پەیکەری ئازادی

له‌لایه‌ن: - هێدی ئەرسەلان - به‌روار: 2021-06-18-22:52:00 - کۆدی بابەت: 5659
پەیکەری ئازادی

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

پەیکەری ئازادی (بە ئینگلیزی: Statue of Liberty، بە عەرەبی: تمثال الحرية) بە بەبایەخترین شوێن دادەنرێت لە نیویۆرکدا، پەیکەرەکە لەلایەن گوستاڤ کاری ئەندازیاری بۆ کراوە و لەلایەن فرێدریک بارتۆلدی داتاشراوە، ئەم پەیکەرە هێمای ئازادییە و ڕۆژانە ھەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن کە دەکەوێتە نیمچە دوورگەیەک لە نیویۆرک‌ و دوورگەکەش ناوی نراوە دوورگەی ئازادی، پەیکەرەکە وێنەی ژنێکە و مەشخەڵێکی بەدەستەوەیە و بەدەستەکەی تریشی کتێبێکی پێیە، بەپێی ئامارەکان تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا نزیکەی ٢.٣ ملیۆن سەردانیکەری ھەبووە، پەیکەرەکە وەکوو نزیکی نێوان هەردوولایەن، لەلایەن وڵاتی فەڕەنسا لە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا بەخشرا بە وڵاتەکە وەک یادێک بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی.

کەلەپچە و زنجیرێکی شکاو لەلای قاچی چەپی پەیکەرەکەوە هەیە و کەوتووە کە ئەوە دەردەخات بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت و بەربەستەکان تێدەپەڕێنێت. دوای پێشکەشکردن و تەواوکردنی، پەیکەرەکە بوو بە هێمایەک بۆ ئازادی لە ئەمریکادا، هەروەها وەک نیشانەیەکی بەخێرهاتن دادەنرێت بۆ ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی ئەمریکا دەکەن لە ڕێگای ئاویەوە.

فرێدریک بارتۆلدی، سەری پەیکەرەکە و ئەو باڵەی مەشخەڵەکەی پێیە پێش ئەوەی پەیکەرەکە بە تەواوی دیزاین بکرێت تەواو کرد، ئەم پارچانە بۆ بڵاوبوونەوەیان لە پێشانگای نێودەوڵەتی پیشان دران، هەروەها ئەو قۆڵەی مەشخەڵەکەی هەڵگرتووە پیشاندراوە لە پێشانگای یادکردنەوەی سەدەیەک لە فیلادلفیا لە ساڵی ١٨٧٦، هەروەها لە پارکی چوارگۆشەی مادیسۆن لە مانهاتانیش لە ساڵی ١٨٧٦ ـەوە هەتاکو ساڵی ١٨٨٢.

پەیکەری ئازادی بە هۆکارێکی گەورە و گرنگ دادەنرێت بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، بۆ بینینی لە نزیکەوە و شارەزابوون لە مێژووەکەی خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن.

هاوکاری دارایی

سەرەتا دەستکەوتنی هاوکاری دارایی قورس بوو بۆ دروستکردنی پەیکەری ئازادی، بەتایبەتی بۆ خەڵکی ئەمریکا، لە ساڵی ١٨٨٥ ئیشکردن لەسەر بنیاتنانی پەیکەرەکە تا ڕادەیەک سەرکێشی بوو لەبەر ئەوەی بڕی پێویست لە بودجە ئامادە نەبوو، لەو کاتەدا ڕۆژنامەنوس جۆزێف پولیتزەر لە (Newyork World) کارێکی دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

بەم کارەی زیاتر لە ١٢٠٠٠٠ خێرخوازی ڕاکێشا بۆ بەخشین و دەستکەوتنی بڕی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە، زۆربەیان کەمتر لە دۆلارێکیان بەخشی، پەیکەری ئازادی لە فەڕەنسا دروستکرا و لە ڕێگەی ئاویەوە بەرەو ئەمریکا گواسترایەوە، کە لە سندوقێکدا هەڵگیرابوو لەسەر ئەو کەشتیەی کە پێی دەگوازرایەوە بۆ پاراستنی.

سەرپەرشتی کردنی پەیکەرەکە

پەیکەرەکە سەرەتا لەلایەن ئەنجومەنی فەنەری ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرا و بەڕێوە دەبرا تاکو ساڵی ١٩٠١ وە دواتر لەلایەن فەرمانگەی جەنگەوە سەرپەرشتی دەکرا تاکو ساڵی ١٩٣٣، لەو کاتەوە بوو بە بەشێک لە خزمەتگوزاری پارکی نیشتیمانی وەک پەیکەری نیشتیمانی ئازادی.

داتاشینی پەیکەرەکە

پەیکەری ئازادی لەلایەن فرێدریک بارتۆڵدی داتاشراوە لە نێوان ساڵانی ١٨٧٥ بۆ ١٨٨٤، فرێدریک بارتۆڵدی لە ساڵی ١٧٧٠ دەستی بە داڕشتنی دیزاینەکەی کردبوو، بارتۆڵدی و تیمەکەی نزیکەی ٣١ تەن لە شیشی مسیان کۆکردەوە و بەکاریان هێنا بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە، دوای تەواوبوونی بەرزییەکەی بریتیبوو لە ١٥١ پێ (٤٦ مەتر) وە کێشەکەی بریتیبوو لە ٢٢٥ تەن.

پەیکەری ئازادی چی هەڵگرتووە (گرتووە)؟

پەیکەری ئازادی لە دەستی ڕاستیدا کە بەرزی کردووەتەوە مەشخەڵێکی هەڵگرتووە، ئەمەش گوزارشت لەو ڕووناکییە دەکات کە ڕێگای ئازادی پیشانی چاودێران دەدات، لە دەستی چەپیشیدا کتێبێکی پێیە کە لێی نوسراوە (٤ـی تەمموزی ١٧٧٦) کە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکایە، و بە شێوەی ژمارەی ڕۆمانیەکان نووسراوە.

بۆچی پەیکەری ئازادی گرنگە؟

پەیکەری ئازادی یەکێکە لەو پەیکەرانەی کە ناسراوترینن لە جیهاندا، تەنانەت وەک هێمایەک سەیردەکرێت بۆ شاری نیویۆرک و تەنانەت وڵاتی ئەمریکاش، هەروەها ئەو پەیکەرە لە نزیک دوورگەی ئێلیس دانراوە کە تاکو ساڵی ١٩٤٣ ملیۆنان کۆچبەر ڕووی دەکردە ئەمریکا لەڕێی ئەو دوورگەوە، لەبەر ئەمەش پەیکەری ئازادی وەک نیشانەیەک سەیردەکرێت بۆ هیوا و ئازادی و دادپەروەری.


سەرچاوەکان



4619 بینین