارکردن و ڕێکخستنی میتاپۆلیزمی لەش دەدات، بەوهۆیەوە ڕێژە و ئاستی شەکری خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات.

زیانەکانی لۆبیا

سەرەڕای سوودە تەندروستییەکانی زیاد بەکارهێنانی لۆبیا زیانی هەیە، گرنگترین زیانەکانی لۆبیا: 

- ئەو کەسانەی هەستیاری یان بەرگە نەگرتنیان بە چەند جۆرێکی پاقلەمەنییەکان هەیە، پێویستە دڵنیابن لەوەی کە هەستیارییان بە لۆبیا نییە، چونکە ئەگەر هەستیارییان بە لۆبیا هەبێت نیشانەکانی هەستیاری وەکوو سوور بوونەوە، هەستی خنکان و هەناسەتەنگییان بۆ دروست دەبێت و زیانی بۆیان هەیە.

- لۆبیا بۆ ئەو کەسانەی کێشەکانی هەرسیان هەیە وەکوو دڵەکزێ و کێشەکانی کۆڵۆن و گەدە زۆرجار زیانی هەیە.

ئامادەکردن و بەکارهێنانی لۆبیا 

پێویستە لۆبیا بەباشی بکوڵێندرێت و بە کاڵی ناخوورێت، بەڵکوو بە کاڵی هەندێک کات مەترسی ژەهراوییبوونی لەسەرە، هاوکات پێویستە پێش بەکارهێنانی لە خوانەکان بە باشی بشۆردرێتەوە. لۆبیای وشک وەکوو شلەی سوور و شۆربا بەکاردەهێنرێت، هەروەها بەکوڵاوی دەخورێت، بە سوورەوەکراویش لەگەڵ سەوزەی تردا تێکەڵ دەکرێت و دروست دەکرێت، لەگەڵ سەوزە و خوانەکانی تریش تێکەڵ دەکرێت و بەکاردەهێنرێت. هەندێک جۆری لۆبیا وەکوو ئاڵفی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



1902 بینین