نیشانەکانی کیسی هێلکەدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-22-15:24:00 - کۆدی بابەت: 5482
نیشانەکانی کیسی هێلکەدان

ناوه‌ڕۆك

کیسی هێلکەدان چییە؟

خانمان دوو هێلکەدانیان هەیە ئەندازە و هاوشێوەیان بەقەد بادەمێکە، کە لە لای ڕاست و چەپی منداڵدانەوەیە.
کیسی هێلکەدان کیسی پڕ لە شلەیە کە لەناو هێلکەداندا دروست دەبێت یان لەسەر هێلکەداندا.

زۆرێک لە خانمان لە کاتێکی ژیانیاندا دووچاری کیسی هێلکەدان دەبنەوە، زۆرینەی کیسەکانی هێلکەدان بێ کێشەن و کێشە و ئازاری زۆر دروست ناکەن و لەماوەی چەند مانگێکدا بە بێ دەرمان لەناودەچن، بەهەرحاڵ هەندێک لە کیسەکانی هێلکەدان بەتایبەت ئەوانەی کە ئەگەری هەیە تەقیبن، دەکرێت نیشانەیەکی گرنگ و مەترسیداربن.

نیشانەکانی تەقینی کیسی هێلکەدان

  • ئازاری لەناوچەی کەمەر و ڕانەکاندا.
  • دروستبوونی هەستیاری لە مەمکدا.
  • ئازاری ناوچەی حەوز پێش یان بەدرێژایی کاتی سوڕی مانگانە.
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
  • تا
  • سەرگێژبوون و بورانەوە.
  • ئازارێکی زۆری ناوچەی حەوز.
  • هەناسەدانی خێرا و هەناسەکورتی.

تێبینی: هەندێک کاتیش لەوانەیە نیشانەکان قورستر بێت لەکاتی بینینی ئەم نیشانانەدا بەدڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکە

هۆکاری دروستبوونی کیسی هێلکەدان چییە؟

زۆر جار تاکوو کیسەکان گەورە نەبن و نەتەقن خانمەکە پێی نازانێت، زۆر جار کیسی هێلکەدان بە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانەوە دروست دەبێت و ئەم کیسانە وەک چەند کیسێکی کارایی دەناسرێن.

جۆرەکانی کیسی هێلکەدان

کیسە کاراکان

هێلکەدانەکان هەموو مانگێک چەند پێکهاتەیەکی هاوشێوەی کیس دەناسێنێت کە پێیان دەوترێت مەشکە کیسە (folliular cyst)، ئەمانە کاریان دروستکردنی هۆڕمۆنەکانی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن)ـە و هەروەها فەرمانی بەڕەڵاکردنی هێلکەشیان هەیە لەکاتی هێلکە داناندا. 

کاتێک کە مەشکە کیسەیەکی ئاسایی مانگانە خەریکی گەشەی خۆیەتی، دەناسرێت بە کیسی کارایی کە دوو جۆر کیسی کارایی بوونی هەیە

مەشکە کیسە (folliular cyst)

کاتێکە کە مەشکە کیسەکە نەتەقیووە یان هێلکە بەرەڵا ناکات و لەجێی ئەوە بەردەوامی دەدات بە گەشەی خۆی و ئەمەیان باوترین جۆری کیسە لە خانماندا.

کیسی تەنی زەرد (corpus luteum cyst)

مەشکە کیسە لێرەدا بە تەنێکی زەرد دەناسرێت، لەگەڵ بەرەڵاکردنی هێلکەکەدا بەرهەمهێنانی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن) دەست پێ دەکات بۆ دووگیانی، هەندێک کات کۆبوونەوەی شلە لەناو تورەگەی فۆلیکڵدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەنی زەرد ببێت بە کیس. 

ئەم دوو کیسە بەگشتی بێ زیانن و دوای چەند مانگێک خۆیان نامێنن، بەڵام سێ جۆری تری کیس هەیە کە زیانیان زۆرە و ئازاری لەگەڵدایە

پێستە پۆرگ (dermoid cyst)  

کیسێکی شێوە تورەکەییە کە لەسەر هێلکەدان گەشە دەکات و هەندێک کات چەوری و موی تێدا کۆدەبێتەوە و خۆشبەختانە زۆر بە دەگمەن ئەم کیسانە کیسی شێرپەنجەین.

