ژمارەی کاتژمێرەکانی نوستن بەپێی تەمەن

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-04-28-04:53:00 - کۆدی بابەت: 4945
ژمارەی کاتژمێرەکانی نوستن بەپێی تەمەن

ناوه‌ڕۆك

نوستن

نوستن بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی تەندروستی دادەنرێت، خەڵکی سێیەکی ژیانیان لە خەودا بەسەردەبەن، هەروەها بێبەشبوون لێی پەیوەندی هەیە بە توشبوون بە هەندێک حاڵەتی نەخۆشی، یەک لەوانەش قەڵەوییە، ئاماژە بەوەش دەکرێت کە زۆرێک لە خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بڕی پێویست ناخەون، کە ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە، لەوانەش: بارودۆخی کار و فرە پیشەیی و بەسەربردنی کات بە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی زۆر. 

ژمارەی کاتژمێرەکانی نوستن بەپێی تەمەن

ئەو خەوە تەندروستەی کە جەستە پێویستی پێیەتی لەسەر چەند کارتێکەرێک وەستاوە، یەک لەوانەش تەمەنە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون دەکرێتەوە:

١- منداڵان لە تەمەنی ٠-٣ مانگی: ژمارەی کاتژمێری پێویست بۆ خەوێکی تەندروست لە نێوان ١٤-١٧ کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا. 
٢- منداڵان لە تەمەنی ٤-١١ مانگ: کاتژمێرەکانی خەوی تەندروست لە نێوان ١٢-١٥ کاتژمێرە کە ڕۆژێکدا.
٣- منداڵی بچووک لە نێوان ساڵێک بۆ دوو ساڵ: پێویستیان بە نزیکەیی ١١-١٤ کاژمێر خەوە لە ڕۆژێکدا. 
٤- منداڵ لە تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە ٣-٥ ساڵ: جەستەیان پێویستی بە نوستنی ڕۆژانەی ١٠-١٣ کاتژمێرە.
٥-منداڵ لە تەمەنی قوتابخانە ٦-١٣ ساڵ: کاتژمێرەکانی نوستنیان ڕۆژانە لە نێوان ٩-١١ کاتژمێردایە.
٦- تاکەکان لە تەمەنی پێگەیشتن ١٤-١٧ ساڵ: کاتژمێرەکانی نوستنیان لە نێوان ٨-١٠ کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا. 
٧- زۆربەی پێگەیشتووەکان: پێویستیان بە خەوتنی ڕۆژانەی ٧-٩ کاتژمێرە، وە هەندێک پێویستیان بە ٦ کاتژمێرە و هەندێکی تریشیان بە ١٠ کاتژمێر. 
٨- کەسانی بەتەمەن واتا لە تەمەنی ٦٥ ساڵ و بەرەوسەر: پێویستیان بە نوستنی ڕۆژانەی ٧-٨ کاتژمێرە. 

تێبینی : ئافرەتی دووگیان -بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا- پێویستی بە کاتژمێری خەوی زیاترە لە کاتی ئاسایی.

ئەو کارتێکەرانەی کار لە کاتژمێرەکانی نوستن دەکەن

١- دووگیانی: دەبێتە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە جەستەی ئافرەتی دووگیاندا کە وادەکات پێویستی بە کاتژمێری زیاتری خەو بێت. 
٢-پیری: کە کەسانی بەتەمەن پێویستیان بە هەمان کاتژمێرەکانی نوستنە کە تازە پێگەیشتوان پێویستیان پێیەتی. 
٣-بێبەشبوون لە خەو: کە دەبێتە هۆی زیادبوونی کاتەکانی خەو کە جەستە پێویستییەتی.
٤-جۆری خەوەکە: ناکرێت کەسەکە خەوێکی باش بکات گەر زوو زوو خەبەری بێتەوە، دواتریش جۆری خەوەکە گرنگی لە بڕەکەی کەمتر نییە.

کێشەی کەمخەوی

کەمخەوی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین کێشە، بەم شێوانەی خوارەوە:
١- کێشە لە یادگە.
٢- هەست بە خەمۆکی.
٣-لاوازی کۆئەندامی بەرگری، هەروەها زیاتر تووشبوون بە نەخۆشی.
٤- زیاتر هەستکردن بە ئازار.

چەند ڕێگایەک بۆ ئاسانکاری نوستن

ئامۆژگاری دەکرێین بۆ پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە کە ئەگەری خەوتنی باشتر زیاتر دەکات:
١- ڕەخساندن و بەدەستخستنی سەرین و جێگەی نوستنێکی باش و بەتانی فراوان و ئاسوودە.
٢-پابەندبوونی بە کاتەکانی نوستن و هەستان لە خەو، هەروەها پاراستنی هەمان پەیڕەو لەکاتی پشووەکانی کۆتایی هەفتە.
٣-لەکاتی هەستکردن بە خەواڵوویی کاتێک دیاری بکرێت بۆ نوستن، وە نوستن بۆ ماوەیەک کە لە ٧ کاتژمێر کەمتر نەبێت.
٤- خۆلادان لە سەرخەوشکاندنی رۆژ، چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەست بە خەواڵوویی لە شەودا.
٥-خۆلادان لە کافایین و جگەرە کێشان و خواردنی ژەمی قورس بەر لە نوستن.
٦-پابەند بوون بە چەند خوویەکی ڕێکخراو بەر لە نوستن، لەوانە خۆشۆردن یان خوێندنەوە یان تێڕامان.
٧- هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە دوودڵی و دوورکەوتنەوە لە گفتوگۆکردنی ئەو شتانەی کە نیگەرانت دەکەن پێش نوستن.
٨-دوورکەوتنەوە لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەکارهێنانی ئینتەرنێت پێش نوستن، وە ئەنجامنەدانی ئەم چالانکیانە لەجێگای خەودا.
٩-ڕەخساندنی ژووری نوستنێکی ئارام و تاریک و سارد.
١٠-ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی بەسوود بۆ نوستن، لەوانەش یۆگا.


سەرچاوەکان



2170 بینین