ڕیاز

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-23-13:58:00 - کۆدی بابەت: 5494
ڕیاز

ناوه‌ڕۆك

شاری ڕیاز

شاری ڕیاز دەکەوێتە ناوەڕاستی شانشینی عەرەبی سعودی، ناوی ڕیاز لە وشەی روضة ـوە هاتووە کە بە مانای باخچە دێت، لەبەر ئەوە ئەم ناوەی لێنراوە چونکە خاکە سروشتییەکەی زۆر بەپیتە و دەکەوێتە نێوان چەند دۆڵێکەوە، شاری ڕیاز گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی، ئیدی لە شارۆچکەیەکی بیابانییەوە لە سەدەی حەڤدەدا بووە پایتەختی وڵاتێک، ڕووبەری شاری ڕیاز بە نزیکەیی دەگاتە 1.550 کیلۆمەتر چواگۆشە، ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگاتە 5.188.286 کەس بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2010، لە شاری ڕیازدا زیاد لە 4000 مزگەوت هەیە، چڕیی زۆربەی دانیشتوانەکان بە دەوری ئەم مزگەوتانەدایە، زۆربەی دانیشتوانی شارەکەش موسڵمانن.

شاری ڕیاز یەکێکە لە گەورەترین شارە عەرەبییەکانی ئاسیا، هەروەها یەکێکە لە شارە جیهانییەکان، دەکەوێتە بەرزیی 600 مەتر لەسەر ئاستی ڕووی زەریاوە، شاری ڕیاز ناوەندی ژمارەیەکی زۆر لە لایەن و ئەنجومەنە حکومییە ناوەندییەکانە، هەندێکیان لە ناوچەیەکی دیاریکراو کۆبوونەتەوە، وەک گەڕەکی مەلیک عەبدوڵای مالی، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەش ڕوو لە شارەکە دەکەن، شاری ڕیاز دابەشکراوە بۆ 15 ناوچەی شارەوانی، کارەکانی ئەم شارە لە لایەن پسپۆڕانی کارەکانی ڕێکسختنی شارەوە ئەنجام دەدرێن.

کەشوهەوای شاری ڕیاز

کەشی شاری ڕیاز بیابانی و گەرم و وشکە، وەرزی هاوین لەم شوێنە زۆر درێژ و گەرمە و زستانیشی مامناوەند و کورتە، ناوەندی پلەکانی گەرمی لە مانگی 8 دەگاتە 43.6 پلەی سەدی، بەرزترین پلەی گەرمیش لە شارەکەدا لە مانگی 7ـدا تۆمار کراوە کە 48 پلەی سەدی بووە، باران لە وەرزی زستاندا دەبارێت، زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە مانگەکانی سێ و چواردایە، ناوەندی دابارینی ساڵانەی باران لە شارەکەدا دەگاتە 103.9 ملی لیتر، کەمترین پلەی گەرمیش کە تۆمار کرابێت لە شارەکە لە مانگی 1ـدا بووە، کە بریتی بووە لە 2.2 پلەی سەدی ژێر سفر، دیاردەی خۆڵبارین لە ڕیازدا زۆرە، لەو کاتانەدا ئاستی بینین دەگاتە 10 مەتر و کەمتریش، لە ساڵی 2015 گەردەلوولێکی خۆڵبارین ڕوویکردە شارەکە، هێندە بەهێز بوو کە بووە هۆی وەستانی خوێندن و کانسڵ کردنەوەی چەندین گەشتی فڕۆکەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە شارەکە.

