ئۆسکار شیندلەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-13-14:20:00 - کۆدی بابەت: 5309
ئۆسکار شیندلەر

ناوه‌ڕۆك

شیندلەر

ئۆسكار شیندلەر (بە ئینگلیزی: Oskar Shindler) لەدایكبووی 28/4/1908ـە لە ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا، بازرگان و بەرهەمهێنەرێكی ئەڵمانییە و ئەندامی حیزبی ناسیۆنال سۆسیالستی كرێكارانە، كە بە نازی بەناوبانگە، ئۆسكار شیندلەر لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم و جینۆسایدی هۆڵۆكۆستدا توانی بەپێی توانای ماددی خۆی نزیكەی 1200 جولەكە لە كاری زۆرەملێ ڕزگار بكات و بیانگوازێتەوە بۆ ئۆردوگای كاری خۆی بۆ بەرهەمهێنانی كەرەستەی تایبەت بە خۆی لە پۆڵەندا و چیكۆسلۆڤاكیا و پاراستنیان لە مردن.

لە پێناو ڕزگاركردنی گیانی جولەكەكان تەواوی داراییەكەی خۆی سەرف دەكات بە پێدانی بەرتیل بە فەرماندەكانی نازی بۆ كڕینەوەی گیانی جولەكەكان.

چیرۆكی ئۆسكار شیندلەر و كارەكانی یەكێكە لە بەهێزترین چیرۆكە ڕاستییەكانی جەنگی جیهانی دووەم، و ئەو یەكێكە لە كەسە گرنگەكان لە مێژووی گەلی جولەكەدا و هەرگیز لەبیری ناكەن.

ژیان

لە ساڵی 1908 لە نەمسا لەدایكبووە و هەر لەوێ گەورە بووە، هەتاوەكو 1936 بە چەند كارێكی جیاوازەوە سەرقاڵ بووە، لە ساڵی 1928 لەگەڵ ئێمێلی شیندلەر هاوسەرگیری دەكات و خاوەنی دوو كوڕ و كچێكە، شیندلەر ساڵی 1936 دەبێتە ئەندامی دەزگای هەواڵگری نازی و ساڵی 1939 دەبێتە ئەندامی حیزبەكە، لە پێش جەنگی جیهانی دووەم خەریكی كاری سیخوڕی و بەدەستهێنانی زانیاری بووە لە چیكۆسلۆڤاكیا و پۆڵەندا، لە ساڵی 1939 دەبێتە بازرگان و كارگەیەكی خۆی لە شاری كراكۆڤ دەكاتەوە لە پۆڵەندا دوای ئەوەی ئەڵمانیا پۆڵەندا داگیر دەكات.

كارگەكە لە ساڵی 1944 خاوەنی 1750 كرێكار بوو كە 1000 دانەیان جولەكە بوون، ئەو بەهۆی هاوڕێیەتی و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ فەرماندەكانی نازی و پەخشینی دیاری و بەرتیل پێیان دەیتوانی پارێزگاری لە جولەكەكانی بەردەستی بكات و لە كوشتن بیانپارێزێت.

دوای تەواوبوونی جەنگ و داگیركردنی ئەڵمانیا، شیندلەر وەك ئەندامێكی نازی و ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئابۆر دەبێتە تاوانبار و هەڵدێت بەرەو ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، دوای ئەوە فەرماندەیەكی جولەكە یارمەتی دەدات و دەینێرێت بۆ سویسرا، لە تەواوی ماوەی جەنگدا هەموو داراییەكەی شیندلەر لە پارێزگاری لە گیانی كرێكارانی خۆی و جولەكەكانی دیكەدا سەرف دەبێت و مایەپووچ دەبێت.

لە ساڵی 1949 كۆچ دەكات بۆ ئەرجەنتین، بەڵام لە ساڵی 1958 و دوای چەند شكستێكی شیندلەر لە كاری بازرگانی هاوسەرەكەی لێی جیادەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، دواتریش شیندلەر هەوڵیدا لە ئەڵمانیا ببێتەوە بە بازرگان بەڵام بێسوود بوو و لە ساڵی 1963 مایەپووچ بوو.

پەیوەندی شیندلەر لەگەڵ جولەكەكان لە تەواوی دونیادا باشبوو، دوای بونیادنانی دەوڵەتی ئیسرائیل شیندلەر بانگهێشت كرا بۆ چاندنی نەمامێك لە مەیدانی ئورشەلیم كە هەتاكو ئێستاش ئەو درەختە ماوەتەوە، دوای نەخۆشكەوتنی لە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ یەك مانگ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، سەردانیكەرانی لەو جولەكانەی كە ڕزگاری كردبوون كە پێیاندەوترا (جولەكەكانی شیندلەر) پێكهاتبوون، هەروەها یارمەتییان دا لە تەواوكردنی خەرجی نەخۆشخانەكەی.

ئۆسكار شیندلەر لە ساڵی 1974 بە هەژاری سەری نایەوە و گیانی لەدەستدا، تەرمەكەی لە گۆڕستانی ئۆرشەلیم نێژراوە.

فیلم

ساڵی 1993 فیلمێك بەناوی لیستەكەی شیندلەر كە واتە ئەو لیستەی ناوی جولەكە ڕزگاركراوەكانی تێدایە دروستكرا و لیام نیسن ڕۆڵی ئۆسكار شیندلەری بینی.


سەرچاوەکان



1236 بینین