ئەحمەد شوقەیری

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-12-08:48:00 - کۆدی بابەت: 5304
ئەحمەد شوقەیری

ناوه‌ڕۆك

گەنجان و ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندن ڕۆڵیکی گەورەی لە پیشەسازیی بیروڕای گشتیدا هەیە، جیاوازی نییە ئایا ڕاگەیاندن بینراو بێت یان بیستراو یان خوێندراوە، بەهۆی ئەو کرانەوە فراوان و پێشکەوتنە خێرایەی هۆکارەکانی تەکنەلۆژیاوە، ڕاگەیاندن گرنگییەکی کاریگەری بەدەستهێناوە لە ناوەندە گەنجانەکاندا، چونکە ڕاگەیاندن کار لەسەر پێدانی زانیاری خێرا دەکات بە گەنجان کە لەگەڵ ئەم چاخی خێراییەدا دەگونجێت، ئەم پێدانی زانیارییە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشە، ئەمەش وادەکات گەنج لە ناکۆکییەکی ناوەکیدا بێت لە نێوان ئەو ژیانە پارێزکارییەی کە لەگەڵ خانەوادەکەی ژیاوە و ئەو کۆمەڵگە کراوەیە لەسەر هەموو ئاستەکان، بەم شێوەیەش گەنج دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوایی کە گوێ بە بنەما و ڕەوشت نادات، لەبەر ئەوە ئەرکی بەرپرسانە کە هەوڵی گەڕان بەدوای دەزگایەکی ڕاگەیاندن بدەن کە زانیاریی ورد و شیاو کارپێدەکات، هەروەها کار لەسەر ڕۆشنبیرکردنی گەنجان دەکات، وشیاریان دەکاتەوە بە پابەند بوون بە بنەما ئیسلامییەکانەوە، فێری بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەندەڵی و خراپبوونەیان دەکات کە دەستی بە بڵاوبوونەوە کردووە، وزەکانی گەنجان دەقۆزێتەوە و ئاڕاستەیان دەکات بەرەو ڕاگەیاندنێکی ئیسلامیی پارێزکار لەسەر ڕەوشت و بنەما ئیسلامییەکان. یەکێک لەو کەسانەی کە پێشەنگن لە هەستان بەم کارە ''ئەحمەد شوقەیری''ـە.

ئەحمەد شوقەیری

ڕاگەیاندکارێکی بەناوبانگە، پلانێکی داناوە کە هەوڵی هەستانەوەی گەنجان دەدات بە گۆشەنیگایەکی ئیسلامی، چەند بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی هەیە کە کەسایەتییەکی گەنجانەی خاوەن بیر نیشان دەدات.

ناو و ژیانی ئەحمەد شوقەیری

ناوی ئەحمەد مازن شوقەیرییە، لە ساڵی 1973 لە شاری جدە لە سعودیە لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەند لەدایک بووە، بەهۆی باری داراییانەوە توانیویەتی گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات تاوەکو خوێندنی زانکۆی لەوێ تەواو بکات، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیدا بەدەست هێناوە، پاشان بڕوانامەی ماجستێری لە کارگێڕی کاردا بەدەست هێناوە، نووسین و کتێبی جیاوازیشی هەن، وەک: ''ڕازەکانی گەنجێک'' و ''گەشتەکەم لەگەڵ گاندی'' و ''کتێبی چل''.

بەرهەمەکانی ئەحمەد شوقەیری

بەرهەمەکانی لە نێو ڕاگەیان لەوکاتەوە دەستی بە دەرکەوتن کرد کاتێک کە دیدگایەکی ئیسلامیی ڕاستی پێشکەش دەکرد کە دوور بوو لەو ڕۆشنبرییە ڕۆژئاواییەی کە تیایدا بوو، لە بەرنامەکانی:

