ئیرهابی فیکری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-20-23:25:00 - کۆدی بابەت: 5439
ئیرهابی فیکری

ناوه‌ڕۆك

ئیرهابی فیكری چی دەگرێتەوە؟

ئیرهابی فیكری ئایدۆلۆژیایەكە كە باوەڕی بە ڕای جیاواز نییە و ڕێز لە ڕای كەسی بەرامبەر ناگرێت و مافی ئازادی بیروڕا و بیروباوەڕی لێ دەسەنێتەوە، و هێرش دەكاتە سەر مێشك و ئازادییەكان و دەربڕینی ڕای تایبەتی حەرام دەكات بە بیانووی ئەوەی دژی كلتوور، ڕەوشت، ئایین، یان ئایدۆلۆژیایەكە، ئیرهابی فیكری هەندێك دەستەواژەی دیكەشی لێ كۆدەبێتەوە كە دەمارگیری و پەڕگیری و بەكافركردن و بەدرۆخستنەوەی ناهەقە، هەروەها بێ ڕێزی دەكات بەرامبەر كلتوور و مێژوو و شارستانییەتی كەسی بەرامبەر.

ئیرهابی فیكری جۆرێكە لە جۆرەكانی تیرۆر بەڵام ئیرهابی فیكری بە هەنگاوێك لە پێش تیرۆرەوەیە بەوەی بە چەند ڕەنگێكی جیاواز دەردەكەوێت وەك دەمارگیری و تەكفیر.

جۆرەكانی ئیرهابی فیكری

دەمارگیری

ناشرینترین ڕووخساری ئیرهابی فیكرییە، چونكە زۆرێك لە كلتوورەكان ڕەتدەكاتەوە و قەدەغەیان دەكات، هەروەها هەندێك لە ڕەگەزەكانیش بە مرۆڤی پلەدوو دادەنێت، وەك ئەوەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و باشووری ئەفریقا ڕوویدا لە سەردەمی دەمارگیریدا.

تەكفیركردن

باوەڕهێنانە بەوەی كەسی بەرامبەر لە ئایین دەرچووە و خودا ئەوی ناوێت، و كارەكانی بە چاكە نانوسرێن و كۆتاییەكەی دۆزەخە، ئەو كەسەشی بڕیاردەدات خۆی كەسێكی چاكەخوازە و جێگای ڕەزامەندی خودای گەورەیە و ئەوانی دیكە كافرن تەنانەت گەر نەشزانن.

هۆزگەرایی یاخود مەزهەبگەرایی

بریتییە لەوەی كەسێك لە هۆزێكە و هەستی دەمارگیری بۆ هۆزەكەی خۆی دروست دەبێت و هەموو هۆز و مەزهەبێكی دیكە بە كەمتر لە خۆی تەماشا دەكات، زۆرجاریش ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هۆزگەراكان یاخود مەزهەبگەراكان نەهێڵن خاوەن هۆزێكی دیكە مەراسیمی تایبەتی خۆیان ئەنجام بدەن، یاخود خاوەن مەزهەبەكانی دیكە نەتوانن بنەما و ڕێسا ئایینیەكانیان جێبەجێ بكەن لە ژێر سایەی كەسی دەسەڵاتداری دەمارگیردا.

پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ

لە دێر زەمانەوە كرداری پێشێلكردنی مافەكان دووبارە دەبێتەوە و هەتاوەكو مرۆڤ مابێت بەردەوامە، وەك فرۆشتن و بازرگانی بە كۆیلە و ڕێزنەگرتن و كوشتنی دیلی جەنگ و گاڵتەپێكردن و سوكایەتی و دواتریش توندوتیژی.

پێشێلكردنی مافەكانی ژنان

یەكێكە لە ئیرهابە فیكرییە باوەكان، وەك ڕێگەنەدان بە بەژداریكردنی ژنان لە هەڵبژاردن و كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی و خوێندن و كاركردن.

دیكتاتۆری

حكومەتە دیكتاتۆرییەكان هەموو جۆرە ئیرهابێكی فیكری ئەنجام دەدەن تاوەكو دەسەڵاتیان بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، وەك بەكارهێنانی دەزگا هەواڵگرییەكان بۆ هێشتنەوەی خۆیان و هەڕەشە و پڕوپاگەندە و لەناوبردنی گومان و مەترسی، یاخود دژایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە زەبری هێز و بێدەنگكردنی، هەروەها بەڕێوەبردنی وڵات بە حیزبی تاكڕەوی و داخستنی زمانی گەل.

