بیتکۆین

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-06-15-22:18:00 - کۆدی بابەت: 5652
بیتکۆین

ناوه‌ڕۆك

بیتکۆین چییە؟

بیتکۆین (بە ئینگلیزی: Bitcoin) دراوێکی گریمانەیی و سیستەمێکی پارەدانی جیھانییە کە وەکوو پارەی بێپاڵپشت بەکاردێت، بەڵام پارەبوون جێگایەکی یاسایی ھەیە و پارەبوونی بیتکۆین بێ قبووڵ کردنیی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە وەکوو پارەیەکی فەرمی نابێ. تا ئێستا ھیچ دەوڵەتێک تەنانەت ژاپۆنیش بیتکۆین وەکوو پارە بە فەرمی ناناسن و دەوڵەتەکانی ئەمریکا، چین و ئەڵمانیا بیتکۆین وەکوو کەلوپەل ھەژمار دەکەن نەک پارە. بیتکۆین لە سیستەمی یاساییی ھەندێک وڵاتدا، لە نێویاندا ژاپۆن و ئەڵمانیا، وەکوو کەلوپەلێکە کە دەتوانێ وەکوو ئامێری پارەدان بەکار بێت.

بیتکۆین دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.

بیتکۆین یەکەم دراوی دیجیتاڵی بێ ناوەندە، چونکە سیستەمەکەی بێ ھیچ بانکێکی ناوەندی یان بەرپرسێکی ناوەندی کار دەکات. ئەم تۆڕە ھاوسەنگ بە ھاوسەنگ (Peer-to-Peer) یان ھاوتا بە ھاوتایە و گواستنەواکانی (transaction) ڕاستەوخۆ و بێ ناوبەند لە ناو بەکارھێنەراندا ئەنجام دەدرێت.

لە پاش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی بیتکۆین یەکجار بەرز بوەوە کە پێشتر گومان ئەکرا بەکار بھێنرێت. لە دوا ھەواڵیشدا کۆمپانیای بەناوبانگی تێسلا بڕیاری دا ئۆتۆمبێلەکانیان بە بیتکۆین بفرۆشن و نەشی گۆڕنەوە بە دراوی کاغەز.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، بیتکۆین یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە. ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو.

بەهای بیتکۆین لە ساڵی (٢٠٢١) لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و  هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەندێك کۆمپانیای زەبەلاحی بواری وەبەرهێنان بەلای خۆیدا رابکێشێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەو بوارەدا بەکاربهێندرێت. لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵێك وەبەرهێنی جیهانی دوودڵن لە بەهای بیتکۆین.

هاوکات، پاش ئەوەی ئیلۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا، بڕیاریدا بە بەهای یەك ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی ئەو دراوە بکڕێت، بەهاکەی بەرزبووە و بۆ جاری دووەم ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.

لە ساڵێ (٢٠٢١)، بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوو و ٤٨ هەزار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاند و بەمەش بەهاکەی بە رێژەی ٢٥٪ بەرزبوویەوە.

کێ بیتکـۆینی دروستکـردووە؟

بیتکۆین لە کۆتایی ساڵی 2008 دا لەدایکبوو. کە ڕەنگە زۆرینەتان لەبیرتان بێت کە لەو کاتەدا ئەمریکا ڕووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری گەورە ببویەوە، بەهۆی ئەم داڕمانەوە هەزاران بانک و دامەزراوەی دارایی مایەپوچبوون. 

لەم سەروبەندەدا کەسێک یان گروپێکی نەناسراو بە ناوی (ساتوشی ناکامۆتۆ) مەقالەیەکی بۆ ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری کۆد نووسین ناردبوو، کە تیایدا باسی لە دراوێکی ئەلیکترۆنی نوێ کردبوو. ساتوشی ناکامۆتۆ لەم مەقالەیەدا کە وایت پەیپەری (whitepaper) پێدەگوترێ، تیایدا باسی لە چۆنیەتی کارکردنی بیتکۆین کردبوو.
پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک، لە سەرەتای ساڵی 2009 بلۆکچەینی بیتکۆین دەستی بەکار کرد. ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵانی سەرەتای پڕۆژەکەدا ئامادەیی هەبوو، وە لەگەڵ دیڤەلۆپەرەکانی دیکە کەموکورتی پڕۆژەکەی چارەسەر دەکرد، تا لە کۆتایی ساڵی 2010 دیار نەما.

هێشتاکە پاش تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ لە دروستبونی بیتکۆین، هێشتا ناسنامەی ساتوشی ناکامۆتۆ ئاشکرا نەبووە. ساتوشی ناکامۆتۆ دەکرێت کەسێک بێت یاخود گروپ و کۆمەڵەیەک بێت. 

گریمانەی زۆر سەبارەت بە شوناسی ساتوشی ناکامۆتۆ هەیە، کە لەپاڵ ئەوەشدا چەندین کەس بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە ساتوشی ناکامۆتۆن. بەڵام هیچ کامیان بەڵگەی تەواویان بۆ سەلماندنی بانگەشەکەیان نییە.

