بکوژی زنجیرەیی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-21-16:46:00 - کۆدی بابەت: 5448
بکوژی زنجیرەیی

ناوه‌ڕۆك

بكوژی یەك لەدوای یەك

بكوژی زنجیرەیی یاخود (Serial Killer)، بكوژێكە كە سێ كەس یان زیاتر دەكوژێت، زۆرینەی جاریش بەهۆی حەز و ویستی كەسی و تایبەتی نائاسایی و نەخۆشی دەروونییەوەیە، ماوەی نێوان كوشتنەكانیش لە مانگێك بۆ ماوەیەكی درێژتر دەخایەنێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەكانەوە پێوەری جیاواز هەیە بۆ ناونانی بكوژی زنجیرەیی.

FBI پێناسەی دەكات بە "كوشتنی دوو كەس یان زیاتر، لە دوو كرداری جیاوازدا لەلایەن كەسێكەوە بە تەنیا".

جیا لە نەخۆشی دەروونی و حەزی تایبەتی نائاسایی، دەكرێ كوشتنەكان بۆ سەرنجڕاكێشان یاخود ویستی دزی و بەدەستهێنانی پارە بێت، لەوانەشە كوشتنەكان بە یەك شێوە بكرێن، یاخود خاڵێكی هاوبەش لە نێوان هەموویاندا هەبێت، بۆ نموونە "شێوە، ڕەگەز، بنەچە"، لەگەڵ ئەمانەشدا بكوژی زنجیرەیی بكوژێكی كۆمەڵكوژ یاخود خێرا نییە.

مێژووی وشەكە

ساڵی 1974 بۆ یەكەمین جار لەلایەن كاربەدەستێكی تایبەتی FBI بەناوی ڕۆبێرت ڕێسلەر لە كۆنفرانسێكی بەریتانیا دەستەواژەی "بكوژی زنجیرەیی" بەكارهێنا.

تایبەتمەندییەكان

  1. لەوانەیە زۆربەیان نیشانەی نەخۆشی دەروونی یاخود تێكچوونی بیر و دەروونیان تێدا دەربكەوێت، كە جۆری كوشتنەكە دەگۆڕێت، بۆ نموونە كەسی نەخۆشی دەروونئاڵۆز لەوانەیە واهەست بكات هەمووان جێگای مەترسین و پێویستە ئەو دەستپێشخەری بكات بۆ كوشتن.
  2. زۆربەیان چەند شتێكی هاوبەشیان هەیە كە نەبوونی هەستی پەشیمانی و دەربڕینیەتی، یاخود پێویستییان بە شاردنەوەی تاوانەكە و دانپێدانانی.
  3. لەوانەیە زۆربەیان بە منداڵی یان هەرزەكاری، تووشی دەستدرێژی و تۆقاندن و سزادان بووبێتنەوە لەلایەن كەسانێكی نەناسراو یاخود خێزانەكەیان.
  4. زۆرێكیان تووشی لادانی سێكسی هاتوون و لەوانەیە بۆ مەبەستی سێكسی و تێركردنی حەزەكانیان دەست بۆ كارێكی لەو شێوەیە درێژ بكەن.
  5. هەندێكیان لە تاوانی بچووكدا پێشتر تێوەگلاون و شێوازی بەرپەرچدانەوەیان یاخود حەزی خۆیان وایكردووە دەست بۆ كاری گەورەتر ببەن.
  6. دەگونجێت كەسانی ئاسایی بن و لەناو خێزان بژین، هەروەها خاوەنی منداڵ و بەختەوەر بن و زیان بە ماڵەوە نەگەیەنن، كاری ئاسایی بكەن و فەرمانبەری ئاسایی بن، بەڵام لە كاتی دواتردا پلانی گەورەیان بۆ كوشتنی كەسێك هەبێت بە هەر هۆیەكی دەروونی بێت.
  7. دەزگا چاودێرییەكان ئاماژە بەوە دەكەن زۆربەیان لە خێزانی سەلامەتەوە نایەن و خێزانیان پێشووتر تووشی داڕمان و جیابوونەوە بوون، كەسی بكوژیش تۆڵەی خۆی دەكاتەوە لە كۆمەڵگە یاخود ئەو كەسەی خۆشی ناوێت.

مێژوو

زۆركەس باوەڕیان وایە خوێنمژەكان و گورگەمرۆڤخۆرەكان ئەو ئەفسانانەن كە لە چیرۆكی مرۆڤە بكوژە زنجیرەییەكانەوە وەرگیراون، لەگەڵ ئەوەی ڕۆبێرت ڕێسلەر لە ساڵی 1974 لە كۆنفرانسێك ئاماژەی بە ناوی "كوشتنی زنجیرەیی"دا بەڵام توێژەران ئەم دیاردەیە دەگێڕنەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا،

یەكەمین بكوژی زنجیرەیی

زۆرێك لە توێژەران لیۆ پڵنگی بە یەكەمین بكوژی زنجیرەیی مێژوو دەزانن، لەبەرئەوەی كەسی نزیكی ئیمپڕاتۆری چین بووە دەسەڵاتێكی ڕەهای هەبووە بۆ كوشتن، بەپێی نووسراوەكانی مێژوو جگە لە كوشتنی چەندین كەنیزەكی خۆی، 100 كەسی دیكەشی كوشتووە، بەڵام سزاكەی تەنیا دوورخستنەوەیە لە شارەكەی و ناكوژرێت.

هەروەها لە ساڵانی 1740 بۆ 1940 گرووپێك بە ناوی تۆگی لە هیندستان دەبنە بكوژی زیاتر لە 100 كەس، كە زۆرینەی كوشتنەكان بە شوێن یەكدابوون و شێوازی كوشتنەكان نزیكن لە یەكتری، بۆیە ئەم گرووپە بە یەكێك لە بكوژە زنجیرەییەكان دانراون.

هێرمان وێبستەر مەجێت

هێرمان پیاوێكی ئەمریكی خەڵكی شیكاگۆیە و زیاتر بە ناوی دكتۆر هێنری هاوارد هۆڵمز ناوی دەركردووە، بە یەكەمین بكوژی زنجیرەیی دادەنرێت كە لەگەڵ ستانداردەكانی ئەمڕۆ یەك بگرێتەوە و بە بەڵگە سەلمێنرابێت، و بەهۆی تاوانەكانیەوە لە ساڵی 1896 لەسێدارەدرا.

ئەو بكوژی 27 ژن و كچە كە لە هۆتێلە تایبەتەكەی خۆیدا كوشتونی و جەستەیانی پارچە پارچە كردووە، دواتریش فڕێی داون و ئێسكەكەیانی فرۆشتووە بە تاقیگەكان.


سەرچاوەکان



712 بینین