شێوەكانی ئیرهابی فیكری

  • دروستكردنی پڕوپاگەندە
  • تاوانباركردنی خەڵكی دیكە بەبێ هۆكار و بەڵگە، ئەوەش بە هۆكاری كەسی و سیاسی و ئایینی.
  • ناڕوونكردن و شاردنەوەی ڕاستی، ئەمەش بڵاوكردنەوە و تێكەڵكردنی درۆ و زانیاری نادروستە بۆ ڕاستییەكان و شێواندنیان، وەك ئەوەی حیزبی بەعس لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان بە كوردەكانی كرد و ناسنامەكانی گۆڕین و كردەی بە عەرەبكردنی ئەنجامدا.
  • بەستنی دەم و زمانی خەڵكی و ڕاگەیاندن
  • ڕێگری لە ئازادی بە هەموو شێوەكانیەوە
  • دەمارگیری ئایینی و هێرش كردنە سەر هەر كەسێك گەر هەڵەیەكی بچووكیش بكات.
  • بازاڕكردن بە بیروڕا لەژێر ناونیشانی ئایین و جوڵاندنی هەستی خەڵكی.
  • دەستەمۆكردنی ڕاگەیاندن بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی دڵخواز.

هۆكارەكانی ئیرهابی فیكری لە كۆمەڵگا

  • بۆشایی فیكری لای خەڵك و نەبوونی ئامانج و تێگەشتن لە ڕووداوەكان، بۆیە دەبێتە هۆكار بۆ باوەڕكردن و كۆكردنەوەی هەر شتێك كە خراپ بێت بەبێ ئەوەی لێكدانەوەی بۆی هەبێت و تێیبگات.
  • لادانی بنچینەیی: زۆرینەی بیروبۆچوونەكانی باوەڕ وەرگیراون و بنچینەیەكی لۆژیكی نین، بەوەش مرۆڤ تەنیا دەبێتە لایەنگر و ناتوانێت جیای بكاتەوە چی باش و چی خراپە چونكە هیچ واتایەكی نییە بۆ ئەو و تەنیا لەسەری ڕاهاتووە، هەندێكجاریش لە بەئاگاهاتنەوەدا لادانی فیكری بۆ دروست دەبێت و بڕیارێكی دیكە دەدات لەجێی چاككردنی باوەڕەكەی پێشووی.
  • پشتگیری كوێرانە: پشتگیری بۆ هەر ئایدلۆژیا یان كەسێكی دڵخواز كێشەی نییە، بەڵام كاتێك بەردەوام پشتگیری هەبوو بەبێ ئەوەی كارەكان بە ڕاستی بڕۆن و كەس و لایەنەكە كاری ڕاست ئەنجام بدات، ئەوكاتە دەبێتە ئیرهابی فیكری كە سەرچاوەكەی حەزی مرۆڤ خۆی، یاخود حەزی دەستەمۆكراویەتی.
  • تێگەشتنی هەڵە لە نووسینەكان: خوێندنەوەی خێرا و تێنەگەشتن و زوو بڕیاردان، ئەمانە هەموویان دەبنە هۆی دروستبوونی وتنی هەڵەشە و بڕیاری نادروست كە پەشیمانی لەدوا دێت، بەڵام گەر پەشیمانی نەبێت ئەوە ئاستێكی مەترسیداری ئیرهابی فیكرییە.
  • لادانی ئایینی و كلتووری: تێنەگەشتن لە ئایین و بەكارهێنانی بەپێی حەزی كەسەكە، هەروەها لادان لە ڕاستی ئایینەكە و قورسكردنی دەبێتە هۆی دروستبوونی فیكرێكی ئیرهابی و زۆرجار بە تیرۆر و كوشتن كۆتایی دێت.
  • تەممەڵی و بێكاری و جیابوونەوەی خێزان: خێزان یەكەمین پێگەی كۆمەڵگایە و هەر تێكچوونێك لەودا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند گەرایەك بۆ ئیرهابی فیكری لە مێشكی تاك بە تاكی خێزانەكە. 
  • گوێنەگرتن و ئامادەنەبوون بۆ گۆڕانكاری لە باش بۆ باشتر
  • هۆكاری ژینگەی دەرەوە و كۆمەڵگا: ژینگەی دەرەوەی مرۆڤ كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەری هەیە و دەبێتە هۆی دیاریكردنی زۆرێك لە هەڵسوكەوتەكانی، هەروەها بینینی نادادپەروەری لەنێو كۆمەڵگادا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئیرهابی فیكری كە سەرچاوەكەی ڕق و كینەیە.
  • هۆكاری سیاسی: دەسەڵات كاریگەری لەسەر چۆنیەتی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە هەیە، بۆیە هەر كێشەیەك لە خاڵێكی دەسەڵاتدا، دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ دروستبوونی فیكری ناخاوێن و تەشەنەسەندنی بۆ ئیرهابی فیكری. 


سەرچاوەکان



1180 بینین