مافەکانی قورئان بەسەر مرۆڤەوە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-02-00:08:00 - کۆدی بابەت: 5708
مافەکانی قورئان بەسەر مرۆڤەوە

ناوه‌ڕۆك

گوێ لێگرتن

گوێ گرتن لە قورئانی پیرۆز یەکەم مافی قورئانی پیرۆزە لەسەرمان, پێویستە گوێ گرتنەکەمان بە دڵ بێت, واتە دڵمان لە لای ئایەتەکە بێت کە قورئان خوێنەکە دەیخوێنێتەوە بۆ ئەوەی تام و چێژی لێ ببینین, کاتێ کە گوێ لە قورئان دەگرین هەست بکەین کە پەروەردگارمان لەگەڵمان دەدوێت, هەر بۆیە جوان گوێ گرتن لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت (الإستماع) نەک (السماع), چونکە زاراوەی یەکەمیان فراوانترە و نیشانەی جوان گوێ گرتنە.

خودای گەورەش دەفەرمووێت: (وَإِذَا قُرِئَ الْقُرْآنُ فَاسْتَمِعُوا لَهُ وَأَنْصِتُوا لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ) (الأعراف : 204)

واتە : کاتێک کە قورئان دەخوێنرێت زۆر بە وردی و جوانی گوێی بۆ ڕادێرن, سا بەڵکوو ڕەحمتان پێ بکرێت.

بەم شێوە قورئان لە دڵ و دەرووندا دەچەسپێت و بەپشتیوانی خودای گەورە بەر ئەو ڕەحمەتە دەکەوین.

خوێندنەوە

ئەمەش قۆناغی دوای گوێ گرتنە لە قورئانی پیرۆز, کاتێک کە قورئان دەخوێنینەوە پێویستە بە جوانی و دەنگێکی خۆشەوە بێت, ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەوە بێت کە لێی تێ بگەین و کاری پێ بکەین, یۆ ئەوەی دڵ و دەروونمان هەمیشە ئارام بێت, هەر بۆیە تەنها بە یادی خوا دڵ و دەروونی مرۆڤ ئارام دەبێت, هەروەک خودای گەورە دەفەرموێت:(الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) (الرعد : 28), بۆیە پێویستە ڕۆژانە کاتێکی باش تەرخان بکەین بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و تێگەیشتن لێی.

لەبەرکردن

پاش خوێندەوەی قورئانی پیرۆز یەکێک لە مافەکانی قورئان بەسەرمانەوە لەبەرکردنیەتی ئەگەر لە لەبەرکردنی تەنها یەک سورەتیش بێت.

بێ گومان بە زۆر خوێندنەوە و دووبارەکردنەوەی ئایەتە پیرۆزەکان مرۆڤ دەتوانێت قورئانی پیرۆز لەبەربکات, وە لەبەرکردنی قورئانیش چەندەها خێر و گەورەیی هەیە و دەبێتە تکاکاری مرۆڤ لە ڕۆژی دواییدا و بەرزترین پلەکانی بەهەشت بە بۆنەی قورئانەوە بە دەست دەهێنێت.

لێ تێگەیشتن

لەگەڵ لەبەرکردنی قورئاندا زانینی واتاکانی و هۆکاری دابەزینی ئایەت و سورەتەکان زۆر گرنگە, بەم شێوە مرۆڤ دەتوانێت هاوکات لەگەڵ لەبەرکردنی قورئاندا لە واتاکانی بزانێت و لێی ورد ببێتەوە, هەر بۆیە وتراوە لێ تێگەیشتن ڕێگایە بۆ لێ ورد بوونەوە و کار پێکردنی, ئیمامی قورتوبی دەفەرموێت: "باشە چۆن کاری پێدەکات لە کاتێکدا واتاکەی نازانێت؟!".

لێ وردبوونەوە

ئەم خاڵە پێش پڕۆسەی کارپێکردنە بە قورئانی پیرۆز, پاش ئەوەی کە ئێمە گوێمان لە قورئان بوو و خوێندمانەوە و لەبەرمان کرد و لە واتاکانی تێگەیشتین و لێی ورد بووینەوە ئەوە کارپێکردن بە قورئان زۆر ئاسان دەبێت.

پڕۆسەی لێ ورد بوونەوەش یەکێکە لەو ئامانجانەی کە قورئانی پیرۆز لە پێناویدا دابەزیوە, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ وَلِيَتَذَكَّرَ أُولُو الْأَلْبَابِ) (ص : 29)

لێ وردبوونەوە (تەدەبور)ـیش بیرکردنەوەیە لە سەرەنجامی ڕووداوەکان, کە ئەتوانین بڵێین ئەم سێ بەشە لەخۆ دەگرێت:

  • الإسقاط (بەسەرخۆدا هێنان)
  • التفکر (بیر لێکردنەوە)
  • التفاعل (کاردانەوە)

کاتێک ئایەتەکە دەخوێنیتەوە بیری لێ دەکەیتەوە بزانیت لە کوێی ئەو داواکاریانەدایت کە ئایەتە پیرۆزەکە باسی دەکات.

ئیمامی حەسەنی بەسڕی (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) دەفەرمووێت: هەرکەس ویستی بزانێت چ جۆرە کەسێکە, ئەوە با خۆی بە قورئان بکێشێت.

کارپێکردن

کارکردن بە قورئانی پیرۆز ئامانجی سەرەکیە لە هاتنە خوارەوەی قورئانی پیرۆز, کە دەبێتە دەستووری ژیان و بۆ هەموو کایەکانی ژیان پێویستمان پێی دەبێت.

بەم ٦ خاڵەی کە باسکرا کارکردن بە قورئان زۆر ئاسان دەبێت.

١٢٣٤٥٦
الاستماعالتلاوةالحفظالفهمالتدبرالعمل

گوێ لێ گرتن

خوێندنەوەلەبەرکردنتێگەیشتن وردبونەوەکارپێکردنی


سەرچاوەکان



2195 بینین