ئابووریی شاری ڕیاز

ئابووری شاری ڕیاز پشتی بە پیشەسازی و وەبەرهێنان بەستووە، هەروەها ناوەندی ئەو خزمەگتوزارییە گشتیانەیە کە پێشکەشی هەموو وڵات دەکرێت، هەروەها کەرتی گشتی بەشێکی گەورەی ئابووریی شارەکەیە، زیاتر لە سێیەکی دەستی کاری شارەکە لە کارە حکومییەکاندا کار دەکەن کە هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی شارەکە، زۆربەی فەرمانبەرە حکومییەکان هاوڵاتی سعودین، هەروەها کەرتی بیناسازی و بازرگانی و پیشەسازی یارمەتیدەری گەشەسەندنی ئابووری شاری ڕیاز بووە، یەکێک لە گرنگترین هۆکارە ئابوورییەکانی شارەکە بریتییە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بانک تیایدا، وەک بانکی ناوەندیی شانشینی عەرەبی سعودی و چەندین بانکی نیشتیمانی، هەروەها چەندین کۆمپانیای تایبەتیش لە شارەکەدا هەن، نزیکەی یەک لەسەر سێی کارگەکانی شانشینی عەرەبی لە شاری ڕیازدان، لە شارەکەدا ئامێر و مەوادی دروسکتردن و ماددەی خۆراکی و بابەتە چنراوەکان و ماددە کیمیاییەکان و پێویستی ناوماڵ دروست دەکرێت، هەروەها لە شارەکەدا فڕۆکەخانەی مەلیک خالیدی نێودەوڵەتی هەیە کە هەلی کاری زۆری بۆ هاوڵاتییە سعودییەکان و دەستی کاری دەرەکی دابین کردووە.

گەشتیاری شاری ڕیاز

لە شاری ڕیازدا چەندین شوێنی مێژوویی و شارستانی هەن کە بە ڕووگەی گەشتیاری دادەنرێن، گەشتیار حەز دەکەن سەردانیان بکەن و مێژوو و ڕووداوەکانی ناوچەکە شارەزا بن، ئەم بابەتە یارمەتیدەرە لەگەورەبوونی ئابووری شارەکە، لە دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • قەڵاتی مصمک: یەکێکە لە سیما کۆنەکانی ڕیازی کۆن، دەکرێت بچیت بۆ تەماشاکردنی بەشێک لە دیوار و دەرگای قەڵاکە کە نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها دەکرێت تەماشای خانووە کۆنەکانی شارە کۆنەکە بکەیت کە لە قوڕ و خشت دروستکراون.
  • ناوەندی شا عەبدولعەزیزی مێژوویی: لە کۆندا بە کۆشکی چواگۆشە یان کۆشکی شا عەبدولعەزیز دەناسرا، لە ساڵی 1938 بنیاتنراوە، خێزانێکی 800 کەسی لەم کۆشکەدا ژیاوە.
  • ئەشکەوتی عین هیت: لە ژێر زەویدایە بە قووڵایی 150 مەتر، لە ناوچەی جبل الجبیلن هەیە و زۆر بە ئاسانی دەکرێت بگەیت پێی و سەردانی بکەیت.
  • گەڕەکی طریف: شوێنێکی مێژوویییە کە دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزە، هەندێک کۆشکی تێدایە، وەک کۆشکی سەلوا و کۆشکی سەعدی کوڕی سعود و ماڵی میوانداری و حەمامی گشتی و مزگەوتی ئیمام ئەحمەدی کوڕی سعود.
  • تاوەری شانشین (برج المملکة): 300 مەتر لەسەر ئاستی ڕووی زەوییەوە بەرزە و 99 نهۆمە، سێهەم تاوەری بەرزە لە سعودیەدا.
  • هۆتێلی تاوەر رافاڵ کمبینسکی: بەرزترین هەوربڕی نێو ڕیازە، بەرزییەکەی دەگاتە 307.9 مەتر، لە ساڵی 2014ز کرایەوە، 474 یەکەی نیشتەجێبوون و هۆتێلێکی 5 ئەستێرەی تێدایە.
  • تاوەری فیصلیة: یەکەم هەوربڕە کە لە سعودیەدا دروستکرابێت، تۆپێکی ئاڵتونی لە سەرەوەی تاوەرەکەدایە، تاوەرەکە لە 44 نهۆم پێکهاتووە، چەندین ڕێستۆرانت و ناوەندی بازاڕکردنی تێدایە.
  • مۆزەخانەی نیشتیمانی: لە ساڵی 1999ز دروستکراوە، مۆزەخانەکە کۆمەڵێک پارچەی گرانبەهای تێدایە، وەک پارچە نەیزەکێک کە ناوی لێنراوە ''سنام الهجن''.
  • مۆزەخانەی هێزە ئاسمانییەکانی سعودیە: ئەم مۆزەخانەیە کۆمەڵێک لەو فڕۆکانەی تێدایە کە هێزە ئاسمانییەکان بەکاریان هێناوە.


سەرچاوەکان



1350 بینین