الله - خودا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-28-00:33:00 - کۆدی بابەت: 5585
الله - خودا

ناوه‌ڕۆك

خودای گەورە

الله خودا و بەدیهێنەر و دروستكەری زەوی و گەردوونە و لە سەرووی هەموویانەوەیە و هیچ كەسێك دەسەڵاتی ئەوی نابێت بە درێژایی كات، ئاگادار و بینەر و بیسەری هەموو شتێكە و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو ببینێت هەتاوەكو ڕۆژێك كە پێی دەوترێت ڕۆژی هەستانەوە، یاخود زیندبوونەوە، لەو ڕۆژەدا بە ویستی خۆی توانای بینین دەبەخشێت بەو كەسانەی كە دەیەوێت بیبینن.

خودا لە هەموو شوێنێك ئامادەیە، بەڵام ئەم ئامادەبوونە هەستی پێناكرێت و بە ڕۆحەوە گرێدراوە، چونكە شوێن و كات دوو دروستكراوی خودان و خۆی لە سەرووی ئەوانەوەیە و مێشكی مرۆڤ ناتوانێت پێشبینی چۆنیەتی ئامادەبوونی بكات لە هەموو شوێنێك.

خودا سەرچاوەی هەموو ئاكارێكی بەرزە و شێوە و ڕووخسار و دەنگی ڕوون نییە و ناڕواتە قاڵبی هیچ شتێكەوە تا ئێستا مرۆڤ ناسیبێتی.

خودا بەبێ دایك و باوك بوونی هەبووە و خودی بوونە، هەموو شتێكیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و نە منداڵی دەبێت و نە هاوسەرگیری دەكات، ناخەوێت و ماندوونابێت و نەخۆشكەوتنی نییە و هەمیشەش دەمێنێتەوە و مردن دروستكراوی خۆیەتی، لە هەموو ئاینیەكانی دونیا زۆرینەی وەسفەكانی خودا لەگەڵ یەك یەكدەگرێتەوە و زۆربەی جیاوازییەكان لەسەر حوكمە شەرعی و باوەڕ بە پێغەمبەرانە، هەندێك لە ئایینەكانیش بت و كۆمەڵێك خوداوەندی بچكۆلە دەكەنە پێشەنگ بە بیانووی گەیاندنیان بە خودای گەورە.

واتای ناوەكەی

الله، ناوێكی تایبەتی عەرەبییە و بە واتای "پەرستراو" یان "بەدیهێنەر" دێت لە ئایینە تاكپەرستەكاندا،

لە ئایینی ئیسلامدا

الله لە ئیسلامدا یەك و تاكە، ئەمەش یەكێكە لە وەسفەكان بۆ بوونی بەردەوامی خودا، خودا لە ئیسلامدا خاوەنی 99 ناوە بەپێی گێڕانەوەكانی كۆتا پێغەمبەری ئایینی خودا، گەرنا ناوەكانی خودا لەوە زیاترن مرۆڤەكان بتوانن بیژمێرن، و هەریەكەیان وەسفێكە بۆ توانا و ویستەكانی خودا، لە قورئاندا زۆربەی ئایەتەكانی بە وەسفی خودا كۆتایی دێن، وەك (ئەو بیسەر و زانایە)، (فەرمانڕەوا و بەدەسەڵاتە)، (لێبوردە و میهرەبانە)، (بە تۆڵە و سزای توندە).

دەسەڵاتی خودا

دەسەڵاتی خودا نەژمێردراوە، هیچ مێشكێكیش ناتوانێت پێشبینی تەواوی تواناكانی بكات، خودا بە فرمان كردن بە فریشتەكانی كارەكانی ڕادەسپێرێت و فریشتەكانی هەمیشە لە خزمەتیدان و لە نوور دروستكراون، ناوی هەندێك لە فریشتەكانی ئاشكرا كراون، وەك:

  • جوبرەئیل: فریشتەی پەیامهێن بۆ پێغەمبەران
  • میكائیل: فریشتەی ڕزق و ڕۆزی و باراندن و ڕووەكەكان.
  • ئیسرافیل: ئەو فریشتەی لە كۆتا ڕۆژی جیهانیان فوو بە ئامێرەكەیدا دەكات و هەموو شتێك لەناو دەبات و دواتر خودا زیندووی دەكاتەوە و بە فوویەكی دیكە هەموو زیندەوەر بە ئاگا دەهێنێتەوە بۆ ڕۆژی دوایی.
  • مالیك: فریشتەی دەرگاوان و پاسەوانی دۆزەخ و ئاگر.
  • ڕیضوان: چاودێر و دەرگاوانی بەهەشت.
  • مونكەر و نەكیر: ئەو دوو فریشتەی پرسیار لە مرۆڤ دەكەن دوای مردنی.
  • هاروت و ماروت: دوو فریشتەن ناویان لە قورئاندا هاتووە.
  • فریشتەی ڕۆحكێشان یان مردن: كاری ئەم فریشتە كوشتنی مرۆڤەكانە بەو شێوەیەی خودا فرمانی پێكردووە ڕۆحیان دەكێشێت، ناوێكی دیكەشی هەیە كە پێی دەوترێت "ئیزرائیل" بەڵام ئەم ناوە لە پەڕاوە ئایینیەكاندا نەهاتووە.    