  • یەڵا گەنجان یەکەم بەرنامەی تەلەفزیۆنی بوو کە تیشکی خستبووە سەر چینی گەنجانی تازە پێگەیشتوو و کێشە دەروونی و تەندروستیەکانیان، چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئیسلامی بۆ ئەم کێشانە دەخستە ڕوو.
  • گەشتێک لەگەڵ حەمزە یوسف: بەرنامەیەک بوو ئەحمەد شوقەیری تایبەتی کردبوو تا لەگەڵ بانگخوازی ئیسلامی حەمزە یوسف بێت، بەرنامەکە بە بەشداری کۆمەڵە گەنجێکە، پەیوەندی ئیسلام بە ڕۆژئاواوە ڕوون دەکاتەوە، هەروەها باسی ئەوە دەکات کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بانگخوازێکی ئیسلامی بێت لە ڕۆژئاوادا.
  • لو کان بیننا (ئەگەر لەناوماندا بوایە): بەرنامەیەکە کەسایەتی پێغەمبەر (د.خ) بە ڕابەرێک نیشان دەدات لە ژیانی ڕاستەقینەدا، هەروەها کار لەسەر جێبەجێکردنی سوننەتەکانی پێغەمبەر (د.خ) دەکات لە ژیانی ڕۆژانەدا.
  • قمرة: بەرنامەیەکە هەل بۆ هەموو گەنجان دەڕەخسێنێت کە بەشداربن بە ڤیدیۆی کورت و بەرهەمدار و ئامانجدار.
  • خواطر - ڕازەکان: بەرنامەیەکە ئەحمەد شوقەیری وەک بەشێک لە بەرنامە ڕەمەزانییەکان بەرهەمی هێناوە، چەند ڕەمەزانێک بەردەوام بووە، لە چەند دەوڵەتێکی جیاوازدا دروستی کردووە و بەراوردی کردووە بە دەوڵەتە عەرەبییەکان دروستی کردووە، ئامانجی هەستانەوەی شارستانییە لە نێو موسڵماناندا، ڕۆڵی ڕاستەقینەی گەنجاندەخاتە ڕوو لە هەستانەوەی ئیسلامی، ئەمەش لە ڕێگای بانگکردنیان بەرەو ئاینی ئیسلام و بنەما و ئەخلاقە ئیسلامییەکانیان نیشان دەدات.
  • بەرنامەی سین: بەرنامەیەکی ڕەمەزانییە، لە پێشکەشکردنی ئەحمەد شوقەیرییە، ئامانجی نیشاندانی پێشکەوتنە لە وڵاتە ئیسلامییەکان و بە تایبەتی لە شانشینی عەرەبی سعودی، هەوڵ دەدات لە ڕێگای نیشاندانی ئەم پێشکەوتنانەوە هیوا بگەڕێنێتەوە و نیشانی بدات کە وڵاتانی ئیسلامیش لە پێگەیەکی باشدان و دەتوانن ببنە پێشەنگی جیهان ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام لە باشترکردنی و زیادکردنی ئیحساندا بن.

کتێبی چل

ئەحمەد شوقەیری خۆی لە خەڵک دابڕاند دوای ئەوەی بەرنامەی خواطر ـی ڕاگرت، بڕوای بەوە بوو کە بەرزبوونەوەی ڕۆح و باشبوونی پەیوەندی لەگەڵ خودادا بە خەڵوەت نەبێت ناکرێت، هەروەها نەفس گرێیەکە بە دابڕانی مرۆڤ لە تەکنەلۆژیا دەکرێتەوە، بەڵگەی بۆ ئەمە ئەوەبوو کە هیچ نێردراو و پێغەمبەرێک نییە ئیلا ماوەیەک لەگەڵ خۆی لە خەڵوەتدا بووە تاوەکو پەیوەندیی لەگەڵ خودای خۆیدا باش بکات، ئەحمەد شوقەیری چووە خەڵوەتێکەوە لە دوورگەیەکی دوورەدەست، دوور لە مرۆڤ، تاوەکو نەفسی خۆی لە ماوەی چل ڕۆژدا پاک بکاتەوە، لەبەر ئەوەی گۆڕان پێویستی بە کات هەیە، بە پشت بەستن بە هەوڵەکانی، هەڵبژاردنی ئەم ماوەیەش لەبەر ئەوەبوو کە ژمارە چل زۆرجار دووبارە بووەتەوە لە قورئان و حەدیسەکانی پێغەمبەر (د.خ)ـدا، کە لەم ئەزموونە گەڕایەوە چل ڕازی پێشکەش کرد، لەوانە:

  • چل ڕۆژ لەگەڵ خودای خۆم: لەم بەشەی کتێبەکەیدا دەیەوێت خودا لە خۆشەویستیدا بپەرستێت نەک لە ترسی ئاگرەکەی، کۆمەڵێک بیرۆکەی داناوە تاوەکو بگاتە ئەو ئاستی خۆشویستنەی دەیەوێت.
  • چل ڕۆژ لەگەڵ ژیانم: وای دەبینێت کە بێدەنگی زۆر گرنگە لە کۆنترۆڵکردنی خود لە حاڵەتە سەختەکاندا، هەروەها چەند بیرۆکەی دیکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خود و خەڵکی.
  • چل ڕۆژ لەگەڵ قورئانەکەم: ئەحمەد شوقەیری کۆمەڵە ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی هەڵبژاردووە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نەفسی داناوە، بۆیە دەڵێت هەموو مرۆڤێک پەیوەندییەکی بە قورئانەکەیەوە هەیە.
  • چل ڕۆژ لەگەڵ کتێبەکانم: کۆمەڵێک شتی باس کردووە کە  ژیانیی گۆڕیوە و کردوویەتی بە مرۆڤێک کە ژیانی خۆی خۆشبوێت و پارێزگاری لە ئاین و ئەخلاقەکەی بکات.


سەرچاوەکان



1296 بینین