برۆ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-21-03:09:00 - کۆدی بابەت: 5289
برۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و فرمانی برۆ 

برۆ (بە ئینگلیزی: Eyebrow) لە مرۆڤدا ناوچەیەکە لە سەرەوەی چاو کە مووی کورت و وردی لێ گەشە دەکات، بە گشتی ڕەنگی برۆ وەک ڕەنگی قژ و برژانگ دەبێت و بۆماوە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر دیاریکردنی شێوەکەی. برۆکان دوو فرمانی سەرەکییان هەیە کە یەکەمیان وەک هۆیەکی پەیوەندی بەکاردێت لەڕێی دەربڕینی ڕووخسارەوە، بۆ نموونە بۆ ئاماژەکان یان بۆ دەربڕینی هەستەکانی وەکوو سەرسڕمان، فرمانی دووەمی برۆ بریتییە لە پاراستنی چاو لە پیسی و شێ، بۆ نموونە چاو دەپارێزێت لەوەی ئاوی ئارەقکردنەوەی نێوچاوان یان ئاوی باران و هەر شتێکی تر بکەوێتە ناو چاو. شتێکی باوە کە کەسێک شێوەی برۆکانی بگۆڕێت لەڕێی لابردن و میکیاجەوە.

گۆڕانکاری و جوانکاری لە برۆدا

مۆدەی شێوەی برۆ بەپێی سەردەمەکان گۆرانکاریی بەسەردا هاتووە و برۆکان هەمیشە وەک نیشانەیەکی جوانی لە ئافرەتدا ناسراون، هەروەها شێوازی برۆکان بەپێی کولتوورەکان کاری تێ کراوە. 

بەپێی سەدەکان گۆڕانکاری بەسەر شێوەی برۆدا هاتووە لەڕووی جوانکارییەوە، بۆ نموونە لابردن یان زیادکردن و گۆڕینی ڕەنگی برۆ. فڵچە و قەڵەمی برۆ بۆ پڕکردنی شێوەی برۆ بەکارهاتوون، جێلەکانی برۆش بۆ پڕکردن و ئەستوورکردنی برۆکان بەکارهاتوون، هەروەها تۆزی برۆ و تەنانەت سێبەری چاویش بۆ پڕکردن و سروشتی دەرکەوتنی برۆ بەکارهاتوون لەو شوێنانەی مووی برۆی لێ کەمترە. 

شێوازی زۆر هەیە بۆ لابردنی برۆ کە ئازار بە ناوچەی چاویش دەگەیەنن بەهۆی هەستیاری ئەو ناوچەیە، وەکوو لابردنی برۆ بە مووکێش یان شیلە کە لە ئێستادا زۆر باوە، هەروەها لابردنی برۆ لەڕێی داویشەوە ئەنجام دەدرێت کە ئەم ڕێگەیان لەوانی تر زیاتر بە ئازارە. بەپێی کات ئەو مووانەی لادەبرێن گەشەیان کەمتر دەبێتەوە، هەندێک کەس برۆکانیان دەتاشن یان بە شیلە لای دەبەن و بە تاتۆ یان ڕمێل شێوازی دڵخوازی خۆیان دەکێشن. هەروەها تاشینی بەشێکی برۆ لەلایەن پیاوانەوە لە هەندێک کولتووردا شتێکی باوە، بە گشتی لە ساڵانی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٠ـەکان تاشینی خەتێکی برۆ لەلایەن گەنجانەوە شتێکی زۆر باو بووە. 

نەشتەرکاریی چاندنی برۆ هەروەک نەشتەرکاریی چاندنی قژ ئەنجام دەدرێت و پڕۆسەیەکە بۆ پڕکردنی برۆ، لە چاندنەوەی برۆدا زیاتر سەلکەمووی پشتە سەر بەکار دەهێنرێت. پڕۆسەی چاکبوونەوەی چاندنی برۆ هەر وەک چاکبوونەوەی تاتۆ وایە، لەوانەیە کەسەکە تووشی شینومۆربوونەوەی ناوچەی برۆ و قەتماغەبوونی پێستەکە ببێت. هەروەها نەشتەرکاریی بەرزکردنی برۆ پڕۆسەیەکە بە مەبەستی بەرزکردن و دەرکەوتنی برۆ بە شێوەیەکی ژنانەتر و گەنجانەتر ئەنجام دەدرێت.

لە سەدەی هەشتەمدا ژنان و پیاوانی ژاپۆن شێوازی (Hikimayu)ـیان پەیڕەو کردووە کە کەسەکە برۆی خۆی دەتاشێت و لە سەرەوەی برۆکانی واتا لە ناوچەی نێوچاوان برۆیێکی شێوە هەور یان پەڵە دروست دەکات. لە سەردەمی ئیلیزابێسیشدا شتێکی باو بوو کە ژنانی دەوڵەمەند هەموویان بەیەکەوە برۆی خۆیان بتاشن، هەروەها برۆی تەنک لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ـیەکانیشدا شتێکی مۆدە و باو بووە. 

لە سەدەی بیست و یەکدا پڕۆسەکانی تاتۆ زۆر بەربڵاون بۆ جوانکاریی برۆ کە پێی دەوترێت تاتۆی جوانکاری یان مایکرۆبلیدینگ، بۆ گۆڕینی شێوەی برۆ، کێشانی مووی زیاتر، پڕکردن و بەرزکردنی برۆ.


سەرچاوەکان



1748 بینین