تایبەتمەندییەکانی بیتکۆین

دەوترێت کە بیتکۆین پارەی مافیا و تاوانبارانە وە بۆ ئەوەی بە شاراوەیی بمێننەوە لە کارە تاوانکارییەکان سوود لە بیتکۆین وەردەگرن. بەڵام جیاواز لەو تایبەتمەندییانەی کە لە بارەی بیتکۆینەوە دەوترێت، چەند خاڵێک هەن کە بیتکۆین لە پارەی فیزیکی جیا دەکاتەوە. 

هیچ کەسێک لە سەرەوەی دەسەڵات نییە

بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندی لامەرکەزیبوون (بە ئینگلیزی: decentralize) کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی بیتکۆین، سەرەتا بە مەرکەزیبوون (بە ئینگلیزی: centralize) ئاشنا بن، وە کاریگەرییەکانی بوونی سیستەمێکی مەرکەزی لە سیستەمی دراوی و دارایی باشتر بناسن. مەرکەزیبوون بەو واتایە دێت کە لە کاتی سەردانیکردنتان بۆ بانک، دەکرێت سیستەمی پێدانی پارە لەکار کەوتبێت، وە ئێوە بۆ ئەنجامدانی کارە بانکیەکانتان چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەن. سیستەمی مەرکەزی بە واتای کۆنترۆلێک دێت کە وڵاتان بەسەر پارەدا هەیانە، کە ئەکرێت لە زیانەکانی ئەم کۆنترۆڵکردنە ئاماژە بە هەڵاوسان و بێ بەهابوونی پارە بکەین وەک ئەوەی لە (ڤەنزوێلا) روویدا. سیستەمی مەرکەزیبوون واتە بانکەکان هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن هەژمارەکانتان بلۆک بکەن بەبێ ئەوەی ئاگادارتان بکەنەوە، وە بەو واتایەش دێت کە وڵاتێک دەتوانێت بەهۆی گەمارۆی داراییەوە وڵاتێک لە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی لە ڕیگەی بانکەوە بێبەش بکات (وەک ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران کردی)
بـەڵام گرنگترین تایبەتمەندی بیتکۆین لامەرکەزی بوونیەتی، بیتکۆین لە لایەن هیچ کەس و گروپ و ڕێکخراو بانک وە دەوڵەتێک کۆنترۆل ناکرێت، لامەرکەزیبوونی بیتکۆین بەم واتایە دێت، کە هێزی تۆڕەکە لە نێوان تاکەکان دابەشکراوە. ئەم هێزە دەکرێت هەمان هێزی دروستکردن و دابەشکردنی پارە بێت، کە لێرەدا لەدەستی بانکەکان دەرچووە و بۆ خەڵکی گەڕاوەتەوە، واتە لێرەدا تاکەکان دەسەڵاتیان لە بانکەکان سەندۆتەوە. 

تایبەتمەنی لامەرکەزیبوونی بیتکۆین بووە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتادا ئەو کەسانەی کە درکیان بە لاوازی سیستەمی دارایی لە قەیرانی ئابووری ساڵی 2008 ئەمریکا کردبوو، ڕووبکەنە ئەم تەکنەلۆژیایە. ئەو دەسەڵاتەی کە بانکەکان بەسەر خستنەڕووی پارەدا هەیان بوو وە ئەو هەڵاوسانەی کە لە ئەنجامی ئەو دەسەڵاتەوە دروستبوو، بە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی بیتکۆین دادەنرێت.

ژمارەی بیتکۆین سنوردارە

حکومەتەکان و بانکی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە کە بەشێوەیەکی بێ سنور پارە چاپ بکەن. کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەهای پارەی وڵاتەکە.

بەڵام بیتکۆین 21,000,000 دانەیە لەوە زیاتر ناتوانرێ دروستبکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئایندە لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەری خستنەڕووی کەم بێت و نرخ بەرزبێتەوە.

نەناسراوبوونی گواستنەوەکان

بە نمونەیەک ڕوونی دەکەینەوە گەر ئێستاکە تۆ بتەوێت 1 ملیۆن دۆلار بۆ هاوڕێیەکت لە ئەمریکا بنێریت، دەبێت بانک و حکومەت بزانن کە ئەم گواستنەوە لە بەرامبەر چیدا ئەنجام دەدرێت، لێکۆڵینەوە دەکرێت لەوەیکە ئەو پارەیەی تۆ لە چ ڕێگایەکەوە بە دەست هاتووە، وە لێکۆڵینەوەش لەسەر کەسی بەرامبەر دەکرێت.
بەڵام لەڕێگەی بیتکۆینەوە پارە دەگوازیتەوە بۆ کەسی بەرامبەر لە ڕێگەی ئادرێسەکەیەوە بەبێ ئەوەی کە بزانرێت ئەو کەسەی گواستنەوەکەی ئەنجامداوە کێیە.