تەوحید چییە؟

واتا یەک خوا پەرستی و بەتەنها زانینی خودا لە کردەوەکانی: واتە بەس خودا بەدیهێنەر و پەروەردگاری ئەم بوونەوەرەیە تەنها خودا بوونەوەر بەڕێوە دەبات و سەرپەرشتی دەکات و بەس خودا دەمرێنی و دەژینێ و بەس خودا ڕزق و ڕۆزی درووستکراوەکانی دەدات و هیچ کەس و هیچ شتێک دەستی نییە لەو کردەوانەی کە هەر بەدەست خودایە.

بۆ نمونە کەسێک قەناعەتی وابێت لەگەڵ خودا کەسێکی تر شتی درووست کردووە و بوونەوەر بەڕیوە دەبات یان مردن و ژیانی ئینسانی بەدەستە یان ڕزقی درووستکراوەکان دەدات ئەمە شیرک و هاوبەشێکی یەکجار گەورەیە خاوەنەکەی پێی کافر دەبێت جونکە بەس خودا خالق و بەدیهێنەرە و مردن و ژیان تەنها بەدەست ئەوە و هەر خۆیشی ڕزق و ڕۆزی درووست کراوەکانی دەدات.

هەروەها خوا پەرستی و بەتەنها زانینی خودا لە ناو و سیفەتەکانی: واتە بڕوابوون بەوەی بەس خودابەڕەهایی خاوەن جوانترین ناو و بەرزترین سیفەتە، واتا چەسپاندنی ناو سیفاتەکانی خودا بۆ خودا بەبێ لێکچواندن و چۆنیەتی دیاری کردن وە بە پاکگرتنی خودا بەبێ پەکخستن و گۆڕینی و ناو و سیفاتەکانی.

جۆرەكانی تەوحید

  • یەكەم: یەكخواپەرستى لە پەروەردگارێتیدا.
  • دووەم: یەكخوارپەرستى لە خوایەتیدا.
  • سێیەم: پەكخواپەرستى لە ناو و سیفاتەكانى خواى گەورەدا.

واتاى ( لا إله‌ إلا الله)

واتاكه‌ى بریتیه‌ له‌: هیچ په‌رستراوێكى حه‌ق نیه‌ كه‌ شایسته‌ى په‌رستن بێت جگه‌ له‌ الله، ئەم واتایەش لە دوو بەش پێكدێت یەكێكیان ڕەتكردنەوەیە و یەكێكیان سەلماندنە، كە بڕگەی (لا اله) نەفی هەر خودایەكی دیكە دەكات بپەرسترێت، و بڕگەی (الا الله) سەلمێنەری ئەوەیە الله تاكە پەرستراوە لە دونیادا.

ئایا دەگونجێت موسوڵمان بیر لە شێوەی خودا بكاتەوە؟

خودای گەورە دەفەرموێت : هیچ شت و كه‌سێك له‌ خوای گه‌وره‌ ناچێت و هاوشێوەى نیە، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ تاك و ته‌نهایه ‌و دروستكاره‌، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌ره‌ به ‌وته‌ و قسه‌تان، وه‌ زۆر بینه‌ره‌ به‌ كرده‌وه‌تان، وه‌ هه‌موو شتێك ده‌بیستێت و ده‌بینێت.

خوای تەعالی هاوشێوە و هاوبەشی نییە، و پارێزراوە لەوەی لە دروست کراوان بچێت، جا ئەوەی بەمێشکی مرۆڤدا دێت خودا دوورە لێی و زۆر لەوە گەورەترە، و ناگونجێت هیچ دروست کراوێک پەی بە خودا و شێوەی خودا ببات.

یەکێک لە عەقیدە و بیروباوەڕی موسوڵمان ئەوەیە کەخودا لەدونیادا نابینرێت و باوەڕیشی هەیە كە ناتوانێت بیبینێت بە توانای چاوەكانی ئێستای.

بۆیە موسوڵمان دەبێت هەوڵبدات بەدوایدا نەڕوات چونكە ئەنجامی نییە، ئەگەری هەیە لە بیركردنەوەدا جار جارە مرۆڤ شێوەیەك بێتە بەرچاوی، بەڵام دەبێت زوو لە خەیاڵی خۆی دەریبكات و ڕێگربێـت، و ئەوەندە بەسە كە باوەڕی بە تەواوی سیفاتەكانی هەبێت و بە چاوی ڕۆح هەست بە بوونی بكات.

ناوی خودا لە قورئان

قورئانی پیرۆز لە تەواوی كتێبەكانی دیكە جیاوازە بەوەی 2699 جار ناوی الله هاتووە لە قورئاندا و دابەشبوون بەسەر 85 سورەتدا.

ناوی خودا لە ئاڵای وڵات و ڕێكخراوەكان

  • ئاڵای ئەفغانستان
  • ئاڵای تاڵیبان (ڕێكخراوێكی تیرۆرستی كە كردەوەكانیان پێچەوانەی سیفاتەكانی خودان).
  • بزووتنەوەی حەماس
  • دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ڕێكخراوێكی تیرۆرستی كە كردەوەكانیان پێچەوانەی سیفاتەكانی خودان).
  • ئاڵای شانشینی سعودیە
  • ئاڵای ئێران
  • عێراق
  • حوثییەكان (ڕێكخراوێكی شیعە مەزهەب)


سەرچاوەکان



4231 بینین