جۆرەکانی کۆچ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-01-15:34:00 - کۆدی بابەت: 5696
جۆرەکانی کۆچ

ناوه‌ڕۆك

زاراوەی کۆچکردن

کۆچکردنی مرۆڤ دەکرێت بەوە پێناسە بکرێت کە بریتییە لە گواستنەوەی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە بە ئامانجی دەستکەوتنی سەقامگیریی بەردەوام یاخود کاتی، لەوانەیە کۆچکردنی مرۆیی لەسەر شێوەی تاکەکەسی یاخود کۆمەڵە کۆمەڵە بێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا خانەوادەکان بە تەواوەتی لە ناوچەیەکەوە دەڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکە، لە ئێستادا و لەگەڵ زیادبوونی دیاردەکانی شاری بوون و فراوانبوونی ناوچە شارستانیی و مرۆییەکاندا، کۆچکردن بۆتە یەکێک لەو پێکهاتە و دیاردانەی لە وڵاتاندا بۆتە شتێکی دیار، بەم پێیەش کۆچکردن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی بەپێی چەند ڕێکار و ڕێککەوتننامە و پەیماننامەی نێودەوڵەتی دەکرێت لە هەندێک کاتدا تاوەکو بنەماکانی مافی مرۆڤ پێشێل نەکرێن.

جۆرەکانی کۆچکردن

چەندین جۆر کۆچی مرۆیی هەن کە بەردەوام لە هەموو جیهاندا ڕوودەدەن، تاکەکان بەردەوام لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کۆچ دەکەن بەهۆی کۆمەڵە هۆکار و بارودۆخ و گۆڕاوێک کە دەبنە هۆی دابەشبوونی جۆرەکانی کۆچکردن، لێرەدا دیارترین جۆرەکانی کۆچکردنی مرۆیی لە جیهاندا باس دەکەین:

  • کۆچکردن تاکەکەسی: بریتییە لە کۆچکردنی تاکێک لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە.
  • کۆچی بەکۆمەڵ: بریتییە لە کۆچی خانەوادە و کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە.
  • کۆچی ناوخۆیی: بریتییە لەو کۆچەی بەهۆی کۆچکردنی تاک یان کۆمەڵەکانەوە ڕوودەدات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە نێو سنووری جوگرافیی دەوڵەتێکی دیاریکراودا.
  • کۆچی دەرەکی: ئەو کۆچەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی دەوڵەتێکەوە بۆ ناوچەیەک لە دەوڵەتێکی جیاواز دەگوازرێنەوە.
  • کۆچی ئارەزوومەندانە: ئەو جۆرە کۆچەیە کە تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ویستی خۆیان بۆ گۆڕینی شوێنی ژیانیان دەیکەن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیری لە ناوچەیەکی دیکەی دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات.
  • کۆچی ناچاری: ئەو جۆرەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی ڕوودەدات و ناچاریان دەکات کە شوێنی ژیانیان بگۆڕن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیریی لە ناوچەیەکی دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات.

هۆکارەکانی کۆچکردن

چەندین هۆکار هەن کە دەبنە پاڵنەر بۆ تاک و کۆمەڵەکان تاوەکو کۆچ بکەن و ئەو شوێنە جێبهێڵن کە پێشتر شوێنی سەقامگیرییان بووە، ئەم هۆکارانەش جۆری کۆچکردن و پاڵنەرەکان دەخەنە ڕوو کە دەبنە هۆی ئەوەی کە تاک یاخود کۆمەڵەکان بیر لە گۆڕینی شوێنی ژیانیان بگۆڕن لە وڵاتێکدا یاخود لە ناوچەی وڵاتێکدا، لێرەدا باس لە دیارترین هۆکارەکانی کۆچکردنی مرۆیی دەکەین:

هۆکارە ئابوورییەکان: ئابووری ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە کە گەڕان بەدوای هەلی کاری نوێ و باشترکردنی ئاستی ژیان لەوەی کە هەیە بە گواستنەوە بۆ ناوچەیەکی جیاواز لە دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات.

هۆکارە سیاسییەکان:  کە بریتییە لەو تێکچوونە سیاسی و جەنگانەی کە تاک و کۆمەڵەکان ناچار دەکەن بە دوای ناوچەی سەلامەتتر و سەقامگیرتر بگەڕێن لە دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات.

هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: کە بریتین لە هەبوونی دەستدرێژیی بۆ سەر ئاین یاخود ڕەچەڵەک یان هەبوونی ڕەگەزپەرستی، ئەمە وا لە تاک و کۆمەڵەکان دەکات کە بە داوی ناوچەیەکی باشتر بگەڕێن کە جۆرێک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی تێدابێت.

هۆکارە سروشتییەکان: کە بریتیین لە ڕوودانی ئەو کارەساتە سروشتییانەی بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دێن و دەبنە هۆی نیمچە وێرانبوون یاخود وێرانبوونێکی تەواو وەک کارەساتەکانی: بوومەلەرزە و تۆفان و گڕکان.


سەرچاوەکان



8945 بینین