خێرایی لە گواستنەوە

گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی بانکەوە بۆ دەرەوەی وڵات کاتێکی زۆری دەوێت بەهۆی ئەو ڕۆتیناتەی لە کاروباری ئیداری بانکەکاندا هەیە کە بەشێوەیەکی ئاسایی لەنێوان ٢ بۆ ٧ ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام لەڕێگەی بیتکۆینەوە دەتوانیت لە ماوەی چەند خولێک گواستنەوەکانت ئەنجام بدەیت.

عمولەی گواستنەوە

بانکەکان بۆ ئەو مامەڵەی گواستنەوانەی کە ئەنجامی دەدەن ڕیژەیەک عمولە وەردەگرن کە لە بانکێک بۆ بانکێکی دیکە دەگۆڕێت. کە بەشێوەیەکی نێوەندی بە نزیکەی لەسەدا 1 یان زیاترە.
بەڵام عمولەی گواستنەوە لە بیتکۆین زۆر کەمە، هەندێ کای بۆ گواستنەوەی چەند ملیار دۆلار بڕێکی کەم عمولە وەردەگرێت کە لە نێوان 15 بۆ 20 دۆلارە.

دەرهێنانی بیتکۆین لە دەرهێنانی زێڕ وزەی زیاتری دەوێت

لە ٣٠ مانگدا، دراوی ئەلەکترۆنی بە قەدەر ١ ملیۆن ئۆتۆمبێل دایۆکسایدی کاربۆنی بەرهەم هێناوە. بەرهەمهێنانی دراوی دیجیتاڵ چەندین بەرامبەری دەرهێنانی زێڕ، وزەی دەوێت.
ئەگەر بتەوێت بە بەهای یەک دۆلار دراوی دیجیتاڵی دەربهێنیت وزەیەک کە پێویستە بۆ ئەم کارە بەرامبەرە لەگەڵ دەرهێنانی زێڕ بە نرخی یەک دۆلار لە کانزایەک.

مەبەست لە دەرهێنانی بیتکۆین چییە؟

دەرهێنانی بیتکۆین پێواژۆیەکە لە نێوان دوو کۆمپیوتەردا دەکرێت، تاوەکوو مامەڵەکانی بیتکۆین پارێزراو بکات و پشتڕاستیان بکاتەوە. لە ڕێگەی ئەم پێواژۆیەوە بیتکۆینێکی نوێ بە سیستم زیاد دەبێت.
دراوە دیجیتاڵییەکان وەک بیتکۆین نیگەرانی ژینگەییان دروست کردووە، چونکە بەرهەمهێنانی دراوە مەجازییەکان بڕێکی زۆر کاری ژمێرکاری دەوێت کە ئەوەش وزەیەکی زۆر دەسووتێنێت.

ماک کراوس و تابێت تۆلایمەت کە توێژەری سەربەخۆن دەڵێن، "بۆ بەرهەمهێنانی یەک دۆلاری ئەمریکایی لە بیتکۆیندا نزیکەی ١٧ مێگاجول وزە پێویستە، ئەوان تەنانەت کارە لاوەکییەکان وەک ساردکردنەوەی کۆمپیووتەرەکیانیان بۆ ئەم کارە لەبەرچاو نەگرت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ دەرهێنانی زێڕ بە نرخی ١ دۆلار نزیکەی ٥ مێگاجول و بۆ دەرهێنانی پلاتینیۆم بەو نرخە ٧ مێگاجول پێویستە. لەو لیستەدا ئەلومینیۆم لەسەرووی لیستەکەوە بوو بە ١٢٢ میگاجولەوە".

لە ماوەی ٣٠ مانگدا لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠١٨، بەپێی ڕاپۆرتی نووسەرەکان، دەرهێنانی بیتکۆین ٣ تا ١٣ ملیۆن تۆن دایۆکسایدی کەربۆنی بەرهەم هێناوە. سەرەڕای ئەوەی کە لەم بەراوردەدا بڕی کەربۆن دایۆکساید بۆ ڕاگرتنی دراوەکە لەبەرچاو نەگیراوە، بڕی بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی بیتکۆینەوە، هاوتایە لەگەڵ بڕی بەرهەمهاتوو لەلایەن ١ ملیۆن ئۆتۆمبیل. بەو حاڵەشەوە ئەوە هێشتا کەمتر لە یەک لە سەدی کەربۆن دایۆکسایدێک کە لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەم دێت.

بیتکۆین لە چەند خاڵێکدا

  • لە 4ـی ئازاری 2020دا ، نرخی بیتکۆین بووە (8,790,51 دۆلاری ئەمریکی).
  • هەموو بیتکۆینەکانی جیهان بە نزیکەیی 160.4 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.
  • بیتکۆین 0.4٪ـی پارەی جیهان پێکدێنێت.
  • بیتکۆین بەهاکەی بووە 6.1٪ ئەوەندەی پاشەکەوتی زێڕی جیهان.
  • هەموو ئەکاونتە نهێنیەکان بە کەمتر لە 0.7٪ لە پارەی جیهان پێکدێنن.


سەرچاوەکان



3681 بینین