لووە ئاوسێی کیسەیی (cystadenoma cyst)

ئەم کیسانەش لەسەر ڕووی دەرەوەی هێلکەدان گەشە دەکەن و گەشەکردنێکی ناشێرپەنجەییە.

دەردە ناوپۆشی منداڵدان (endometrioma)

ئەو شانانەی کە ئاسایی لەناو منداڵداندا گەشە دەکەن دەتوانن لەدەرەوەی منداڵدانیش گەشە بکەن و ببنە کیس. 

ئەو زیانانەی بەهۆی کیسی هێلکەدانەوە تووش دەبیت

تەقین

کیسی هێلکەدان دەتەقێت کە بەشێوەی بەئازارێکی زۆر و خوێنبەربوونێکی زۆری دامێن دەناسرێتەوە، هەرچەندە کیسەکە گەورەتر بێت، مەترسی تەقین زیاترە، جووتبوون و هەر کارێکی قورسی کە لەسەر ناوچەی حەوز دەتوانێت مەترسی تەقینی کیسەکە زیاتر بکات.

پێچ خواردنی هێلکەدان

کیسی هێلکەدان کە گەورە دەبێت دەتوانێت ببێتە هۆی جوڵانی هێلکەدانەکان، ئەمەش مەترسی پێچ خواردنی هێلکەدان زیاد دەکات، کە دەتوانێت چوونی خوێن بۆ هێلکەدان کەم بکاتەوە یان هەر ڕایگرێت، ئەگەر نیشانەی وەک (ئازاری زۆر، دڵتێکچوون و ڕشانەوە)ـت هەیە ئەوا زوو سەردانی پزیشک بکە.

ڕێگریکردن لە دروستبوونی کیسی هێلکەدان

لەکاتێکدا کە ڕێگریکردن لە دروستبوونی کیسی هێلکەدان ئەستەمە بەڵام دەتوانیت ئاگاداربیت کە بەخێراترین کات دەستنیشانی بکەیت.

  • هەر جۆرە تێکچوونێکت هەبوو لە سوڕی مانگانەدا بەهەندی وەرگرە، بۆ نموونە تێکچوونی کاتی سوڕەکە یان ئازاری زۆر کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو.
  • کیسە کاراکانی هێلکەدان زۆرینەیان بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەوە دروست دەبن و گەشە دەکەن، ناڕێکی هۆڕمۆنەکان لەوانەیە ببنە هۆی گەورەبوونی ئەم کیسانە و تەنانەت تەقینیشیان بە شێوەیەکی خراپ، کیسی هێلکەدان بەبێ نەشتەرگەری دەتوانرێت لەناوبرێت تەنها بە کۆنتڕۆڵ کردنی هۆڕمۆنەکان و جێگیربوونیان.

 

هۆکاری دروستبوونی کیسی هێلکەدان

  • سوڕی مانگانەی ناڕێک.
  • ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان.
  • کەمی کارکردنی سترۆید .
  • جگەرە کێشان.
  • زوو کەوتنە سوڕی مانگانەوە (پێش تەمەنی ١١ ساڵ).
  • BMI سەروو ٣٠ بێت.
  • هەروەها دەرکەوتووە کە دەرمانی نەزۆکی بۆ زۆرێک لە خانمان دەبێتە هۆی دروسبوونی کیس.
  • هەروەها بەکارهێنانی حەپی (CLOMIPHEN CITRATE) کە بۆ چارەسەری نەزۆکی بەکاردێت، دەتوانێت مەترسی دروستبوونی کیسی تەنی زەرد زیاد بکات.
  • هەروەها بەکارهێنانی (TAMOXIFEN) کە بۆ شێرپەنجەی مەمک بەکاردێت.


سەرچاوەکان



14605 بینین