زیانەکانی لەبەرکردنی جلی تەسک بۆ خانمانی دووگیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-21-04:48:00 - کۆدی بابەت: 5447
زیانەکانی لەبەرکردنی جلی تەسک بۆ خانمانی دووگیان

ناوه‌ڕۆك

دووگیانی و گۆڕانکاری جەستەیی

لەماوەی دووگیانیدا گەورەترین گۆڕانکاری کە خانمێک ئەزموونی دەکات بریتییە لە گۆڕانکاری جەستەیی، لەم ماوەیەدا هەموو جەستەی دایکەکە بەتایبەت سک و مەمکی گەورە دەبن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جلەکانیشی پان و گەورە بدورێت، بەڵام هەندێک خانم دەیانەوێت هەمان جلی پێش دووگیانی لەبەر بکەن.

لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێک لە خانمان وابیردەکەنەوە کە دووگیانی واتە کۆتایهاتنی لەبەرکردنی جلی جوان و خۆ ڕێککخستن بەڵام بەم شێوەیە نییە.

زیانەکانی لەبەرکردنی جلی تەسک لە ماوەی دووگیانیدا چییە؟

کێشە بۆ هاتووچۆی خوێن

دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هاتوچۆی خوێن و شلەکان لەناو جەستەدا، بڕی خوێن لە جەستەی خانمێکی دووگیاندا دەتوانێت تا ٥٠ ئەوەندەی تر زیاد ببێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری و ئاوسانی خانمەکە، لەبەرکردنی جلی تەسک بەتایبەت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەتوانێت ئاوسانەکە خراپتر بکات.

کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس

ئەم جلە تەسکانە تەنانەت دەبنە هۆی کێشە لە کۆئەندامی هەرسدا، دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانی سک و بەشەکانی تری کۆئەندامی هەرس کێشەی وەک دڵەکزە و دڵتێکچوونی بەیانیان خراپتر بکات.

هەوکردن

لەبەرکردنی جلی تەسکی ژێرەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی بەکتریایی ناوچەی کۆئەندامی زاوزێ لە خانمەکەدا و زیانی دەبێت بۆ منداڵەکە و ئەگەریش هەوکردنەکە زۆر بێت و چارەسەر نەکرێت دەکرێت ببێتە هۆی، منداڵبوونی پێش وەختە یان نەشتەرگەری منداڵبوون و هەندێک کات مردنی منداڵەکەش.

لە چ جۆرە جلێک دورکەوینەوە لەماوەی دووگیانیدا؟

کراسی زۆر تەسک

مەرج نییە تەنها دوورکەویتەوە لە پانتۆڵ و بیجامەی تەسک، دەبێت دوورکەویتەوە لە کراسی تەسکیش چونکە هاتوچۆی خوێن سنوردار دەکات و خانمەکە لە جوڵە دەخات.

پۆشاکێکی چەرم و کابۆیی

بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە لەماوەی دووگیانیدا خانمەکە دووچاری گەرما و عارەق کردنەوەی زۆر دەبێت، بەکارهێنانی هەندێک جۆری جلی وەک چەرم و کابۆ کە خۆیان گەرمن و گەرما ڕادەکێشن گونجاوو نییە.

پێڵاوی پاژنە بەرز

هیچ شتێک لە لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز و تەسک خراپتر نییە لەماوەی دووگیانیدا، لەبەرئەوەی کە خانمەکە کێشی لەشی زۆرە قورساییەکی زۆر دەکەوێتە سەر قاچ و پاژنەی پێی، پێویست دەکات لەم ماوەیەدا دوورکەوێتەوە لە لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز.


سەرچاوەکان



2370 بینین